ئەمساڵی خوێندن بكەینە ساڵی گرنگیدان بە ژینگە

10:22 - 2022-09-18
سلێمان جەرجیس
680 خوێندراوەتەوە

گومانی تێدا نییە ناوەندەكانی خوێندن باشترین و گونجاوترین و لەبارترین شوێنن بۆ بونیادنانی تاكێكی ژینگەدۆست، بۆیە جێگەی خۆیەتی وەزارەتی پەروەردە بە پلان و بەرنامەی تۆكمەوە لەمساڵی خوێندن بێتە مەیدان و جیاواز لە ساڵانی دیکە لەم بوارەدا پڕۆژەی جیاوازی هەبێت و ئەمانەی خوارەوەش بەشێكن لەو پێشنیازانەی دەتوانرێ سوودی لێ وەربگیرێت: 
*سێ رۆژی یەكەمی ساڵی نوێی خوێندن وەكو لە ساڵنامە تایبەت كراوە بە رێنمایی گشتی بابەتی هۆشیاری ژینگەیی و پاككردنەوەی گشتی قوتابخانە و شۆردنی  تانكی ئاو بێت.
*دانانی پلانی ساڵانەی تایبەت بە هۆشیاری و پاراستنی ژینگەی قوتابخانە بە هاوكاری مامۆستایانی بەها كۆمەڵایەتییەكان و زانست و هاوكاری تەواوی مامۆستایان.
*لەلایەن لیژنەی ژینگەو پاكوخاوێنی دیاریكرنی گروپی ژینگە پارێزان بکرێت و رۆژانە لە پۆلەكاندا بگۆڕێ بەهاوكاری رابەری پۆل و خەڵات كردنی پاكترین پۆل لە هەر هەفتەیەكدا.
*هەڵسەنگاندنی ساڵ هەبێت بۆ ریزبەندی كردنی ناوەندەكانی خوێندن و خەڵاتكردنی پێنج یەكەم. 
*هەفتەیی ژینگەیی قوتابخانە كە دەكرێ هەر پەروەردەیەك رۆژێكی تایبەت بە سنووری خۆی دیاری بكات و لەو ماوەیەدا سیمیناری هۆشیاری و سازدانی فێستیڤاڵی ژینگەیی (پێشانگەی تایبەتی ریسایكلین و شانۆ و هۆنراوە و گۆرانی ژینگەیی) و سازدانی سیمیناری تایبەت بە هۆشیاری ژینگەیی و هەڵمەتی پاكردنەوە بکرێت لەگەڵ گرنگیدان بە بوارە جیاوازەكانی پاراستنی ژینگە وەكو سامانی ئاو خراپی مادەی پلاستیكی و پیس بوونی هەوا...هتد.
*گرنگیدانی تەواو بە16/4 رۆژی ژینگەی كوردستان و ئەو رۆژانەی لە سنووری پەروەردەكان دیاریكراوە بۆ خزمەتی ژینگەی شارەكان.
سەر جەم ئەو چالاكییانەی لەسەرەوە باسكراوە بەسەرپەرشتی سەرپەرشتیاری چالاكی ژینگەیی سازبكرێت (كەخۆشبەختانە بەسوپاسەوە ئەمساڵ بە فەرمانی وەزارەتی پەروەردە سەرپەرشتیارانی ژینگە دەست بەكارن لە پەروەردەكان)  زۆر پێویسە بۆ سەرجەم چالاكییەكان هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی فەرمانگەی ژینگە و شارەوانی و تەندروستی و دارستان و گەشتوگوزار و رێكخراوە ژینگەییە چالاكەكان بکرێت. 
سەرپەرشتیاری ژینگەیی*

وتارەکانی نوسەر