شەن و کەو

رێکەوتنی شیعە - کورد کرانەوەی گرێ کوێرەکە

11:54 - 2022-09-22
مستەفا محەمەد
408 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، تاکە بەربژێرەکەیان «محەمەد شەیاع سودانی» پەیوەندی بە قەوار و کوتلە جیاوازەکانەوە کردووە تا کارنامە حکومییەکەی روون بکاتەوە، کۆبوونەوەکەی نێو کافتریای پەرلەمان و دانیشتنی کە گەرەکیانە بەهەر نرخێک بێ دەرگای پەرلەمان بکرێتەوە و ئەو مەسەلەیە یەکلابکرێتەوە . 
ئامادەکارییە ئەمنییەکان بۆ بەهێزکردنی ناوچەی سەوز و بڵاوەپێکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکان، هەروەها توندکردنی دەروازەکان و جێگیرکردنی دەرگای پۆڵایین لەو پێگانەی بە رووی ناوچەی سەوزدا کراوەن، ئاماژەی روون دیارن کە حکومەت دەیەوێ لەئەگەری گرێدانی دانیشتنەکانی پەرلەماندا، رێگر بێت لە هاتنە ناوەوەی خۆپیشاندەران بۆ ئەو ناوچانە کە پێدەچێت لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دەست پێ بکەنەوە.
لەو نێوەشدا پێدەچێت کۆبوونەوەی پەرلەمان بە ئاراستەی گرێدان بڕوا، چونکە ئەگەر بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەش بکرێت، هەر دەبێت لە رێی پەرلەمانەوە ئەو هەنگاوە هەڵبگیرێ، سەرنجی بازنەی هەماهەنگیش شاراوە نییە کە دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەران کۆببێتەوە و ئەگەر بۆ ساڵێک یا زیاتریش بێت، کابینەیەکی نوێ جێگەی حکومەتی کاربەڕێکەر بگرێتەوە.
 بەشداری کوردیش لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق یەکلایی بوبێتەوە و هەموو ئومێدی چوارچێوەکەش پێکهاتنی «یەکێتی و پارتییە» لەسەر کاندیدێکی هاوبەشی کوردستانی بۆ پۆستی سەرکۆمار، دوایین کۆبوونەوەی سەرۆکی هەردوو حزبیش بە موبادەرەی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەدیهاتن و یەکخستنی هەڵوێستی سیاسی کوردستانییە کە لەتەوقیتێکی ئاوادا  دەکرێت ئومێدێکی گەورەی چارەسەری ئەم دۆخە بێت. 
کەواتە وەک چۆن کردنەوەی گرێکوێرەکە لەنێو ماڵی شیعەدا هەر لە شیعەوە بۆ شیعەیە، بەهەمان پێودانگیش پێکهاتنی «کوردیی - کوردیی» بەشێکی سەرەکی رێکەوتنی سیاسی و چارەسەری دەستووریی پێکهاتنی کابینەی نۆیی عیراقە.

وتارەکانی نوسەر