جیهان بۆتە جەنگەڵستان

بەهێزەكان كەوتوونەتە گیانی لاوازەكان

09:36 - 2022-10-20
نەوزادی موهەندیس
491 خوێندراوەتەوە

هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە رۆژی 24/2/2022دا دەستیپێكرد و 7 مانگ زیاترە بەردەوامە. 
بەگوێرەی وتەی بەشێک لە شارەزایانی روسیا، حکومەتی مۆسکۆ توانیوێتی ئامانجە سەرەكییەكانی خۆی بەدەستبێنێت، لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو چوار هەرێمەی کە لە سەرەتای جەنگەکەوە پوتین بە بەشێک لە خاکی مێژوویی روسیا ناوی بردن لەسەر سنووری باشووری خۆرئاوای خۆی، ئەوەش دوای هەشت ساڵ لە لکاندنەوەی دوورگەی  كریمیابە خاکی روسیاوە.
ئەم ناوچانە لە رووی ئابووری و سیاسی و ئەمنی و پیشەسازی و خۆراكییەوە بۆ ئۆکرانیا زۆر گرنگن، چونكە سەرچاوەیەکی گرنگی خۆراك و دانەوێڵە و پیشەسازیی و بە كانزاكردنن بۆ ناوخۆ و بۆ جیهانیش.
هێشتا جەنگەکە بەردەوامە و رەنگە بەردەوامیش بێت تا ئەوکاتەی روسیا تەواوی كۆماری دۆنتسیكی میللی دەگەڕێنێتەوە سەر خاكەکەی.
روسیا بەم داگیركردنە توانیویەتی 21 %ی رووبەری خاكەكەی زیادبكات بە زیادكردنی 21 %ی ژمارەی دانیشتوان و پیشەسازی و خۆراكیشەوە. لەگەڵ زیادبوونی كێشەکان و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو هەرێمانەش كە مەزەندە دەکرێن بۆ هەریەكێكیان بڕی 35 ملیار دۆلاری بوێت.

روسیا لە رۆژانی 23-27/9/2022 راپرسییەكی لەو 4 هەرێمەدا کرد بۆ گێڕانەوەیان بۆسەر خاكی روسیا: ئەنجامەكان بەم شێوەیە بوون:
دۆنتسیك 99.2 % بە بەڵێ‌
لۆگانسیك  98.4 %  بە بەڵێ‌
خێرسون 87,5 %  بە بەلێ‌
زابارۆژیا  93.1 %  بە بەڵێ‌
بەم شێوەیە زۆرینەی رەها دەنگیان بە گەڕانەوە بۆ سەر خاكی روسیا داوە.
هەندێک سەرچاوەی خۆرئاوا دەڵێن ئەم راپرسییە لەژێر سایەی روسیادا بووە و زۆرینەی دانیشتوانەكانی ئەو ناوچانە کە دژی روسیا بوون چوونەتە دەرەوەی ناوچەكە. هەربۆیە بەلای زۆرینەی وڵاتانی جیهانەوە راپرسییەکە بە ناشەرعی لە قەڵەم دەدرێت.
ئۆکرانیا 21 % خاك و خەڵك و ئابووریی لەدەستداوە کە زۆر گرنگ بوون بۆ ئۆکرانیا لە رووی ئابوورییەوە.

لەبەرامبەردا روسیا:
1- گێڕانەوەی خاكە مێژووییەكانی خۆی كە لەساڵی 1991وە دوای رووخاندنی یەكێتی سۆڤیەت لەدەستیدابوون.
2- ئەم ناوچانە زۆرینەی خەڵكەكەی روسن.
3- هەشت ملیۆن كەس ژمارەی دانیشتوانی روسیا زیاددەكات، كە 21 % دانیشتوانی ئۆکرانیان.
4- رووبەری روسیا بە رێژەی 0.6 % زیادە دەكات كە دەكاتە 108840 كم2. كۆی رووبەری ئەو چوار هەرێمە یەكسانە بە رووبەری رۆمانیا.
روسیا لە 30/9/2022دا بە رەسمی ئەنجامی راپرسییەكەی پەسەندكرد و هەر چوار هەرێمەكەی بە واژۆكردنی پۆتین لەگەڵ سەرۆكەکانی چوار هەرێمەكەدا بە رەسمی گەڕاندەوە سەر خاكی روسیا.
رۆژێک دوای پەسەندکردنەکەی پوتین، ئەمریكا و ئەلبانیا پڕۆژە بڕیارێكیان پێشكەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد بۆ رەتكردنەوەی راپرسییەکە و ئەنجامەکانی، بەڵام تەنها 10 وڵات بە بەڵێ‌ دەنگیاندا و هەریەکە لە چین و هیندستان و بەرازیل و گابۆن  دەنگیان نەدا و روسیاش خۆی مافی ڤیتۆی بەكارهێنا، بەمەش پڕۆژە بڕیارەكە رەتكرایەوە.
بەم شێوەیە روسیا تائێستا لەسەر زەمین و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەركەوتووبووە لەبەرامبەر هەموو هەوڵە سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازییەكانی ئۆکرانیا و ئەمریكا و ئەوروپا و ناتۆدا.

ئەگەر  ئەمریكا و ناتۆ چارەسەرێک بۆ دۆخی ئۆکرانیا نەدۆزنەوە، ئەوا ئەم هەنگاوانەی روسیا دەبنە  دیفاكتۆ و تاسەریش بەردەوام دەبن

زۆرێک لە چاودێران پێیانوایە کە پێناچێت روسیا تاسەر بتوانێت خۆڕابگرێت، رەنگە جەنگەكە تا كۆتایی ساڵی 2022 بەردەوام بێت.
ئەگەر ئەمریكا و ناتۆ لە ماوەیەكی نزیكدا بەتوندی وەڵامی روسیا نەدەنەوە، ئەوا ئەم هەنگاوانەی روسیا دەبنە هەنگاوی دیفاكتۆ و تاسەر بەردەوام دەبن. لەكاتێكدا ئەمریكا لە سایەی سەرۆكێكی سەربە دیموكراتەكانەوە بەڕێوەدەبرێت، چاوەڕوانی هەڵوێستی توند ناكرێت، وەك ئەوەی لەگەڵ عیراقدا كرا لەپای داگیركردنی كوێت لە سەردەمی جۆرج بوشی باوك و كۆمارییەكاندا.
لە كۆتاییشدا تەنها ئۆکرانیا و گەل و خاكەكەی دەبنە پێخۆری بەرژەوەندیی زلهێزەكان و تا قۆناغ و سەردەمێكی تری گۆڕاوی جیهان، كە ئێستا دۆخێک لەئارادایە بەهێزەكان لاوازەکان قوتدەدەن و هیچ مانایەك بۆ سەروەریی وڵاتان و مافەكانی مرۆڤ و مەسەلەی ئازادی و دیموكراسی نەماوەتەوە ئەگەر واش بەردەوام بێت، ئەوا ئۆکرانیا بە بێهێزی و داگیركراوی دەمێنێتەوە.

ئەگەر روسیا کریمیا لەدەست بدات، ئەگەری شەڕی جیهانی دێتەکایەوە

وتارەکانی نوسەر