رکابەرەکان، سەدرییەکان بە تەنیا جێدێڵن؟

10:07 - 2022-09-27
وتار
350 خوێندراوەتەوە

ماکوان رەشید

بڕیاردرا بە راگەیاندنی هاوپەیمانییەکی نوێ لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بەبەشداری هەردوو لایەنی سەرەکی کوردی و سوننەکان بەمەش 183 دەنگیان دەبێت لە پەرلەمان و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان، وەک دەڵێن پێش کۆتایی ئەم مانگە دەبێت، ئەویش بەو ئەگەرەی بتوانن لەگەڵ موقتەدا سەدر بگەنە چارەسەرێک، چونکە دەزانن بێ چرای سەوزی ئەو هیچ هەنگاوێک سەرکەوتوو نابێت.
بەرژەوەندییە حزبییەکان، رۆڵی گرنگییان هەیە لە پێکهێنانی حکومەتی عیراق و زاڵبووە بەسەر کەشی گفتوگۆکاندا، لەگەڵیشیدا بەستراوەتەوە بە هاوکێشە ئیقلیمییەکانەوە و رادەی جێبوونەوەی مەرجەکانی ئەوان، هەر ئەوەش وایکردووە کە تا ئێستا نەگەنە ئەنجام.
رەنگە زۆرێک لە هێزە سەرەکییە پێکهێنەرەکانی حکومەت لە شیعەکان، لەسەر ئاستی دۆستایەتی و هاوپشتی و هەڵوێست دەربڕین کار نەکەن، ئامادە بن لەگەڵ سوننەکاندا کە تادوێنێ بوو لەگەڵ سەدرییەکانی نەیاری چوارچێوەی هەماهەنگی دۆست بوون، بە رووی خواستەکانی کورددا بوەستنەوە لەدوای پێکهێنانی حکومەت، چونکە ئەوان هەڵوێستی نەتەوەیی یەکیان دەخاتەوە لە دەرەوەی مەزهەب.
کوردیش وەک یەکێتی و پارتی کە دەچنە ناو ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیەوە، یەكێکیان دۆستی پێشتری چوارچێوەی هەماهەنگییە کە یەکێتییە و هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی نزیکبووە، پارتیش بە پێچەوانەی ئەمان لەگەڵ سەدرییەکان نزیک بوون و هاوپەیمانێتییان بەست، ئەمە وایکرد کە یەکێتی و پارتیش لەو دوو هاوپەیمانێتییەدا زیاتر بکەونە ململانێکردنی یەکتر.
ئێستا خانەخوێ لە هاوپەیمانێتییە نوێیەکەدا چوارچێوەی هەماهەنگییە و بەشدارەکانیش جگە لە یەکێتی کە پێشتر لەگەڵیان بوون، پارتی و سوننەن.
خانەخوێش تەماشای قورسایی بەشدارەکانی لە رێگەی ژمارەی کورسییەکانیانەوە دەکات( چونکە رەوشتی سیاسیی لە عیراق نەماوە و وەک پێوەر  کاری پێناکرێت) بۆیە هەموو ئەگەرێک لە ئارادایە بۆ هەڵگەڕانەوەی دۆخەکە و تێکچوونی هاوپەیمانێتییەکان.
دەبێت یەکێتی کارێکی وایکردبێت کە خواستە حزبی و نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی مسۆگەر کردبێت لەم هەموو کۆبوونەوە و هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ لایەن شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کردویەتی، ناکرێت لایەنی تر بێت و کەناری بخات بە زۆریی ژمارەی کورسییەکانی، ئەگەر لە حاڵەتێکدا کە یەکێتی و پارتی رێکەوتنی پێشوەختیان نەکردبێت و لەسەر بابەتەکانی ناوماڵی کورد و چۆنێتی مامەڵە فیدراڵییەکان رێنەکەوتبن، ئەگەر ئەمە کرابێت ئەوا قسەیەکمان نییە و دەکرێت بە یەکهەڵوێستییان فراکسیۆنە کوردییەکانی دیکەش بکەنە هاودەنگی خۆیان و لەبەرژەوەندی کورد و هەرێم هەنگاو بنێن.
بە ئەگەری سیاسیی و رووداوەکان دەبێت بڵێین: وریابن نەکو لە بەغداش پێش دەستپێکی یارییەکە،  مسۆگەری برانەوەی پێشوەخت کرابێت. 

چوارچێوەی هەماهەنگی، دەبنە خانەخوێی کورد و سوننەکان

وتارەکانی نوسەر