لە پەنجەرەی پەروەردەوە

لە نێوان زیرەکی و داهێناندا

10:00 - 2022-09-27
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
961 خوێندراوەتەوە

زیرەکی و داهێنان دوو جۆر لە بیرکردنەوەن، جیاوازن لە یەکتر، چەمکی زیرەکی واتا توانای گەڕان بە دوای یەک چارەسەری دروست بۆ یەک کێشە لە یەک کاتدا، بەڵام داهێنان مەودایەکی فراوانتر و هەمەلایەنتری هەیە و دەکرێت چەند ئاراستە و رێگایەکی جۆربەجۆر و جیاواز لە بیرکردنەوە بەرهەمبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک، دەکرێت چەند چارەسەرێک ئەگەری  کاریگەری هەبێت و بەکاربهێنرێت، بۆ نموونە دەربڕین دەکرێت کەسی داهێنەر بۆ بیرکردنەوە لە چارەسەری گرفتێک پەنا بۆ نووسینی چیرۆکێک،کێشانی تابلۆیەک یان تاقیکردنەوەیەکی زانستی ببات، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بە-Divergent Thinking- واتا هەمەجۆر بیرکردنەوە یان بیرکردنەوەی جۆربەجۆر ناودەبرێت، داهێنان واتە مرۆڤی داهێنەر هەمان شت دەبینێت وەک مرۆڤەکانی تر، بەڵام بە بیرکردنەوەیەکی جیاواز، هەرچی چەمکی(زیرەکی)یشە زیاتر خۆی لەو زیرەکییانەدا دەبینێتەوە کە خوێندکار لە تاقیکردنەوە دیارەکانی زیرەکی و زیاتر لەو چالاکییە هزریانەی خوێندکاران لە قوتابخانەدا دەیکەن، جا چ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژمێریاری بێت یان بیرهێنانەوەی زانیاری بێت، یان بۆ نموونە بەکارهێنانی کەتەلۆگی کتێبخانە بێت بۆ گەڕان بۆ دۆزینەوەی کتێبێکی دیاریکراو، ئەم جۆرە لەبیرکردنەوە پێی دەوترێت-ConvergentThinking- بیرکردنەوەی یەک ئاڕاستە، یاخود نزیک لەیەک، چونکە کەسەکە ناتوانێت بە رێگەی جیاواز بێجگە لەوەی دەیزانێت بیربکاتەوە لە چارەسەری ئەو گرفتەی دێتە رێگەی.
له‌ لێکۆڵینه‌وه‌یەکدا دەربارەی جیاوازی منداڵی داهێنەر لەگەڵ منداڵانی دیکە، منداڵان به‌پێی پله‌ی داهێنه‌ریی و زیره‌کییان به‌سه‌ر چوار به‌شدا دابه‌ش کراون،(توانای داهێنەری بەرز- زیرەکی بەرز، داهێنەری بەرز - زیرەکی نزم،  کەمی داهێنان - زیرەکی بەرز،  کەمی داهێنان - کەمی زیرەکی) بە پشت بەستن بە چاودێریکردنی ئەم گروپانە لە منداڵان بۆ ماوەی دوو هەفتە لە قوتابخانەدا، جیاوازی تایبەتمەندییان بەمجۆرە خرانەڕوو
*داهێنانی بەرز - زیرەکی بەرز: ئەم منداڵانە ناتوانن کۆنترۆڵی ئازادی خۆیان بکەن بێ کارلێکی دەرەکی، چونکە پاڵنەرێکی زۆریان هەیە بۆ جوڵەو رەفتارو بیرکردنەوە.
*داهێنانی بەرز - زیرەکی نزم: ئەم منداڵانە لە دۆخێکی ململانێی توڕەییدان لەگەڵ خۆیان و ژینگەی قوتابخانە و هەست بە بێبەهایی و ناتەواوی دەکەن. بەڵام ئەگەر ژینگەیەکی بێ سترێسیان هەبێت، دەتوانن لەڕووی مەعریفیەوە گەشە بکەن.
*کەمی داهێنان - زیرەکی بەرز: ئەم منداڵانە ئارەزووی بەهێزیان هەیە بۆ گەیشتن بە قوتابخانە، لەدیدی ئەمانەوە شکستی ئەکادیمی کارەساتێکی راستەقینەیە، بەم پێیە هەمیشە لە هەوڵی باشتربوونی ئەنجامی بەدەستهاتووی ئەکادیمین لە قوتابخانەدا بۆئەوەی خۆیان لەو ئازارە دەروونییە بەدوور بگرن کە شکست لەم بوارەدا بەسەریاندا دەهێنێت.
*کەمی داهێنان - کەمی زیرەکی: ئەم گروپەی منداڵان دووچاری گرفتی دەروونی دەبن بۆ خۆگونجاندن و بەشداری لە کارامەیی و چالاکییەکاندا، زۆر جار دۆخی بەرگریکردن وەردەگرن بۆ خۆپارێزی لە کەوتنە نێو دۆخە نەگونجاوەکان لەگەڵ تواناکانیاندا.
لە نێوان داهێنان و زیرەکیدا بەهرەمەندەکان هەن، منداڵانی بەهرەمەند جیاوازن لە منداڵانی تر، چونکە توانای مەعریفییان قووڵتر گەشە دەکات، وشەی بەهرەمەند بۆ منداڵێک دەگونجێت لە یەکێک یان هەردوو بوارەکانی (داهێنان و زیرەکی) ئاستی بەرز و سەرکەوتوو بێت.

وتارەکانی نوسەر