لە پەنجەرەی پەروەردەوە

ئەزبەرکردنی دەقەکان بۆچی؟

09:43 - 2022-11-15
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
391 خوێندراوەتەوە

ئەزبەرکردن یاخود لەبەرکردن(الحفظ) بەشێوەیەکی گشتی لە ناوەندە فێرکاری و پەروەردەییەکانماندا وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ کەڵەکەکردن و وەرگرتنەوەی زانیاری بە بیرهێنانەوە سەیردەکرێت، بەجۆرێک لە زۆرجاردا وەک پێوەری زیرەکی و بڕیاردان لە ئەنجامی فێربوونی بەدەستهاتوو دەبینرێت، جۆری بیرکردنەوەی تاک بە جۆرێک لەسەرئەوە چەقبەستووبووە کە لە ئێستادا زەحمەتە بڕوا بە خوێندکارێک یان مامۆستایەک بهێنیت لەبەرکردنی تەنهای دەقەکان و کۆپیکردنەوەیەکی وەک یەکی وشە و رستەکان کارێکی نەگونجاوە و خوێندکار ناگەیەنێتە ئاستی فێربوونێکی ئاستبەرز و تێگەیشتنی تەواو ئەگەر دەستەبەری تێگەیشتن و تێکەڵبوونێکی خودیی لەگەڵ دەقەکان نەکرێت، چونکە تێگەیشتن واتا توانای کردنی ئەو کارانەی بیرکردنەوە لە بابەتێکی دیاریکراو هان دەدات، وەک روونکردنەوە، دۆزینەوەی بەڵگە و نموونە، گشتاندن، جێبەجێکردن، پێوانەکردن و پێشکەشکردنی بابەتەکە بە شێوازی جیاواز، توانای کردنی چالاکییە جۆراوجۆرەکانە بۆ بەکارهێنانی زانین بە شێوازی نوێ، تێگەیشتن نیشانەدەری خاوەندارێتی و دەربڕینی زانستە، بەڵام بچووککردنەوەی زانست لە لەبەرکردندا وادەکات بڵێن ئەستەمە ئەمانە بەدیبێن ئەگەر هاتوو خوێندکار تەنها کۆپی دەقەکان لە یادگەیدا هەڵبگرێت بێ ئەوەی لە واتاو راڤەو شیکردنەوە و پێکهێنانەوەی خودیی بۆ دەقەکان تێبگات و بکات. 
ئەم شێوازە لە پەیڕەوکردن بەردەوامی هەیەو زۆرجار بێجگە لە خوێندنگەکان لە پەیمانگەو رێکخراوەکانیشدا بانگەشەی بۆ دەکەن و بگرە پێشبڕکێشی بۆ رێکدەخەن و زۆر بەشانازیشەوە کاری لەسەردەکەن و هانی خەڵکی بۆ دەدەن بیکەن، دیارە گرفتی ئێمەو قسەو باسمان لەسەر ناوەڕۆکی دەقەکان نییە چین و چۆن بۆیان دەڕوانرێت ئەوەی جێگەی باسی ئێمەیە ئەوەیە ئایا لەبەرکردن یان ئەزبەرکردن چی لە واقیعی بیرکردنەوەی مرۆڤ دەگۆڕێت و چی نوێ دەخاتە سەر گۆڕانکاری رەفتاری تاک و چۆن ئاستی زانیاریەکانی بەرەوپێشەوە دەبات؟ لە کاتێکدا لە ناوەڕۆکی دەق و ئامانج و مەبەستە سەرەکییەکانی دەق نەگات و تەنها جوینەوەی وشەو رستەکان بێت! مرۆڤ دەتوانێت دوای چەندین دووپاتکردنەوە هەر دەقێک بیەوێت لەیادگەیدا بە ئەزبەرکراوی هەڵبگرێت بە هەرزمان یان بابەتێک بێت، بەڵام وەک ئەوە وایە خواردنێک بخوات بێ ئەوەی هیچ تام و بۆنێکی بکات، گەدەی پڕدەکات بەڵام چێژی لێ وەرناگرێت، بەهەمانشێوە ئەزبەرکردن هیچ چێژو داهێنان و نوێگەرییەکی لێوەدی نایەت ئەگەر مرۆڤ ئاوێتەیەکی پۆزەتیڤی دەقەکە نەبێت.
ئەو کتێبانەی لەقوتابخانەدا دەخوێنرێن لەلایەن کۆمەڵە کەسێکەوە دانراون و ئامادەکراون ئەوانیش توانای بیرکردنەوە و نووسین و لێکدانەوەیان سنووردارە و ئەو زانستەشی هەر بابەتێک بێت لە کتێبەکاندا باسیان کردووە وابەستەبوون بە سنووردارێتی و هەموو ئەو راستیانە ناگرێتەخۆ کە لەو زانستەدا هەیە، ئیتر بۆ دەبێت خوێندکار ناچاری لەبەرکردنی ئەودەقانە بکرێت هەندێکجار رەنگە ئەو دەقەی خوێندکار خۆی دایدەڕێژێتەوە بۆ هەمان ماناو مەبەستی ناوەڕۆکی دەقی کتێبەکە جوانتر و دەربڕینێکی باشتریشی هەبێت، پاشان وابەستەبوون بە ئەزبەرکردنی دەقی کتێب توانای بیرکردنەوەی خوێندکار سنووردار دەکات و لەو دەقە بترازێ توانای وەڵامدانەوە و بەردەوامبوونی نامێنێت، ئەو خوێندکارەش فێری ئەزبەرکردن ببێت ئەگەر رۆژێک بواری لەبەرکردنی نەبێت بەهەر هۆکارێکەوە توانای تێگەیشتنیشی نابێت و ئاستی دەربڕینیشی کەمدەبێتەوە و لاواز دەبێت.

وتارەکانی نوسەر