ئه‌م وشه و ده‌سته‌واژانه سه‌ریان له ره‌یسیزمه‌وه ده‌رده‌چێت و له‌و وڵاتانه‌ی كه به یاسا ره‌یسیزم له قاڵبدراوه به‌كارهێنانیان قه‌ده‌غه‌یه و به‌كارهێنه‌ره‌كه جگه له سزای یاسایی رووبه‌ڕووی سه‌ركۆنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌بێته‌وه. به‌داخه‌وه له كوردستان نه‌وه‌ك كه‌سه‌كه سزانادرێت و له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه سه‌ركۆنه ناكرێت بگره به كوردایه‌تی و شۆڕشیشی ده‌فرۆشێته‌وه.
هه‌ندێك له‌وانه:
"كوردی ره‌سه‌ن." "شانازی به كوردبوونی خۆمه‌وه ده‌كه‌م." "به شانازییه‌وه باوكم كورده." "هه‌موو ئه‌وانه‌ی له چێشتخانه و چاخانه و كارگه‌كانی كوردستاندا كارده‌كه‌ن ده‌بێت به كوردی قسه بكه‌ن و ناچارن." "پیرۆزترین خاك خاكی كوردستانه." "جوانترین ئاڵا ئاڵای كوردستانه." "كەلتوری كورد باڵاتره له ه‌ی عه‌ره‌ب. " ئه‌مانه‌و زۆرێكیتریش ره‌یسیزمن و هه‌ندێكیشیان پێشێلكردنی یاساكانی عیراقن.
كورد ره‌سه‌ن و ناڕه‌سه‌نی نییه، هه‌مووی كورده. وشه‌ی ره‌سه‌ن به‌ته‌نیا ره‌یسیزمیش نییه، ئیدیۆمێكی پیاوسالارانه‌شه.
كوردبوون شتێكه كه‌س هه‌ڵینه‌بژاردووه، فڵانی كورده چونكه دایك و باوكی یان یه‌كێكیان كوردن، تۆش هه‌روه‌ها. نه بۆی خوێندوویه‌تی، نه هه‌وڵی بۆداوه. كوردبوون وه‌ك ره‌گه‌ز، وه‌ك زمان، وه‌ك ره‌نگی پێست وه‌ك ئاین نه جێگه‌ی شانازییه نه شه‌رم. شتێكه وه‌ك عه‌ره‌ب بوونی عه‌ره‌بێك و تورك بوونی توركێك.
باوك هه‌ر باوكه ئه‌وه‌ی وا له منداڵێك ده‌كات شانازی به باوكییه‌وه بكات نه‌ته‌وه‌كه‌ی نییه بگره ره‌وشتی به‌رز و مرۆڤانه‌ی باوكه‌كه‌یه.
خاكی هه‌ر شوێنێك بۆ خه‌ڵكی ئه‌و شوێنه شیرینه و ره‌نگه‌ش بۆ هه‌ندێكی پیرۆزبێت، پێویست ناكات ئه‌و (ترین)ه‌ی پێوه بكه‌یت چونكه وانییه.
ئاڵای هه‌موو وڵات و هه‌رێمێك بۆ دانیشتوانه‌كه‌ی جوان و خۆشه‌ویسته لێره‌شدا (ترین)ه‌كه زیاده‌یه و ره‌یسیزمه.
كەلتوری كورد هیچ باڵاتر نییه له ه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێی، دیاره نزمتریش نییه. له‌یه‌كچوونێكی زۆر هه‌یه له‌نێوان كەلتوری دراوسێكاندا به‌هه‌ندێك كه‌مه جیاوازیه‌وه.
بۆ زمانیش قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت كه نامه‌وێت لێره باسیان بكه‌م به‌س هه‌موو كه‌سێك كه له كوردستان له شوێنی گشتی (باڕ، رێستورانت، ئۆتێل، كارگه‌ی ئه‌هلی) كارده‌كات ئازاده به كوردی یان عه‌ره‌بی یان هه‌ردووكیان قسه بكات و ناچاركردنی كه‌سێكی سه‌ماوه‌یی له كوردستان كه له رێستورانتێك كارده‌كات به‌وه‌ی به كوردی قسه بكات، ره‌یسیزمه.