ژینگە و پڕۆگرامی خوێندن

09:55 - 2022-10-19
سلێمان جەرجیس
887 خوێندراوەتەوە

پەروەردەی ژینگەیی بۆتە پێویستییەكی سەردەمیانە و رۆژگار بۆ ئەوەی كار بۆ ئێستا و داهاتووی ژینگە بكەین دەبێ ژینگە وەكو وانەیەكی سەربەخۆ هەبێت نەك وەكو لقێك یان بەشێك لە وانەیەكی دیكە، لەم سەردەمەدا خزمەتی ژینگە بە واتای گرتنەبەری ئەو رێگایانە دێت كە كاریگەرییان لەسەر ژیانمان دەبێت و دەبێتە كلیلی گۆڕانكاری هۆشیاری ژینگە سەبارەت بە پرس و كێشەكان پاشان پەروەردە، خۆشبەختانە دوای هەندێك هەوڵدانی زۆری خەمخۆرانی ژینگە بۆ وانەوتنەوەی (ژینگە) وەك وانەیەكی جیاواز لە قوتابخانەكاندا وەزارەتی پەروەردە وەكو لایەنێكی دڵسۆزی ژینگە هەندێك وانەی پرسی ژینگەی جێكردۆتەوە، بەڵام لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و زیادەڕۆییەكان بۆ سەر ژینگە ئێستا روون بۆتەوە ئەم پلانەش توانای جێبەجێكردنی مەبەستی پەروەردەی ژینگەیی نییە، بۆیە پێویستە بكرێتە وانەیەكی سەربەخۆ بەتایبەتیش ئێستا دەرچووی بەشی ژینگەییمان هەیە بەداخەوە زۆرجار دوور لە پسپۆڕی و بڕوانامەیان كاری جیاوازتر دەكەن. بەهۆی ئەوەی پرسە ژینگەییەكان ئاڵۆزن و كاریگەرییان لەسەر لایەنە جیاوازەكانی ژیانمان هەیە، بەشێك لە هەموو پرسە ئابوورییەكان و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و یاساییەكان و مێژوو و جوگرافیا و كۆمەڵناسی و زانست و هونەر و وەرزش و زۆر شتی تر پێكدەهێنن، بۆیە گرنگە بەشێك بن لەهەر وانەیەكی تر و هەروەها ژینگە خۆیشی وانەی تایبەت بێ و بخوێنرێ بۆ ئەوەی بابەتی ژینگەیی بە قووڵی فێر بكرێن، پێویستە مامۆستا ئاشنا بێت بە زانستی ژینگە و خولی راهێنانیان بۆ بكرێتەوە بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان بۆ تێكەڵكردنی بابەتی ژینگە لەناو بەرنامەكانی وانەوتنەوە. دەبێ ئەوەش بزانین پەروەردەی ژینگەیی جیاوازە لە پەروەردەی تەقلیدی لەبەرئەوەی ئامانجی كۆتایی بریتییە لە بەشداریكردنی كاریگەر لە پرسێكی گرنگ بە تەندروستی و هەموو بوارێكی ژیان، بۆیە دەبێ مامۆستا و فێرخوازیش بزانێ پەروەردەی ژینگەیی جیاوازە نەك تەنها گواستنەوەی زانیاری و خوێندن بێ وەكو وانەیەك، بەڵكو پێویستە بە كرداریش كاری لەسەر بكرێ و ببێتە هۆی گۆڕانكاری لە رەفتار و كرداری تاك ئینجا كۆمەڵگەش.

* سەرپەرشتیاری ژینگەیی

وتارەکانی نوسەر