مام جەلال و شایەتیدان لە دادگاییکردنی سەدامدا

09:56 - 2022-10-26
سالار مەحمود
445 خوێندراوەتەوە

بۆ زانینی هەڵوێستی سەرۆک  مام جەلال کۆماری عیراق، لەبارەی دادگاییکردنی سەرۆکی لەناوچوو سەدام،  رۆژنامەی شەرقولئەوسەت و کەناڵی ئەلعەرەبییە. لە دەستپێکی دادگاییەکەدا بە جیا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ مام جەلال کرد. 
لەبارەی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەش  بۆچوونی خۆی خستە روو.  
بابەتی دادگاییکردنەکەی بەستۆتەوە بە گۆڕانی حوکمڕانی لە عیراق و کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری. 
لەو پرسیارەدا کە لێی کرا، رژێمی سەدام لە ئەنفالدا ئێوەی بە ئامانج گرتووە، وەک شایەتحاڵ بەشداریی دەکەیت لە دانیشتنەکانی دادگادا؟

سەرنجی هەموانی بۆلای خۆی راکێشا
 لە وەڵامدا سەرنجی دادگا و رای گشتی و یاساناسانی بۆلای خۆی راکێشا وتی: کاتێک دادگا بانگم بکات ئامادە دەبم، ئەم دەستەواژەیە، دادگا بانگم بکات، لە مەغزادا چەندین خوێندنەوەی نوێ لە ژیانی سیاسی، بەتایبەتی پێگەی سەرۆک کۆماری عیراق هەڵدەگرت بۆ ئەو ساتەوەختە، چونکە ئەمە یەکەمجار بوو سەرۆکێک لەماوەی زیاتر لە 35 ساڵی رابردووی ئەم وڵاتەدا بە ئاڕاستەیەک قسە بکات کە دەرخەری ئەوە بێ هیچ بەرپرس و دەسەڵاتدارێک چیتر لە عیراقی دوای بەعس و دیکتاتۆرییەتدا لە سەرووی دادگا و یاساوە نابێت. 
سەروەریی یاسا پارێزراو بێت و هەموان لەبەردەم یاسادا یەکسان بن. لە نزیکترین کاردانەوەدا بۆ ئەم دەستەواژەیەی بەکاری هێنا. جەعفەر موسەوی سەرۆکی دەستەی داواکاری گشتی دادگاکە رایگەیاند: مانای ئەوەیە عیراق خێری بەسەردا باریوە، کە مام جەلال بەم دەربڕینە رێز لە دادگا و یاسا دەگرێت. 
ئەمە با ببێتە بنەما بۆ هەموان. هەروەها وتی: یەکەم کەسیش کەئەمەی خستە چوارچێوەی دەستەواژە راستەقینەکەیەوە، مام جەلال بوو. 
بۆ سەرۆک کۆمارێک کە هەموو تەمەنی لە خزمەت ئازادی و  بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکاندا بەخەرج دابێت. بە سەختترین رێگای خەباتدا لە شاخ و شیاوترین شێوازی سیاسی و  دیپلۆماسی بۆ دژایەتیکردنی دیکتاتۆریی گرتبێتە بەر، دەبێ بەو جۆرە هەڵوێست بنوێنێ.

مام جەلال سەرۆکێکی دادپەروەری هەموو عیراقییەکان بوو

مام جەلال دەیتوانی ببێتە شایەتحاڵ
مام جەلال مافپەروەر بووە و لە رێگەی هەڵبژاردنێکی ئازادی گەلانی عیراقەوە بووە بە سەرۆک.
مام جەلال، ئەگەر وەکو شایەتحاڵیش بەشداریی دادگاییکردنەکەی بکردایە ئاسایی دەبوو، چونکە خۆی کەسێکە رێبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی شاڵاوی ئەنفالی کردووە و لە نزیکەوە لەگەڵ ئازارەکانی خەڵکدا ژیاوە و هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر. وەک کەسێکی ئاسایی زەرەرمەند بووە و ماڵیشی وەک هەزاران خەڵک و شایەتحاڵەکانی تر رووخێنراوە. 
کاتێک حوکمی لە سێدارەدان بۆ سەدام دەرچوو لەسەر دۆسێی دوجەیل، بەپێی حوکمە بەرکارەکانی یاسا لە عیراقدا دەبێت سەرۆک کۆمار واژۆی ئەو حوکمە بکات. 
مام جەلال، واژۆی بڕیارەکە ناکات. دیارە لەبەر دوو ھۆکار خۆی لە شوێنی جیاجیادا ئاماژەی پێکردوە.
یەکەم:  لە سەردەمی پێش رووخانی رژێمی سەدام، مام جەلال وەک پارێزەر ئیمزای لەسەر لائیحەیەکی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا هەڵبوەشێتەوە. لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت جەخت لەو خاڵە دەكاتەوە.
دووەم: وەک جێگری سەرۆکی رێکخراوی سۆشیالیست ئینتەرناسیۆنال، وەک چەتر و رێکخراوی سەرجەم پارتە سۆسیال دیموکراتەکانی جیهان گونجاو نەبوو. وەک خۆشی دەڵێ لەبەرئەوەی من سۆشیالیستم تەحەفوز دەکەم و ئەو ئیشە بۆ دوو جێگرەکەم بەجێدەهێڵم.

بەراوردی دوو هەڵوێست
کاتێک مام جەلال بەو هەڵوێستەوە، بیروبۆچوونە راستەقینەکانی خۆی لەسەر پڕۆسەی دادگایی سەدام و سەرانی تری رژێمەکە دەردەبڕێت، دەبێتە جێگای مشتومڕی هەمەلایەنە لە دونیای عەرەب و رای گشتی عیراق بە تایبەتی. 
میدیاکان ئەو هەڵوێستە کۆنەی سەدامیان تازە کردەوە و باس دەکردەوە لەبارەی مام جەلال-ەوە کە بڕیاری لێبوردنی بۆ هەموو کەسانی دژ بە رژێمەکە و ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی و عیراقی دەردەکرد. لە خواری بڕیاری عەفوەکەدا دەنووسرا ئەم لێبوردنە بە تەنها جەلال تاڵەبانی ناگرێتەوە. واتە تەنیا کەسێک دەرفەتی ژیان و مانەوەی نەدرابێتێ لە عیراقدا لەلایەن سەدام و رژێمی بەعسەوە مام جەلال بوو.
ئەوەش دەرخەری ئەوەبووە رژێمەکەی سەدام لەیەکەم هاتنە سەر دەسەڵات لە کودەتای سەربازی دوانەی  (بەکر - سەدام) لە 17ی تەمموز1968ەوە، مام جەلال-ی بە  مەترسی گەورە لەسەر دەسەڵاتەکەی زانیوە. توانا و رێبەرایەتیکردنی ئەویان بۆ وەرچەرخان لە عیراق لایان شتێکی دیراسەکراو و چاوەڕوانکراو بووە. 
وەک شایەتحاڵێکی ناو رووداوەکانی ئەنفال و هەم وەک سکاڵاکارێک لەسەر ئەو ستەمانەی دەرهەق بەخودی خۆی و  گەل و نەتەوەکەی کرا، بە بۆچوونی من ئاسایی بوو مام جەلال بچێتە بەردەم دادگا ، بەڵام نەچوو.

مام جەلال دەستێوەردانی لە دادگاییەکەدا نەکرد !
لە شوێنێکی تردا مام جەلال لەبارەی دادگایی سەدام و رۆڵی دادگاییەکە پرسیاری لێ کرا، لە وەڵامدا وتی: من وەک سەرۆک کۆمار هەرچۆن و بەهەر بارێکدا قسە بکەم لەوانەیە کاریگەریی لەسەر رەوشی دادگاکە و بابەتی سەربەخۆیی دادگاکە دابنێ. بەڵام دادگاییکردنی ئاشکرای سەدام  یەکێکە لە ئاماژەکانی گۆڕانکاری.
لە سەردەمی خەباتی شاخیشدا کاتێک دادگای شۆڕش سزای لەسێدارەدانی دەرکردبێت، مام جەلال وەک رابەری شۆڕشی نوێ هەمان بۆچوونی هەبووە.
ئەو ساتەوەختەی حوکمی لە سێدارەدان بۆ سەدام دەرچوو لە شەقامەکانی بەغدا و شارەکانی تر شەڕێکی خوێناوی لە نێوان سوننە و شیعە هەبوو لەژێر ناوی ئیرهاب و دەسەڵات!
مام جەلال لەم مەسەلەیەدا دووربین و ورد بوو، نەیدەویست کێشەی قووڵ و مێژوویی  لە نێوان سوننە و کورد دروست ببێ، لەکاتێکدا دەیزانی ئەگەر بڕیاری دادگاش واژۆ نەکات، سەدام هەر لە سێدارە دەدرێت و شیعەکانی کاربەدەست مەبەستیان بوو رۆژێ زووتر کۆتایی بە ژیانی بهێنرێت.
ئەو خۆ بەدوورگرتنەی لە ئیمزاکردنی حوکمی لە سێدارەدانی سەدام دووربینی مام جەلالی دەرخست و ستایشی هەڵوێستی کرا، لەبەرامبەردا تووشی رەخنەش نەبۆوە، نە لە کوردستان و عیراق، نە لەئاستی جیهانی عەرەبیش.
چونکە شۆڤێنیەتی عەرەبی نیگەران بوون بە بڕیاری لە سێدارەدانی سەدام.

روسەکان داوای گۆڕینی حوکمەکەیان کرد
نەک هەر ئەوە بۆ لە سێدارەدانی تارق عەزیز جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە،  مام جەلال لە رێگەی کەناڵی فرانس 24 ی فەرەنسییەوە بە میدیاکانی جیهانی راگەیاند، ئیمزا لەسەر حوکمی لە سێدارەدانی ناکات. وتی لەبەرئەوەی تەمەنی لە حەفتا ساڵ تێپەڕی کردووە.
تارق عەزیر لەبەرئەوەی مەسیحی بوو، دەوڵەتی ڤاتیکان بە رەسمی داوای لە عیراق کرد، لە سێدارە نەدرێت.
روسیاش ئەو داوایەیان لە عیراق کردبوو سزاکەی بگۆڕدرێت.
جگە لەم بابەتە چیرۆکی زۆر لە نێوان مام جەلال و سەدام وەک دوو نەیار و دوژمنی  مێژوویی هەبووە.
دوو هەفتە پێش رووخانی رژێم لە26/3/2003، سەدام نامەی بۆ مام جەلال نارد کە پشتگیریی ئەمریکییەکان نەکات لە رووخاندنیدا، لە نامەکەدا باسی ئازایی مام جەلال دەکات لە بڕیاردا.  

سەدامی تووشی شۆک کرد
زمانی نامەکە هەڕەشەی دیپلۆماسییانەی تێدایە کە ئەگەر لە(باکوور)ەوە هاوکاری ئەمریکییەکان بکەن، عاقیبەتی باش نابێت.  مام جەلال لە 4/4/2003 پێنج رۆژ پێش کەوتنی، وەڵامی نامەکەی سەدام دەداتەوە و بۆی دەنووسێ: بیستم و دواتر نامە هەڕەشە ئامێزەکەتانم خوێندەوە کە بۆ منتان ناردبوو، هەرچەندە بە ئاواتەوە بووم نامەکەتان بە مەبەستی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی بوایە، لەسەر بنەمای کۆتایی هاتنی دکتاتۆری و دامەزراندنی حوکمێکی دیموکراسی پەرلەمانی فیدراڵی فرەیی لە عیراق. بەداخەوە ئێوە دەرسی پێویستتان لە کارەسات و ماڵوێرانی وەرنەگرتووە، کە بەھۆی دیکتاتۆریی سەرەڕۆوە بەسەر گەلی عیراق و ئابوورییەکەی و سوپا و قەوارەکە و شەڕی ناوخۆ و هەرێمایەتی و جیهاندا هات. هەڕەشە کردنتان بۆش و پووچە، چونکە سەرکردایەتی هاوبەشی کوردی رایگەیاندووە کە لە موسڵ و کەرکوکەوە ھیچ بەرەیەکی باکوور نییە، دواتر ئێوە بە درێژایی حوکمتان گشت جۆرە زوڵم و دوژمنکارییەکتان دژ بە گەلی کوردستان کردووە، کە باپیرانتی حەواندەوە، کاتێ والی بەغدا لە سەردەمی عوسمانیدا، هەڕەشەی لەناوبردنی لێکردن، ئێوە وەک یەکەم حاکم کە دەستی بۆ چەکی کیمیایی بردبێ دژی گەل و هاونیشتمانی خۆی، چوونە مێژووەوە. بە ئاشکرا شانازیتان بە چالاکییەکانی ئەنفالەوە کرد. کە تاوان و دوژمنکارییەکی قێزەونی لە مێژوودا بێ وێنەیە. ھێزەکانی ئێوە گوند و شارۆچکەکانی کوردستانی عیراقی وێران کرد.......ھتد
ئەگەر ئێوە دڵسۆزی بەرگریکردنن لە عیراقی مەزن ئەوە بە جەنگی ماڵوێرانکەری دۆڕاو کە ئەنجامەکەشی روون نابێ، بەڵکو بەوە دەبێ کە دەست لەکار بکێشنەوە و دەستبەرداری حوکم ببن و بیدەنە دەست وەزارەتێکی نیشتمانی هاوپەیمانی گەل و نیشتمان، کە لە شەڕی دیکتاتۆری رزگاری بکات. دەتوانیت بەم جۆرە کۆتایی بە ژیانی سیاسی خۆت بهێنی.
ئەوەبوو ئەمریکییەکان بەشێک لە بینا گرنگەکان و دامەزراوەکانی بەغدای پایتەختیان وێران کرد، ئینجا سەدام لە 9/4/2003 بەجێی هێشت و چووە کونەوە.
«بەشێک لە کتێبی دۆسێی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، لە ئایندەدا بڵاو دەبێتەوە»

وتارەکانی نوسەر