پیسبوونی ژینگە بە ژاوەژاو

09:23 - 2022-08-29
رۆزا دڵشاد مەریوانی
709 خوێندراوەتەوە

ساڵان پێش تێکچوونی کەشوهەوا لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و هاوین خەڵکی بەگشتی شەوان لە سەربانی ماڵەکانیان دەخەوتن و ئەوەی لە نەوەی پێش دوو هەزارەکان بێت توانیوێتی چێژ لە خەوتنی شەوانی هاوینی سەربان ببینێت، کاتێک بە تەماشاکردنی جوانیی ئاسمان و جریوەی ئەسێرەکانەوە دەخەوتین، زۆرکاتیش هۆکارەکەی بێ کارەبایی نەبوو، بەڵکو چێژمان دەبینی لە خەوتنی کشوماتی سەربان لە شەوانی هاویندا بە تایبەتی ئەو شەوانەی دنیا کپ و بێ رەشەبا بوو، هەندێکجار پێشئەوەی درەنگ بێت بۆ خەوتن بە کزیی گوێمان لە دەنگی رادیۆی درواسێکەمان دەبوو، دەزانن کەی ئەو نەریتە تێکچوو؟ کاتێک مۆلیدەکان و ئۆتۆمبێلەکانی گەڕەک زیادیان کرد و بە دووکەڵیان هەوای پاکی شاریان تێکدا، کاتێک تێکچوو کە ژمارەی دانیشتووان زیادی کرد و خەڵکی کەوتنە فرۆشتنی خانووە گەورە کۆنەکانی خۆیان کە چواردەوریان بە باخ و دارودرەخت و گوڵ و گوڵزار تەنرا بوو، هەمووی بەجارێ کران بە دوو ماڵ و دوو نهۆم و سێ نهۆم، ئیتر خەوی سەربان نەما کاتێک دەنگی بەرزی ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان و دووکەڵەکانیان ئاسمانیان تەنی و ژاوەژاوەکانیان هێمنی شەوانی هاوینیان ناشیرین کرد و بۆنی دوکەڵ و خۆڵ جێی بۆنی گوڵەباخ و پەنجەخانمی گرتەوە، لەو کاتەوە هەموو خزاینە ماڵەکانمان. ئێستا ئەگەر شەوانی هاوین بە هەڵە رێتبکەوێتە حەوشەی ماڵەکەت و بتەوێت کەمێک دابنیشیت و بحەوێیتەوە ئەوە هەر پەشیمانیت بۆ دەمێنێتەوە کاتێک دەنگە دەنگی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکان راتدەچڵەکێنن بەتایبەتی ئەگەر ماڵەکەت لەسەر شەقامی سەرەکی بێت یان لێیەوە نزیک بێت، ئەمانەی وتم هەمووی لەلایەک و ئەوەی ماڵەکەت لە هۆتێل یان رێستۆرانتێکەوە نزیک بێت و شەوانی هاوین لە باخەکەیدا لایڤ میوزیک هەبێت لەلایەکی دیکە، چونکە کاتێک دەچیتە دەرەوە وا هەستدەکەیت گۆرانیبێژەکە لە حەوشەکەی تۆدا گۆرانی دەڵێت و ماڵەکەت بۆتە یانەیەکی شەوانە، تەنانەت ئەگەر هەندێکجار ئەو شوێنە حەماس بیانگرێت و دەنگەکەی زیاتر بەرزبکەنەوە ئەو کاتە لە ژووری خەوتنەکەدا بە جوانی گوێت لێ دەبێت گۆرانیبێژەکە بە نەشازێکی زۆرەوە گۆرانییەکی کازم ساهیر یان هەیسەم یوسف دەڵێتەوە! لێرەدا دەپرسم کاری کێیە سنورێک بۆ ئەو جۆرە بێزارکردن و بەزاندنەی ئازادی کەسیی و تێکدانی حەوانەوەی خەڵک دابنێت؟ دەکرێت وەکو چۆن کوالیتی کۆنتڕۆڵ هەیە بۆ خۆراک کۆنتڕۆڵیش هەبێت بۆ ئەو جۆرە شوێنانەی لە ماڵی خەڵکی و گەڕەکەکانەوە نزیکن     تاوەکو بەوشێوەیە خەڵکی بێزارنەکەن، راستە پیسبوونی ژینگە و زۆربوونی دووکەڵ تازە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە، بەڵام دەنگی بەرز و ژاوەژاو کە جۆرێکە لە جۆرەکانی پیسبوونی ژینگە دەکرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت.

وتارەکانی نوسەر