ئەمریکا و تالیبان و مەترسییەکانی داهاتوو

12:01 - 2022-09-22
‎‎سۆزان حەمە تاتە
406 خوێندراوەتەوە

‎دوای رێکەوتنی دەوحەی نێوان ئەمریکا و بزووتنەوەی تالیبان و گەڕانەوەی ئەو بزووتنەوەیە بۆ حکومڕانی، تارماییەکی چڕ باڵای بەسەر ئەفغانستاندا کێشاوە، ئازادییەکان بەتەواوی زەوتکراون، بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و ساڵۆن و کافتریاکان وردە وردە دادەخرێن و زۆریشیان داخراون، مافی ژنان بە تەواوی زەوتکراوە و رێگەی چالاکی و کارکردنیان لێدەگیرێ، هەموو ئەمانە واتە گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تاریکپەرست کە مرۆڤ تێیدا بەهای نامێنێت.
‎لە پەراوێزی هەموو ئەو گەڕانەوانەدا بۆ دواوە و دواکەوتوویی، کەچی ئەمریکا رێکەوتنی ئاشکرا لەگەڵ بزووتنەوەی تالیبان دەکات و گەورە تیرۆریستەکانیان ئازاد دەکات، ئەمەش راستییەکەی دەرفەتێکی دیکەیە بۆ بەهێزبوونی بزووتنەوەی تالیبان و پێدانی شەرعیەت بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و وردە وردەش تارمایی مەترسییەکان چڕتر دەبنەوە.
 ‎رۆژی دووشەممە بەشەر نورزای، کە بە یەكێک لە نزیکەکانی دامەزرێنەری بزووتنەوەی تالیبان دادەنرێت و لە ساڵی 2005 وە لە ئەمریکا زیندانییە، لە رێکەوتنێکدا بەرامبەر ئازادکردنی مارك فریریتشز ئەندازیاری ئەمەریکی ئازادکرا.
‎نورزای بەهۆی قاچاخچێتی بە مادەی هۆشبەرەوە بە بەهای 50 ملیۆن دۆلار دەستگیرکرا، دواتریش سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بۆ دەرکرا و هیچ هیوایەکی بۆ ئازادبوون نەمابوو.
‎ئەو رێکەوتنە، پەیوەندی راستەوخۆی بە پرسی شەرعییەتەوە هەیە، شەرعییەت بە داماڵینی بەرگی تیرۆریستێک و کردنی بە ئازادیخواز، گۆڕینی ژیانی لە زیندانەوە بۆ کۆشک، لە زیندانییەوە بۆ بەرپرس، بۆ ئەوەش ئیتر رەنگە لە داهاتوو تیرۆریستیک ببێتە سەرۆکی شاندی دیپلۆماسی، ئەمە زیاتر مەترسییەکەی لەوەدایە ببیتە مۆدێلێکی سیاسی و وڵاتانی دیکەیش پەیڕەوی بکەن و وردە وردە ئەو هەزاران تیرۆریستەی دیکەش لە زیندانن ئازاد بکرێن و ببنە مەترسی لەسەر ئازادی و سەقامگیریی سیاسیی جیهان.
‎بزووتنەوەی تالیبان نموونەیەکی ترسناکی حکومڕانییە، لەگەڵ رێکخراوی ئەلقاعیدە و داعش و هەموو وردە رێکخراوەکانی دیكەش هاوفکر و هاوپێوەند و هاوستراتیژن، یەک بنەمای فیکری ئاراستەیان دەکات و یەک خەونی گەورەیان هەیە، ئەویش کوشتنی ئازادی و جوانییەکانی ژیان و تاریککردنی کۆمەڵگەیە، بەهێزبوونی هەر رێکخراوێکی تیرۆریستی کاریگەریی نەرێنی لەسەر سیاسەت و دیموکراسی و ئازادییەکان هەیە،  پێکهینانی دەوڵەتی توندوتیژ مەترسیی بنەڕەتییە لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگە و ئازادییەکان.

وتارەکانی نوسەر