محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، چه‌ندین دۆسێی گرنگی له‌به‌رده‌مدایه بۆ كاركردن له‌سه‌ری، یه‌ك له‌وانه پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی و ته‌واوكردنی پڕۆژه ته‌واونه‌كراوه‌كانه كه ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی بودجه‌ی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2023ه‌وه ده‌بێت.
له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره و زیادبوونی داهاتی نه‌وتی عیراق به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتەوە له‌سه‌ر ئاستی جیهان، ئه‌وا بڕێكی زۆری داهات هاتۆته سه‌ر خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، بۆیه سودانی فه‌رمانی كردووه به خێرایی پڕۆژه یاسای بودجه‌ی گشتی ساڵی 2023 تەواو بکرێت و بنێردرێت بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به مه‌به‌ستی پەسەندکردنی.
لەو رووەشەوە وه‌زاره‌تی دارایی عیراق ئاشكرایكردووه كه ده‌ستیكردووه به ئاماده‌كردنی پڕۆژەیاسای بودجه‌ی گشتی تا ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكرێـت و دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكرێت بۆ پەسەندکردنی.
به پێی وتەی شاره‌زایانی بواری ئابووریش، بودجه‌ی گشتی بۆ ساڵی 2023 و دوای چەند ساڵێک بۆ یه‌كه‌مجارە گه‌یشتۆته سه‌رووی 100 ملیار دۆلارەوە، به‌هۆی ئه‌و داهاته زۆره‌ی نه‌وتەوە كه بۆ عیراق ده‌مێنێته‌وه به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتەوە له جیهاندا.
كۆمپانیای سۆمۆ-ش روونیكردۆته‌وه كه داهاتی نه‌وت تا مانگی ئابی رابردوو گه‌یشتۆته 82 ملیار دۆلار به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتەوە، سەرەڕای ئه‌و داهاته‌ی له چه‌ند مانگی رابردوودا عیراق ده‌ستیكه‌وتووه له فرۆشی نه‌وت.
وه‌كو ئاماژەمان پێدا، زیادبوونی داهات بۆ حكومه‌تی عیراق، مه‌سه‌له‌یه‌كی ژیانی و گرنگه به‌تایبه‌تی كه ئەمساڵی 2022 کە لە کۆتاییەکەی نزیک دەبینەوە، بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندنه‌كرا و كاری پێنه‌كرا، ئه‌وه‌ش وایكرد، زۆرێك له خزمه‌تگوزارییه‌كان سست بن و پڕۆژه‌كانیش له سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی وڵات‌دا رابگیرێن یان به خاوی كاریان تێدا بكرێت.
كوردیش ئه‌مجاره كار بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پشكی هه‌رێم ده‌كات له بودجه‌دا، كه ساڵانێكه به سیاسیی كراوه و ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا 17 ٪و دواتریش 12.7 ٪ بۆ هه‌رێم ته‌رخان كرا، به‌ڵام دواتر به‌ته‌واوی راگیرا، ئێستا بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە ره‌نگه پشكی هه‌رێم به 13.9 ٪ دیاری بكرێت، به‌ڵام كارپێكردنی و ره‌وانه‌كردنی بۆ هه‌رێم په‌یوه‌سته به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداوە، به‌تایبه‌تی كه دادگای فیدراڵی عیراق دژ به فرۆشتنی نه‌وت و غازی هه‌رێم بڕیاری ده‌ركردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شداریی كارای هێزه كوردییه‌كان له کابینەکەی سودانی و رێكه‌وتن له‌گه‌ڵیدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا، ئەگەری هەیە ئه‌و مه‌سه‌له‌یه و زۆر مه‌سه‌له‌ی تری هه‌ڵواسراو له نێوان كورد و به‌غدادا چاره‌سه‌ر بكات. ئه‌گه‌ر حكومه‌تی نوێ به کردەوە كار به كارنامه‌كه‌ی خۆی بكات، كه چه‌ندین خاڵی گرنگی تایبه‌ت به كوردی له‌خۆگرتووه له‌نێویاندا مه‌سه‌له‌ی یاسای نه‌وت و غازه كه شه‌ش مانگ وه‌كو واده بۆ چاره‌سه‌ركردنی دانراوه.
شرۆڤەکارانی ئابووریش پێیانوایه، ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دواتریش ره‌وانه‌كردنی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری نزیكه‌ی 45 رۆژی پێ ده‌چێت، ئەمە لەکاتێکدا ئه‌گه‌ر هیچ ئاستەنگ و كێشه‌یەکی بۆ دروست نەبێت.