وادیاره دانیشتنه‌كانی نێوان دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئێستای سوریا، ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی لێ ناكه‌وێته‌وه، هه‌رچه‌ند له‌سه‌ر داوا‌و هه‌وڵی روسیا ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت كه زۆرێك خاڵی ناكۆك له‌نێوان هه‌ردوو وڵات هه‌یه، سه‌باره‌ت به بارودۆخی ناو سوریا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌بێت له حاڵی لێكنزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق، ئه‌وا ئیداره‌ی زاتی كوردی رۆئاڤایه.
كۆبوونه‌وه‌ی لیوا عه‌لی مه‌ملوكی به‌ڕیوه‌به‌ری نووسینكه‌ی ئاسایشی نیشتمانی سوریا و هاكان فیدانی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری توركیا، به‌سه‌رپه‌رشتی مۆسكۆ، ده‌ریخست هێشتا هه‌ردوولا له‌سه‌ر زۆر مه‌سه‌له كۆك نین، بۆ رێه‌وتن، ئه‌وه‌ش رێگر ده‌بێـت له ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات.
هه‌ردوو به‌رپرسی ئه‌منی توركیا و سوریا، له‌و دانیشتنه‌ی دواییاندا له مۆسكۆ، چه‌ندین مه‌رجیان پێشكه‌ش به یه‌كتری كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی دووباره په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان سوریا و توركیا ئاسایی بكرێته‌وه، بۆ نموونه مه‌ملوك لیستێكی پێشكه‌ش به فیدان كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی توركیا جێبه‌جێی بكات، وه‌كو رێزگرتن له‌سه‌روه‌ری خاكی سوریا و دانانی واده‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ی سوپای توركیا له خاكی سوریا، ئه‌مه چ جای راگرتنی پاڵپشتی هه‌ندێك میلیشیای چه‌كداری و كشانه‌وه له ئه‌دلیب و گێڕانه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی باب ئه‌لهه‌وا و كردنه‌وه‌ی رێگه‌ی (ئێم 4 ) كه تا ده‌ریای ناوه‌ڕاست له خۆرئاواوه و تا عیراق له خۆرهه‌ڵاته‌وه درێژه‌ی هه‌یه، له پاڵ چه‌ندین داواكاری تر.
له‌به‌رامبه‌ردا داواكانی ئه‌نقه‌ره خۆی له‌م مه‌رجانه‌دا بینیه‌وه، كاركردنی جددی سوریا دژ به پارتی كرێكارانی كوردستان و هاریكاری ئه‌منی له نێوان هه‌ردوو وڵات به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر سنوره‌كان و دانوستان له‌نێوان حكومه‌تی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی نزیك له توركیا و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره سورییه‌كان و بونیاتنانی ناوچه‌ی پارێزراو له نزیك حه‌له‌ب و چه‌ند شوێنێكی تری باكووری سوریا له‌گه‌ڵ چه‌ند داوایه‌كی تر.
ئه‌وه‌ی له‌م دانیشتن و كۆبوونه‌وانه‌دا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، به نێوه‌ندگیری روسیا، زیاتر دژایه‌تیكردنی كوردانی روژئاڤا و ئیداره‌ی زاتییه له باكووری سوریا، كه توركیا هه‌موو هه‌وڵێكی داوه‌و ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له باری ببات، له‌و پێناوه‌شدا چ به هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی و چ له‌رێگه‌ی میلیشیای چه‌كدارییه‌وه بێت شه‌ڕی ئه‌و به‌شه‌ی سوریای كردووه، كه سه‌قامگیرترین ناوچه‌ی ئه‌و وڵاته بووه له دوای ساڵی 2011ه‌و ده‌ستپێكردنی به‌ناو به‌هاری عه‌ره‌بی و شۆڕشی گه‌لانی سوریا.
ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه دوا كارتی ئه‌نقه‌ره‌یه، به نێوه‌ندگیری روسیا، بۆ خۆنزیككردنه‌وه له حكومه‌تی سوریا، هه‌رچه‌ند گومانی زۆر هه‌یه ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی هه‌بێت، له سایه‌ی بێمتمانه‌یی هه‌ردوولا به یه‌كتر و جددی نه‌بوونیان له هه‌وڵه‌كانی ئاساییبوونه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان، كه زۆرێك له‌مپه‌ڕی گه‌وره گه‌وره‌ی له‌پێشه.