ئه‌وسه‌ری توونێله‌كه دیار نییه، له‌و كێشه‌و ئاڵۆزییه سیاسییه‌ی ئێستا عیراق پێیدا تێپه‌ڕده‌بێت، كێشه‌كانیش تا دێت روو له‌زیادبوونه له‌ناو گۆڕه‌پانی سیاسیی و شه‌قامی عیراقی به تایبه‌ت له‌ناو ماڵی شیعه (سه‌دریی و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی)، به‌هۆی جیاوازی روئیا سه‌باره‌ت به دوا رۆژی عیراق و شێوازی ئیداره‌دان له‌م وڵاته.
سه‌ره‌تای كێشه‌كان
ناو ماڵی شیعه هه‌ر دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی 10ی ساڵی پار، كێشه‌ی تێكه‌وت، دوای ئه‌وه‌ی دوو به‌ره‌ی تێدا ده‌ركه‌وت، به‌ره‌یه‌ك سه‌درییه‌كان نوێنه‌رایه‌تیان كرد و به‌ره‌یه‌كیش هێزه باڵاكانی تری شیعه بوون كه كوتله‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییان پێكهێنا.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ململانێی و هه‌وڵی هه‌ردوولا بۆ پێكهێنانی كوتله‌ی گه‌وره‌ی ناو په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی وڵات، به‌ڵام سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌كان له‌و رووه‌وه هیچی لێ سه‌وز نه‌بوو، به‌تایبه‌ت هه‌وڵه‌كانی هاوپه‌یمانی سێینه كه سه‌درییه‌كان سه‌رۆكایه‌تیان ده‌كرد و پارتی دیموكرات و كوتله‌ی سیاده‌ی سوننه‌شی له‌خۆگرتبوو، به‌وه‌ش ململانێكان له‌ناو ماڵی شیعه به‌تایبه‌ت رووی له ته‌نگژه‌و قه‌یران كرد، كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق به‌جێهێشت و بنبه‌ستێكی سیاسیی درێژخایه‌ن دروست بوو، كه نزیكه‌ی 11 مانگی خایاندووه تا ئێستا.
ماڵی كورد و رۆڵی نێوه‌ندگیر
ماڵی كوردیش كه له سه‌ره‌تاوه، كێشه و په‌رته‌وازه‌یی تێدا دروستبوو، دوای ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان چووه ناو هاوپه‌یمانی سێینه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌درییه‌كان و سیاده‌دا، یه‌كێتیش به حوكمی نزیكی بۆچوون و روئیاوه، نزیك بوو له هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، ئه‌مه چ جای دروستبوونی ململانێ له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌نێوان هه‌ردوولادا، ئه‌وا بارودۆخی له ماڵی شیعه باشتر نه‌بوو.
هه‌رچه‌ند ململانێكانی ناو ماڵی كورد تا ئاستێكی زۆر خراپ و ترسناك چوو، به‌ڵام دواجار دانوستان و سه‌ردانی له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوولا ده‌ستیپێكرد و بارودۆخه‌كه هێوركرایه‌وه، به‌تایبه‌ت كه چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی ناوخۆیی هه‌رێم و هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی تری گرنگ و په‌یوه‌ست به مافی كورد له‌به‌غدا پێویستی به رێككه‌وتن و یه‌كده‌نگی هه‌ردوولا هه‌بوو.
راسته به ئێستاشه‌وه، مه‌سه‌له‌ی هه‌ره گرنگ له‌ناو ماڵی كورد كه پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌و مافی كورد به‌گشتی و یه‌كێتی به‌تایبه‌تییه، چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌م ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌و هه‌میش چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی تری جێ گرنگی به‌لای یه‌كێتی و پارتییه‌وه له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كورد یه‌ك ده‌نگ بێت له‌به‌غدا هیچ نا له‌به‌ر پاراستنی مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌عیراقی نوێ‌دا، كه هه‌رده‌م مه‌ترسیی له‌سه‌ره، هه‌رچه‌ند زۆرێك له‌و مافانه له‌ناو ده‌ستوریشدا جێگه‌یان كراوه‌ته‌وه.
كێشه‌ی هه‌ره سه‌ره‌كیی كه ئێستا جێی نیگه‌رانی و مه‌ترسیی هه‌موو عیراقییه‌كانه، ئه‌و ململانێ تونده‌ی نێوان سه‌دریی و ئیتاڕییه‌كان كه رۆچۆته سه‌ر شه‌قام و مه‌ترسیی پێكدادان و شه‌ڕێكی ناوخۆی لێده‌كرێـت.
ئه‌وه‌ش وا ده‌خوازێت هه‌م هێزه ناوخۆییه‌كانی عیراق و له هه‌موو نه‌ته‌وه‌و تایفه‌كان و هه‌میش وڵاتانی دراوسێی و خۆرئاوای كاریگه‌ریش له‌عیراق رۆڵی نێوه‌ندگیر بگێڕن، بۆ رێگرتن له‌هه‌ر پێكدادان و شه‌ڕێك له‌نێوان هه‌ردوو قوتبه‌كه‌ی ماڵی شیعه‌دا، كه دواجار مه‌ترسی بۆ سه‌ر هه‌موو عیراق ده‌بێت.
خۆشبه‌ختانیش هێزه كوردییه‌كان به‌تایبه‌ت یه‌كێتی له‌سه‌ره‌تاوه رۆڵی هاوسه‌نگی گێڕاوه له‌كێشه‌كانی ناو ماڵی شیعه‌و به هیچ جۆرێكیش هه‌وڵی ته‌ده‌خولی تێدا نه‌داوه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو هه‌وڵی لێكنزیكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانیشی داوه له‌نێوان هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ی ماڵی شیعه‌دا و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌تایبه‌ت سه‌رۆك بافڵ تاڵه‌بانی له ماڵه‌كه‌ی مام كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هێزه عیراقییه‌كاندا كرد، به‌جیاوازی روئیا‌و بۆچوونه‌كانیانه‌وه.
له ئێستاشدا ماڵی كورد له‌هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناو ماڵی شیعه‌دایه، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی ئه‌وه‌نده‌ی تر به‌ره‌و بنبه‌ست و ئاڵۆزی زیاتر نه‌چێـت.
چاره‌سه‌ر یان ئاڵۆزی زیاتر
له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ نزیككردنه‌وه‌ی بۆچوون و ره‌واندنه‌وه‌ی ئاڵۆزی و كێشه‌كان له نێوان سه‌درییه‌كان و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، به‌ڵام وادیاره، كێشه‌كان و ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا زۆر له‌وه قورس‌تر و گه‌وره‌تره یه‌ك بگرنه‌وه، به‌تایبه‌ت كه سه‌درییه‌كان په‌نایان برده به‌ر شه‌قام و هه‌م چوونه ناو ناوچه‌ی سه‌وز و هه‌میش له‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا جێگیربوون، به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان و ناره‌زایی و خۆپیشاندانی خۆیان برده به‌رده‌م دادگای فیدڕاڵی چوارده‌وریان گرت، كه ئه‌وه‌ش ناره‌زایی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و هه‌روه‌ها ناره‌زایی زۆرێك له هێزه سیاسییه‌كانی عیراق و حكومه‌تیشی لێكه‌وته‌وه.
ئه‌وه‌ی ئێستا جێگه‌ی مه‌ترسییه، بوونی سه‌درییه‌كان و هه‌وادارانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه به‌رامبه‌ر به یه‌ك له‌سه‌ر شه‌قامی به‌غدا، له سایه‌ی لێدوان و هه‌ڵوێستی توندی هه‌ردوولا به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك ئه‌گه‌ری پێكدادان له ئارادایه له‌نێوان هه‌ردوولا، له‌حاڵێكدا ئه‌وه‌ش رووبدات، ئه‌وا كاریگه‌رییه‌كانی نه‌ك له‌سه‌ر به‌غدا به‌ڵكو له‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كانی تری عیراق ده‌بێـت.
خۆپیشاندانەکانی بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران