خەبەرون خەتەرون

10:08 - 2022-08-28
ستران عەبدوڵڵا
429 خوێندراوەتەوە

دەڵێ جارێكیان مەلا نەسرەدین کە تورک و عەجەم خەواجەی پێدەڵێن و عەرەبیش بەناوی جوحا تەعریبیان کردووە، لەناو بازاڕ پڕوپاگەندەیەك بڵاودەکاتەوە گوایە لەو ماڵەی ئەوسەری ئاوایی دەعوەتێکی گەورە سازە و سفرەیەکی گەورەی میوانداری ریزکراوە. جا بەلاش و حەلاش و بێ حیساب و کیتاب خەڵك دەچنە داوەت و سفرەی رازاوە قەرەباڵغە. ھەروا خەڵك و عەوامە فڕکان فڕکانی ماڵی ئەوپەڕی ئاواییەتی بەڵکو بەشی چەوری بەربکەوێت. پڕوپاگەندە وا تیژڕەو دەبێت مەلای خۆشمەشرەب لە تاو سەدا و سەودای قسەی دەڵێ با خۆشم بچم نەکا درۆ نەبێ و بەڕاست ھەڵگەڕێ.
رۆژانە مەلا مەزبورەکانی چەرخی سۆشیال میدیا درۆی قەبە و دەلەسەی بێ بەلەسە بڵاودەکەنەوە کە گڕ لە خەرمانی قەناعەتی لەرزۆکی خۆشیان بەردەدا. دوایی کە درۆ بەراست وەرناگەڕێ لە جێی ئەوەی خەم لە ھەواڵی فەیك و پشت پەردەی فیکوفاکی زانیاری ھەڵە بخۆن دێن گلەیی دەکەن گوایە «راستی» درۆی ئەوان لەگەڵ راستی رووداوەکان یەکی نەگرتۆتەوە.
خۆ ئەگەر چیرۆکە خۆشەکانی خەواجە نەسرەدین پەند و حیکمەتی تێکەڵی گونجی قسەی خۆش کردووە و بۆ ئەمڕۆ تا سەر بۆتە میراتێکی کەلتووری کە چەندین میللەت شەڕی خاوەندارێتی لەسەر دەکەن. بەداخەوە پڵاوی سۆشیال میدیا تەنھا دەرخواردی خاوەنەکانیان نادرێت، بەڵکو میزاجی میللیی پێ ئالودە دەکرێ و ژینگەی گشتی وڵاتی پێ پیس دەبێت.
ھەقە ئەوانەی دەلەسەیان کردۆتە سەرمایەی کار و پیشەی میدیایی گلەیی لەوە نەکەن دەخیلەی سەرمایەکەیان زوو بەتاڵ بێت.
خەبەری درۆی شەو لەبەر ھەتاوی سبەی دەتوێتەوە.

وتارەکانی نوسەر