زیاتریان دەوێت

10:07 - 2022-08-25
رۆزا دڵشاد مەریوانی
550 خوێندراوەتەوە

کوردوتەنی تێر ئاگای لە برسی نییە، بەڵام لەو وتەیە جوانتر کە زیاتر بۆ رۆژگاری ئەمڕۆ دەگونجێت، ئەوەیە مرۆڤ تا زیاتری هەبێت چاوچنۆکتر دەبێت، کاتێک ئەو وتەیەم بیست بیرمکردەوە لەوەی بۆ دۆخی ئێستامان زۆر گونجاوە، بۆیە هەمیشە چینی هەژار و کەمدەرامەت تەنانەت چینی ناوەڕاستیش دەستودڵیان باشترە و زۆربەی ئەوانەی زۆریان هەیە چاوچنۆکن و دەیانەوێت زیاتریان هەبێت، خانوو و ڤێلای جوانتر و گرانبەهاتر، ئۆتۆمبێلی بەرزتر و گرانتر، بێگومان لە من و تۆ نا، بەڵکو لەو کەسانەی لە چینی خۆیانن، دەگمەنە دەوڵەمەندێک ببینیت بە ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی کە هەمان کاری گرانبەهاکەی بۆ دەکات رازیبێت، چۆن دەبێت؟! نەکا ببێتە گاڵتەجاڕی هاوڕێ و «هاودەوڵەمەندەکانی» وەکو خۆی، بەڵام رەنگە هەمان ئەو دەوڵەمەندە ئامادە نەبێت پارەیەکی باش بداتە سواڵکەرێک، بگرە لەوانەیە لێشی تووڕەبێت و سووکایەتیشی پێبکات، دەپرسن بۆچی؟! من دەڵێم لێی مەگرن تا زیاترت هەبێت چاوچنۆکتر دەبیت.
هەمیشە دنیا بەوشێوەیە بووە، یان «زاڵم دەیخوات یان بێ عار» و دەمێکە لەسەر ئەو بنەمایە کەمێک ئاشتیی دەروونیم بە خۆم داوە بەوەی هیچ ئەگەرێکی خراپتر لە دۆخی ئێستای ژیان تووشی شۆکم نەکات، هەروەها چاوەڕێی باشتر ناکەم و لە هەمووشی گرنگتر خۆم لە مەجلیسی دەوڵەمەندەکان بە دوور دەگرم و ئەگەر بە ناچاری تێیکەوتم تەنیا سەریان بۆ دەلەقێنم.
 چەند ساڵێک لەمەوبەر بە رێکەوت کەوتمە مەجلیسێکی لەو جۆرەوە کاتێک کەوتنە باسی کڕینی جلوبەرگی فڵانە وەرز لە خودی بەریتانیاوە و سەفەری فڵانە وڵات... هتد، تەماشامکرد ئاستی گفتوگۆکان زۆر رووکەشن و باسوخواسی لەو جۆرە دەگۆڕنەوە و منیش تەنیا تەماشام دەکردن، لەوێدا بە خۆمم وت: من چیدەکەم لێرە؟! لەو رۆژەوە بڕیارمدا جارێکی دیکە نەچمە دانیشتنی لەو جۆرەوە و تا بتوانم خۆمی لێ بەدوور دەگرم، نازانم رەنگە دەوڵەمەندیی وا لە مرۆڤ بکات توانای هەستکردنی بە بەرامبەر نەمێنێت، چونکە منی چینی ناوەڕاست خاوەنی هەرچییەک بم، کاتێک دەزانم رەنگە باسکردنی ئەو بابەتە هەستی بەرامبەر بریندار بکات بەوەی من هەمە و ئەو نییەتی، بێدەنگیی لێدەکەم و هەوڵدەدەم ئەو جۆرە گفتوگۆیانە بکەمەوە کە تێیدا یەک دەگرینەوە، بۆیە لە هەڵوێستی لەو جۆرەوە هەمیشە بۆم دووپات دەبێتەوە «تێر ئاگای لە برسی نییە»! نەخێر بگرە تێر لە تێرییدا توانای هەستکردنی بە حەز و ئارەزوو هەروەها ئازاری دەروونی و جەستەیی بەرامبەر نییە و مرۆڤ تا زیاتری هەبێت، چاوچنۆکتر دەبێت و زیاتری دەوێت و زیاتر بێ هەست دەبێت. 

وتارەکانی نوسەر