دادگای فیدراڵی و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی (نوێنەران)

10:09 - 2022-09-08
مستەفا محەمەد
470 خوێندراوەتەوە

شەن و  کەو

دوێنێ چوارشەممە دادگای فیدڕاڵی دوا بڕیاری خۆی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عیراق ئاشکرا کرد و ئەو سکاڵایەی بە رەسمی رەتکردەوە  و لە راگەیەندراوێکیدا دادگاکە پاساوی ئەوەی بەوە دایەوە کە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەسەڵاتی ئەودا نییە بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عیراق.

پێشتر چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئاشکرا رایانگەیاندبوو کە ئەوان پابەندی هەر بڕیارێک دەبن لەو دادگا تایبەتمەندەوە دەربچێت، هەرچی لایەنگرانی سەدریشە هێشتا دیارنییە کە ئاخۆ چ کاردانەوەیەکیان لە دوای بڕیارەکەوە دەبێت و دوایین هەڵوێستیان چی دەبێت، هەرچەندە پێدەچێت پێشتر زانیبێتیان کە ئەگەری زۆرە بڕیارەکە لە قازانجیان نەبێت، بەڵام ئومێدیشیان نەبڕیووە و لەوەی ئەگەر هەیە هەمان دادگادا لە بارەی گەڕانەوەی ئەندامەکانیانەوە بۆ ناو پەرلەمان و نایاساییبوونی دەستلەکارکێشانەوەکەیانەوە  بڕیارێک دەربکات، بەو پێیەی لەم بڕیارەی دادگادا هاتووە کە نوێنەران کاتێک سوێندیان خوارد، نوێنەری خۆیان و قەوارە سیاسییەکانیان نین، بەڵکو نوێنەری گەلن.
ئەگەرچی پێشتریش دادگای ناوبراو ئاماژەی  بەوە دابوو کە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی (نوێنەران)یان نییە، بەگوێرەی مادەی «64»ی دەستوور کە ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتی خودی ئەنجومەنی نوێنەراندایە، هەرچەندە پێشتر هەندێک لە شرۆڤەکاران و سیاسەتمەداران پێیانوابوو کە ئەگەری ئەوە هەیە بە تێڕوانین لە دۆخی ناهەمواری ئەمنی و مەترسییەکان لەسەر ئاییندەی حکومڕانی عیراق، دادگای فیدڕاڵی بڕیارێک بدات بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام دادگای ناوبراو پاڵپشت بە دەستوور سکاڵاکەی رەتکردەوە.
ئەم گریمانەیە دەمانگێڕێتەوە ناو رووداوەکانی دەیەی یەکەمی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هاوشێوەی ئەمەی لە عیراق دەگوزەرێت، لەزۆر شوێن و وڵاتی تردا روویداوە، چەندین نموونە هەن کە دادگا دەستوورییەکان هەنگاوی لەو شێوەیان ناوە، بەڵام ئێمە نموونەی هەرە زیندووی دوو دەوڵەتی عەرەبی وەردەگرین؛
 یەکەمیان؛ ئەوەی لە «2012» لە میسر روویدا کاتێک دادگای دەستووریی بە ناڕاستەوخۆ شەرعییەتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی لە رێگەی قبووڵکردنی تانەدان لە یاسای هەڵبژاردنەکان جێبەجێکرد، دادگاکە «ئەنجومەنی گەل»ی هەڵوەشاندەوە و لیژنەیەکی 50 کەسیشی بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور و ئامادەکاریی بۆ راپرسی پێکهێنا، سەرەنجام لە «2014»شدا جارێکی تر هەمواری دەستووری لێکەوتەوە.
  دووەمیش؛ وەک ئەوەی لەهەمان ساڵدا لە شانشینی کوێت روویدا، کاتێک ئەوانیش «دادگای دەستوریی» بە ناڕاستەوخۆ «ئەنجومەنی نەتەوە» ی کوێتیان هەڵوەشاندەوە، پاساوەکەشیان ناشەرعی بوونی هەڵوەشاندەوەی ئەنجومەنی پێشوو بوو، سەرەنجام  جارێکی تر ئەنجومەنی نەتەوەی پێشوو کە لەساڵی «2009»دا هەڵبژێردرابوون، جێگەی ئەنجومەنەکەیان پێ پڕکرایەوە، تا میری کوێت ئەویشی هەڵوەشاندەوە و هەڵبژاردنێکی نوێ کرایەوە.
کەواتە بەشێک لە چاودێران پێیانوابوو ئەگەری هەیە دادگای فیدراڵیی عیراقیش هەنگاوێکی لەوشێوەیە بنێت و «نوێنەران» بە ناڕاستەوخۆ هەڵبوەشێنێتەوە، بە جۆرێک پاساوی ئەوە بداتە دەست کە ئێستا پەرلەمانەکە رواڵەت و مەشروعییەتی دەستووریی خۆی لە دەستداوە و ناتوانێت خۆی لە ناکۆکیی لایەنەکان بە دووربگرێت، بگرە خۆشی بۆتە بەشێک لەو ناکۆکییانە، بەڵام بە وتەی دادگا ئەمە رووی نەدا.
هەروەک چاوەڕوانی ئەوەش دەکرا کە ئەگەر دادگاکە دەسەڵاتی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانیشیان نەبێت؛ دەکرێت لە هەنگاوی دووەمدا و بۆ چارەسەری دۆخی چەقبەستوو پاساو و بەڵگەیەکی قانونی بۆ ناشەرعیبوونی قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی کوتلەی سەدر لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بدۆزێتەوە، بەمەش جارێکی تر کوتلەکە وەک نوێنەر دەست بە کاری پەرلەمانیی  خۆیان بکەنەوە، ئەوسا لە رێگەی جووڵەی پەرلەمانییەوە لۆبی بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.

وتارەکانی نوسەر