قوربانییەكی ناوداری توندوتیژیی خێزانی

09:10 - 2022-10-25
تانیا كورد میرزا
2496 خوێندراوەتەوە

شیرین عەبدولوەهاب خۆی و دەنگە خۆشەكەی، خۆی و خوێنە شیرینەكەی‌ قوربانییەكیتری توندوتیژی خێزانییە بە جۆرە جیاجیاكانییەوە، بەس خۆی وەك قوربانی دەردەكەوێت، بەڵام هەر خۆشی نییە.شیرین نوێنەری ئەوانەیتریشە كە وەك ئەم نابنە دەنگ، نوێنەری ئەوانەشە كە دەبنە دەنگ و ئەمەش هیچ لە ژیانیان ناگۆڕێت. لە پاش ئاشكراكردنی كێشە خێزانییەكانییەوە و راگەیاندنی جیابوونەوەی لە هاوسەری پێشووی شیرین بە چەند بۆچوون و قسەیەكی دژ بەیەكەوە لە ماوەیەكی كەمدا دەركەوت. جارێك بە گریانەوە باسی لەو توندوتیژییانە كرد كە هاوسەری پێشووی بەرامبەری كردووە و بێشەرم گوتی (لێی داوم، حوسام پارەی منی بۆ كەیف و سەفای خۆی بەكارهێناوە و هەڕەشەی لێكردووم.) هێندەی نەبرد بە دەنگێكی پڕ لە ترسەوە لەم قسانەی پەشیمان بووەوە و رێكەوتنەوەی‌ خۆی لەگەڵ هاوسەریدا راگەیاند. هێندەشی بەسەردا تێنەپەڕی شیرین بە سەری تاشراو و دڵی شكاوەوە دەركەوت. گۆرانی گوت، گریا و سەمای كرد. لەو كاتەوە شیرین بووەتە باسێكی گەرمی وڵاتانی عەرەبی و زانا و نەزان لەسەری دەڵێن و بە راست و چەپدا دەیكوتن. جارێك بە ژنێكی شێت و بێ سەرە و بەرە ناوی دەبەن، جارێكیتر دایكایەتی دەخەنە ژێر پرسیارەوە و جارێكیتریش بە لاواز و ساویلكە لە قەڵەمی دەدەن. بەڵێ لەناو ئەم دەنگانەشدا دەنگی پشتیوانی و هاوسۆزی دەبیسترێت كە مایەی خۆشحاڵین. 
وێڕای ناودارییەکەی، ژنە  
شیرین هیچكام لەوانەی سەرەوە نییە، نە شێتە، نە لاواز و كەسێكی خراپ و دایكێكی بێ قابیلییەتە. نەخێر شیرین بەتەنیا قوربانییەكی درێژخایەنی توندوتیژی خێزانییە بەسەرجەم جۆرەكانییەوە. قوربانیەكی ناودارە! شیرین وێڕای ناوداری و دەنگە خۆشەكەی، ژنە، ژنێكی ناوداری دەوڵەمەند. ئەو دایكە،‌ دایكی دوو كچ لە مێردی یەكەمی و لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا قوربانییە. هەموو ئەو دۆخانەی هەیەتی لە ژن بوونییەوە بیگرە هەتا ناوداربوونی و دایك بوونی دۆخەكەی ئەوی گرانتر كردووە. شیرین بە تەنیا قوربانی توندوتیژی دەستی مێرد نییە بگرە هی ماڵی باوك، برا و كۆمەڵگەشە. ئێستا بە زۆری براكەی لە نەخۆشخانەی دەروونی توندكراوە و وەك خۆی رایگەیاندووە براكەی بە زۆر لەوێ توندی كردووە و لێشی داوە. وێڕای قوربانی بوونی هۆكارەكانی وەك بوونی پارە، دایكایەتی دوو كچ و بەرژەوەندی ناو دنیای گۆرانیشی هاتووەتە سەر. هەریەكە و لەلایەكەوە بارە نالەبارەكەی شیرین دەقۆزێتەوە و كێشە دەروونییەكانی خۆی پێ خاڵی دەكاتەوە. لەم دۆخانەدا خەڵكی لەسەر پرنسیپی (باشترین بەرگری پەلامارە) كاردەكەن و هەریەك دەیەوێت ئیدیال بوونی خۆی لە رێگەی پەلاماردانی ئەم قوربانییەوە دەربخات و بسەلمێنێت. شیرین نەیشاردۆتەوە هاوكاری پێویستە و پزیشكی تایبەت بە چارەسەری دەروونی و ئالوودەبوونی هەیە. (حوسام تووشی حەب خواردنی كردم، پزیشكم هەیە) ئەمەی بەئاشكرا گوت و باسی لەوە كرد، لە ئاكامی ئەو فشارە دەروونی و جەستەییانەوە بۆی دروست كردووە پەنای بردوەتە بەر خواردنی حەبی هێوركەرەوە. وەك هەمیشە كۆمەڵگە پەلاماری قوربانییەكەیدا و بە ئالوودە و لاواز ناوی برد، بەڵام باسی توندوتیژیكارەكەیان نەكرد. نەیانپرسی بۆچی تووشی حەب خواردن بوو؟ سەركۆنەی پیاوەكەیان نەكرد لێی داوە، پارەی ئەوی خواردووە و لە خستنەوەی منداڵی بێبەشی كردووە. كەسمان نەبینی كەمپەین بكات بۆ وازهێنان لە هاوڕێیەتی هاوسەری پێشووی شیرین چونكە توندوتیژیكارە! بەڵام پەیتا پەیتا سوپایەك لە خەڵك دەبینین سەركۆنەی قوربانییەكە دەكەن. بە كەیسبوونی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر شیرین كراوە كارێكی باشە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە گەرەنتی چارەسەركردنی قوربانییەكە دەكات. ئەوەیان كات، یاسا، دەسەڵاتی جێبەجێكردن وهەبوونی ژمارەیەكی باش لە دۆست و توانای قوربانییەكەش بۆ دووبارە هەستانەوە بڕیاری لێ دەدەن.
 لەم كەیسەدا ئەمجۆرانەی توندوتیژی هەن:
توندوتیژی جەستەیی (لێدان و پەلاماردان)، توندوتیژی سێكسی (بێبەشكردنی شیرین لە منداڵ و گومانكردن لە ژنبوون و سەرنجڕاكێشی ئەو)، توندوتیژی دەروونی (پشتگوێخستن، چاودێریكردن، هەڕەشەلێكردنی و ترساندنی بە جیابوونەوە)، توندوتیژی ئابووری (بەكارهێنانی پارەی ئەو لەلایەن مێردەكەیەوە بۆ مەبەستی تایبەت). قسە و هەڵسوكەوتی ئەو خەڵكانەشی  دژ بە شیرینن جگە لەوەی دەیانەوێت عەیبە دەروونی و كەسایەتییەكانی خۆیان بەمە داپۆشن دەچنە خانەی جۆرە جیاجیاكانی توندوتیژیەوە، هەر لە توندوتیژی دەروونیەوە بیگرە هەتا توندوتیژی سێكسی. نموونەی شیرین بۆ هەزاران كەیسیتریش لێرە و لەوێ راستە، هەروەها نموونەی ئەو كەسە توندوتیژیكارە دەم كراوانەشەی كە راست و چەپ قسە فڕێ دەدەن.
چۆن مامەڵە لەگەڵ كەسانێكدا بكەین كە توندوتیژیمان بەرامبەر دەكەن و چی لەگەڵ ئەوانەدا بكەین كە دێنە ناوەوە و دەبنە تەواوكەر و درێژكراوەی ئەو توندوتیژییەی كە توندوتیژیكارەكە دەستی داوەتێ؟
دەبێت پەنا ببرێتە بەر دادگا و پۆلیس ئاگادار بكرێتەوە، لە میسر بیت یاخود كوردستان هەر ئەم رێگەیەت هەیە. بەڵێ متمانە بە دادگا و پۆلیس گرنگە، بەڵام وێڕای ئەمەش هەر دەبێت ئەم هەنگاوە بنێیت لەبەر ئەوەنا كە،‌ شتێك بۆ خەڵك بسەلمێنیت، لەبەر خۆت. قوربانی دەبێت بەهاوكاری كەسانی دەوروبەری یەكەم شت كە بۆ خۆی دەكات بە رێگەی یاسایی بەرگری لەخۆی بكات و داوای پاراستن بكات.
نە جێگەی شەرمە نە خەتای تۆیە
تۆ قوربانی دەستی توندوتیژیت، ئەمەش نە جێگەی شەرمە نە خەتای تۆیە. تۆ لاواز نیت، نەخۆش نیت، بەتەنیا نیت و نابێت خۆت بشاریتەوە. دەكرێت لە ئاكامی توندوتیژیدا تووشی گرفتی دەروونی ببیت و بترسیت و سڵ لە خەڵكی بكەیتەوە ئەمە تاوان و خەتای تۆ نییە. توندوتیژیكارەكە تاوانبارە و دەبێت دەستی بۆ درێژ بكرێت و ببرێتە بەردەم دادگا نەوەك تۆی قوربانی. تۆ نابێت و پێویست ناكات‌ داوای لێبووردن لەكەس بكەیت، توندوتیژیكارەكە بە داوای لێبووردن بەرامبەر تۆ قەرزارە. ئەو خەڵكانەی كە خۆیان هەڵدەقورتێنن و دەبنە تەواوكەری تاوانی توندوتیژیكارەكە دەبێت داوای لێبووردن بكەن. مەترسە ناویان بەرە، شكاتیان لێبكە و كەسوكاریان لە كردەكانیان ئاگادار بكەرەوە. توندوتیژی لەژێر هیچ ناوێكدا رێگە پێدراو نییە و ئاسایی نییە. بێدەنگی تۆی قوربانی هەرگیز مانای بەڕێزی تۆ نییە. بواردان بەهاتنە ناوەوەی خەڵكی كە پشتیوانی توندوتیژیكارەكە دەكەن لە قوربانییەوە دەتگۆڕێت دەتكات‌ بە تەواوكەری تاوانی توندوتیژی.
*ماستەر لە یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و راهێنەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و منداڵان.

وتارەکانی نوسەر