ماسته‌ر له یاسا، پسپۆڕی زانستی تاوانناسی و ده‌ستور و راهێنه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و منداڵان.
باشترین ده‌رچوون له هه‌موو قۆناغه‌كانی خوێندندا ده‌رنه‌چوونه، هیچ نه‌بێت بۆ جارێك. ئه‌و ته‌له‌بانه‌ی ناكه‌ون دواتر له وانه‌یه‌كی قورستردا كه‌وتنێك یانیش زیاتر قه‌رزدار ده‌بن و ده‌بێت قه‌رزه‌كه‌یان به كه‌وتن بده‌نه‌وه كه ره‌نگه نه‌توانن هه‌ستنه‌وه. كۆمه‌ڵگایه‌ك كه به‌ته‌نیا چاوی له‌سه‌ر نمره‌ی به‌رزی ته‌له‌به‌كانیه‌تی له‌سه‌ر كارت، كۆمه‌ڵگایه‌ك كه ته‌نیا ده‌رەجه به‌رزه‌كان به سه‌ركه‌وتوو زیره‌ك داده‌نێت خۆی كۆمه‌ڵگایه‌كی كه‌وتووه و ته‌مه‌ڵیشه.
کاری سەرەکی هەموان
كاری سه‌ره‌كی دایك، باوك، مامۆستا و په‌روه‌رده‌كاران ده‌بێت پشتیوانی ئه‌و ته‌له‌بانه‌بێت ئاستی تێگه‌یشتنیان له‌وانه‌ی تر هێواشتره و كاتی زیاتریان بۆ تێگه‌یشتن پێویسته نه‌وه‌ك به ته‌نیا مه‌تحی ده‌رەجه به‌رزه‌كان بكه‌ن. ده‌رەجه‌ی به‌رز له‌خۆیدا مانای زیره‌كی كه‌سه‌كه نییه، به ته‌نیا مانای ئه‌وه‌یه كه‌سه‌كه له وانه‌كانیدا نمره‌ی به‌رزی هێناوه، به‌ڵام ئه‌مه زیره‌كی نییه به‌مانا جه‌وهه‌رییه‌كه‌ی. ره‌نگه ده‌ره‌جه به‌رزه‌كان بتوانن بڕوانامه له به‌شه جیاجیاكاندا به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵام به ته‌نیا به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه نایانكاته پسپۆڕ له‌و بواره‌دا چ جای بگات به‌وه‌ی به شاره‌زا و زیره‌ك ناوببرێن، به‌ڵگه؟ سه‌یری دۆخی قانونی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان بكه له خراپترین دۆخدایه له‌كاتێكدا هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی قانون زۆر زۆرن! بڕوانه دۆخی ته‌ندروستی خه‌ڵك و ئاستی نه‌شته‌رگه‌ری و زانیاری پزیشكه‌كان له نه‌خۆشییه جۆراوجۆره‌كاندا له هه‌موو وڵاتانی دراوسێی عیراق له‌دواتره، مه‌گه‌ر هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی پزیشكیمان نییه؟ بێگومان هه‌یه، به‌ڵام به ته‌نیا ته‌واوكردنی به‌شی پزیشكی نه‌یكردوونه‌ته زیره‌ك و پسپۆڕ له‌و بواره‌دا. سه‌رجه‌م بواره‌كانی تریش هه‌روه‌ها له په‌روه‌رده‌وه بیگره هه‌تا بیناسازی و كشتوكاڵ.
دڵدانەوەی کەوتووەکان
ده‌بوو له‌بری خۆبادان به ده‌ره‌جه‌ی به‌رزی ته‌له‌به‌كانه‌وه كۆمه‌ڵگا له خه‌می ئه‌وانه‌دا بێت كه ئه‌م خوله نه‌یانتوانیوه بچنه قۆناغێكی تر و دڵنه‌واییان بدەنه‌وه. ده‌بوو قسه و كار له‌سه‌ر ئه‌و ته‌له‌بانه بكرێت له‌به‌ر كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی و توندوتیژیكارانه‌ی ئێوه له‌كاتی وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارته‌كه‌یاندا خۆیان هه‌ڵواسی و حه‌بیان خوارد و كۆتاییان به خه‌ونه‌كانیان هێنا. ده‌بێت كۆمه‌ڵگا فێرببێت منداڵه كه‌وتووه‌كانی له‌كاتی وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارتدا بباته ده‌ره‌وه، داوه‌تی خواردنی به‌له‌زه‌تیان بكات، دیاری‌یان بۆ بكڕێت و پێیان بڵێت: (باشترین سه‌ركه‌وتن كه‌وتنه‌كه‌ی تۆیه. باشترین ده‌رچوون ئه‌م ده‌رنه‌چوونه‌یه، چونكه تۆ لێره‌وه فێری هه‌ستانه‌وه ده‌بیت. لێره‌وه ئه‌و رێگه‌یه ده‌دۆزیته‌وه كه به‌كه‌ڵكی خۆت دێت و خۆتی تێدا ده‌دۆزیته‌وه.
نمرەکان مانای رۆشنبیری نین
نمره‌كان مانای رۆشنبیری تۆ نین، زۆرن ئه‌وانه‌ی له زانكۆ به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكادا خوێندویانه‌و بوونه‌ته گه‌وره تیرۆرست و كۆتاییان به‌ژیانی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی خۆیان هێناوه. تۆ نزمترین نمره‌ت هه‌بێت له ماتماتیكدا كاریگه‌ری نه‌رێنی نییه له‌سه‌ر كاراكته‌ری تۆ و مانای ته‌مه‌ڵی، نه‌زانی و نا رۆشنبیری و ناهۆشیاری تۆ نییه، وه‌ك چۆن به‌رزترین نمره‌ش له ماتماتیكدا ناتكاته كه‌سێكی هۆشیار، ناتوندوتیژ و به‌ئاگا. كه‌وتن خۆی كێشه نییه بگره دیاریه‌كی گه‌وره‌یه سه‌ركه‌وتنی داهاتومان گه‌ره‌نتی ده‌كات، كێشه‌كه ئه‌وانه‌ن ئه‌مه قبوڵ ناكه‌ن و به ته‌مه‌ڵی ناوی ده‌به‌ن. بكه‌وه، هه‌سته‌ره‌وه، بكه‌وه هه‌مدیسان هه‌سته‌ره‌وه، جارێكی‌تریش بكه‌وه‌وه له هه‌موو دۆخه‌كاندا من پشتیوانیت ده‌كه‌م و باوه‌ڕم به زیره‌كی، توانا و هۆشیاری تۆ هه‌یه. تۆ كه‌سێكی سوودبه‌خشی، نمره‌ی ماتماتیك و فیزیا پێوه‌ری ئه‌مه نین. هه‌ڵسوكه‌وتی مرۆڤانه‌ت، قبووڵكردنی جیاوازییه‌كان، مامه‌ڵه‌ی خاڵی له توندوتیژی، خۆ هه‌ڵنه‌قورتان له ژیانی تایبه‌تی خه‌ڵك و باوه‌ڕبوون به هه‌ستانه‌وه‌ی دوای كه‌وتن پێوه‌ری سه‌ركه‌وتنی تۆن و كاراكته‌ری تۆیان له‌سه‌ر بنیاتنراوه نه‌وه‌ك نمره‌ی وانه‌كانت).
دۆخی تایبەتی کەوتووەکان
ئه‌وه‌ی له وانه‌كانیدا كه‌وتووه له‌خۆیه‌وه نه‌كه‌وتووه، كه‌وتووه چونكه تۆ پشتیوانی نه‌بوویت، چونكه ماڵه‌كه‌ت ئاژاوه‌ی تێدایه، چونكه كه‌موكورتیت هه‌بووه به‌رامبه‌ر پێویستییه‌كانی، چونكه جیاوازیت كردووه له‌گه‌ڵ خوشك و براكانیدا، چونكه به منداڵی خه‌ڵكت به‌راورد كردووه. له وانه‌كانیدا كه‌وتووه، چونكه سیستمی په‌روه‌رده‌كه كۆن بووه، چونكه كه‌س له بڕوانامه‌داره‌كان بۆی نه‌بووه‌ته نموونه‌ی باڵا و ئاره‌زوو بكات ئه‌میش بڕوانامه‌ی هه‌بێت. هه‌ندێكیان كه‌وتوون له وانه‌كاندا، چونكه له‌به‌ر دڵی تۆ به‌شه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه، چونكه سیستمه‌كه به‌شی زانستی به زیره‌ك و وێژه‌یی به ته‌مه‌ڵ ناوده‌بات. كه‌وتووه چونكه ئه‌و حه‌زی له هونه‌ره به‌س تۆ به‌زۆر ناردووتەته به‌شی زانستی و ده‌شته‌وێت ببێته (دكتۆر)! له وانه‌كانیدا كه‌وتووه، چونكه پێویستی به قوتابخانه‌ی تایبه‌ت هه‌یه و ناتوانێت له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا به یه‌كجار له وانه‌كانی تێبگات، ئه‌مه ته‌مه‌ڵی نییه بگره دۆخێكی تایبه‌ته.
نەخێری کەوتووەکان
ئه‌و منداڵانه‌ی ئه‌مڕۆ له وانه‌كانیاندا كه‌وتوون گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێناوه، چونكه ده‌ڵێن نه‌خێر. نه‌خێر بۆ به‌زۆر هه‌ڵبژاردنی به‌شه‌كان، نه‌خێر بۆ سیستمی په‌روه‌رده، نه‌خێر بۆ جیاكاری و فشه‌فشی كۆمه‌ڵگە و هه‌ڵنانی ده‌رجه به‌رزه‌كان. نه‌خێر بۆ كۆمه‌ڵگەیه‌ك به ته‌له‌به‌ی قۆناغی یه‌كه‌می پزیشكی بڵێت (دكتۆر) و هه‌مووشمان ناچار بكات به‌وه‌ی به (دكتۆر) بانگی بكه‌ین. نه‌خێر بۆ كۆمه‌ڵگەیه‌ك پێی وابێت كه‌سێكی ئیسلامیستی توندوتیژیكاری دژه ژن باش و زیره‌ك و سه‌ركه‌وتووه ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی له ماتماتیك و كیمیادا ده‌ره‌جه‌ی به‌رزی هێناوه.سه‌ركه‌وتووه‌كانتان ده‌بێت به فلته‌ری رێزگرتن له مافی مرۆڤ، قبووڵكردنی جیاوازییه‌كان، باوه‌ڕبوون به ئازادی، ناتوندوتیژی و رێزگرتن له یاسادا ببرێن ئه‌گه‌ر له‌و فلته‌ره‌دا ده‌رچوون ئه‌وه به‌ڵێ كه‌سانی باش و به كه‌ڵكن، ئه‌گه‌رنا نه‌وه‌ك هه‌ر سه‌ركه‌وتوونین بگره كه‌وتوون زۆریش دواكه‌وتوون. ئه‌وانه‌شی ئه‌مڕۆ له وانه‌كاندا كه‌وتوون، به‌ڵام له وانه‌ی مرۆڤ‌بوون‌دا یه‌كه‌من كه‌سانی سه‌ركه‌وتوون، جا ماتماتیك ده‌یان هه‌بێت له سه‌د یانیش سه‌د له سه‌د هیچ گرنگ نییه. كه‌سانی سه‌ركه‌وتوو له ژیاندا، كه‌سانی به ئه‌زموون و هۆشیار خۆیان به ده‌ره‌جه‌ی كه‌سه‌وه هه‌ڵناواسن، خۆیان به كه‌سه‌وه باناده‌ن و كه‌سیش هه‌ڵنانێن، به‌ڵام واجبیانه سه‌ركه‌وتنی راسته‌قینه پێناسه بكه‌ن و پشتیوانی سه‌ركه‌وتووه‌كان بكه‌ن به كۆمه‌ڵگە بڵێن: ئه‌وه‌ی تۆ به‌لاته‌وه كه‌وتووه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه، كه‌وتووه‌كه ئه‌و نییه له‌ڕاستیدا تۆیت. تۆ له په‌روه‌رده‌ی منداڵدا شكستت هێناوه، به‌س ئه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به نمره نزمه‌كانی سه‌ر كارته‌كه‌ی وتی من ناڕازیم، كه‌واته ئه‌و ده‌رچووه به‌س تۆ كه‌وتویت.
سەرچاوە:
taniakurd.blogspot.com
هۆڵێکی تاقیکردنەوەی خوێندکاران