فلاش فیکشن

خەون

10:43 - 2022-08-23
محەمەد كەریم
599 خوێندراوەتەوە

74

زانكۆ تەواو دەكات، شەوی رووداوە سەیرەكە لە سەربان دەخەوێت، خۆشی نازانێت چەند خەونی ناخۆش دەبینێت، دەمەو بەیانی بە دەم تەپاوتلەوە لە سیسەمەكەی دەكەوێتەوە خوارەوە، لەوێشەوە، وەك ئەوەی باگردێن بێت تل دەدات، تا لە باڵەخانە دوو نهۆمەكەوە دەكەوێتە خوارەوە. ئەگەرچی خەبەری دەبێتەوە، ئەمما لەو چركەساتەدا جگەلە مەرگی خۆی، هیچ شتێكی بە خەیاڵدا نایەت. كەچی بەوپەڕی سەرسوڕمانەوە، هەستدەكات بەرلەوەی بكەوێتە کۆڵان و دوا هەناسە بدات، رێك دەگەڕێتەوە سەر سیسەمەكەی و خەوی لێدەكەوێتەوە.
بەیانی وەكو خەون هەندێ شتی دێتەوە بیر، دەیەوێ تاقیبكاتەوە، لەسەر سیسەمەكەیەوە چەند جارێك خۆی هەڵدەداتە خوارەوە، كەچی یەك و دوو دەگەڕێتەوە سەر سیسمەكەی. بەبێ ئەوەی هیچ شتێك بە كەس بڵێت، قاتە تراكستوتەكەی لەبەر دەكات و قەیتانی كالەكانی توند دەكات. بەبیانووی وەرزشەوە، لە گەڕەك دەچێتە دەرەوە. دەیەوێت لە چەند بینایەكی تەواو نەكراوەوە خۆی هەڵبداتە خوارەوە. بینای دوو نهۆم سێ نهۆم، تەنانەت چوار نهۆمیش تاقیدەكاتەوە. دواجار هەستدەكات لە خەودا بەهرەیەكی تیا دروست بووە. شتێكە لە بابەتی بەهرەی سپایدەرمان.
سێ رۆژ دوای ئەوە، سێ لە هاوڕێ نزیكەكانی بانگ دەكات، داوایان لێدەكات كاتێك ئەو لە بیناكانەوە خۆی هەڵدەداتە خوارەوە ڤیدیۆی بگرن، هەموو ڤیدیۆكان لە فەیسبووكی خۆی بڵاودەكاتەوە. سەدان هەزار لایك و كۆمێنتی بۆ دێت. حەفتەیەك دوای ئەوە كەناڵەكان سەرەی بۆ دەگرن بۆ ئەوەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ بكەن و ڤیدیۆكانی بڵاو بكەنەوە. لێپرسراوی یەكەمی هەموو حزبەكان پێشوازی لێدەكەن و خەڵاتی دەكەن، ستایشی بەهرەكەی دەكەن. ئەو ماوەیە لە خۆشیدا ئارامی لێهەڵدەگیرێت. هەستدەكات تەواو لە خەونەكەی نزیك دەبێتەوە.
لەو رۆژەوە كە هەستدەكات كتومت لە تۆم كروز دەچێت و ئینگلیزییەكەی فولە، دەیەوێت ببێتە ئەستێرەیەكی هۆڵیوود و ملیۆنەها دۆلاری هەبێت. مانگێك دوای ئاشكرابوونی بەهرەكەی، لە تویتێكدا باسی ئەوە دەكات خەونی ئەوەیە بگاتە هۆڵیوود و بەهرەكەی بخاتە خزمەتی سینەماوە. خێرا سەرۆكی حكومەت ئامادەیی خۆی نیشاندەدات كە هەموو ئامادەكارییەكی سەفەرەكەی و خەرجییەكەی بخاتە ئەستۆی خۆی. لە ماوەی دوو حەفتەدا هەموو شتێك ئامادە دەبێت.
دوو رۆژ بەرلەوەی سەفەر بكات، داوەتی هەموو كەناڵەكان دەكات، دەیەوێت لەبەرزترین باڵەخانەی شارەوە خۆی هەڵبداتەوە خوارەوە، تابیكاتە بەڵگەی بەهرەكەی بۆ هۆڵیوود. خۆی هەڵداتە خوارەوە، بەڵام بە داخەوە ...

وتارەکانی نوسەر