دوو رۆمانی ژاپۆنی

11:10 - 2022-09-08
شیرین. ک
696 خوێندراوەتەوە

22

کۆمێنت

  ئه‌مساڵ‌ 2022 به‌دوو رۆمانی ژاپۆنی ده‌ستم به‌خوێندنه‌وه‌ كرد یه‌كه‌میان رۆمانی (دانیشتنێك بۆ قاوه‌ خواردنه‌وه‌) ی (كیگۆ هیگاشینۆ) دووه‌میان رۆمانی (بازنه‌) ی (كوجی سۆزۆكی)، له‌مێژ بوو رۆمانی ژاپۆنیم نه‌خوێندبۆوه‌و ناوی ئه‌و دوو نووسه‌رەشم نه‌بیستبوو دیاره‌ هه‌ردووكیان سه‌ر به‌ نه‌وه‌ی دوای پێشه‌نگه‌كانن وه‌كو كاواباتا، میشیمبا، ئیشۆگۆری..هتد، ساڵی2011 دوایین رۆمانی ژاپۆنیم خوێنده‌وه‌ به‌ناوی (ده‌ریاو ژه‌هر)ی رۆماننووس شۆساكۆ ئه‌ندۆ، بۆیه‌ كه‌ ئه‌و دوو رۆمانه‌م كڕی به‌تاسه‌وه‌ ده‌ستمكرد به‌خوێندنه‌وه‌یان.   
هیگاشینگۆ-ی نووسه‌ری رۆمانی یه‌كه‌میان ساڵی 1958 له‌دایكبووه‌، له‌ژاپۆن زۆر به‌ناوبانگه‌ و ئه‌مه‌ دووه‌م رۆمانێتی ته‌رجه‌مه‌ی عه‌ره‌بی بكرێت، له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش له‌هه‌موو رۆماننووسه‌ ژاپۆنییه‌كانی تر زیاتر خوێنه‌ری هه‌یه‌، رۆمانه‌كه‌ 397 لاپه‌ڕه‌یه‌و له‌جۆری ئه‌كشنه‌و خوێنه‌ر به‌دوای خۆیدا راده‌كێشێت، بۆیه‌ به‌هه‌فته‌یه‌ك كه‌متر خوێندمه‌وه‌و له‌ده‌فته‌ره‌كه‌مدا نووسیوومه‌: (رۆمانێكی پۆلیسی ئەكشنه‌، تیایدا گرێیه‌كی درامی هه‌یه‌ كه‌ خوێنه‌ر راده‌كێشێت تا ده‌گاته‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێیه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌وه‌ پیاوێك به‌ژه‌هری زه‌رنیخ ده‌رمانخوارد ده‌كرێ، سێ ژن ده‌بنه‌ جێی گومان، ژنه‌كه‌ی، عه‌شیقه‌كه‌ی، ئه‌و ژنه‌ش كه‌ له‌رابردوودا په‌یوه‌ندییان هه‌بووه‌.. هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌زانین تاوانبار كێیه‌، به‌ڵام نووسه‌ر به‌و شێوازه‌ی خۆی وا له‌خوێنه‌ر ده‌كات به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌).
سۆزۆكی نووسه‌ری رۆمانی دووه‌میان ساڵی 1957 له‌دایكبووه‌، رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بووه‌ لە بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمانی تۆقێنه‌ر له‌ژاپۆن، به‌هۆی ئه‌م رۆمانه‌یه‌وه‌ به‌ناوبانگ بووه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ دواتر كراوه‌ به‌فیلمێكی سینه‌مایی له‌هۆڵیوود، رۆمانه‌كه‌ 302 لاپه‌ڕه‌یه‌: (رۆمانێكی چێژبه‌خشه‌ ئه‌و فیلمه‌ ئه‌مریكییه‌ی لێوه‌ی وه‌رگیراوه‌ كه‌ دوو به‌شه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ رۆمانه‌كه‌دا، هه‌رچه‌نده‌ رۆمانه‌كه‌ له‌جۆری ترس و تۆقێنه‌ره‌ به‌ڵام ده‌قێك نییه‌ له‌بابه‌تی ترس له‌پێناوی ترسداو  بۆ تۆقاندنی خوێنه‌ر به‌ڵكو ده‌قێكی قووڵه‌و ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌و ترس وهه‌ڕه‌شه‌یه‌ی كه‌ ده‌كرێ له‌هه‌ر سات و ساڵێكدا مرۆڤایه‌تی پێ له‌ناو ببرێت له‌ئه‌نجامی خۆپه‌رستی وچاوچنۆكی و گێلی مرۆڤه‌وه‌).  

وتارەکانی نوسەر