ئەی دوای خۆشەویستی چی؟

10:06 - 2022-11-16
رۆزا دڵشاد مەریوانی
388 خوێندراوەتەوە

پرسیم خۆشەویستی چییە؟ ئەو پرسیارەی رەنگە هەزاران شاعیر لە دێرزەمانەوە هەوڵیان دابێت وەڵامی بدەنەوە و پێناسەی بکەن. زۆربەمان نموونەکانی شیرین و فەرهاد و قەیس و لەیلا و..هتدمان بیستووە، ئەوانە واتلێدەکەن هەستبکەیت خۆشەویستی بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە و مرۆڤ بۆئەوەی خۆشەویستی خۆی بسەلمێنێت تەنیا دەبێت لەو پێناوەدا خۆی بەخت بکات.
بە زەردەخەنەیەکەوە وتی: بەڕاستی خۆشەویستی بەوجۆرەش ئاڵۆز نییە و ئەگەر زۆر بە سادەیی بیری لێبکەیتەوە خۆشەویستی زۆر لەوە سادەترە، تەنیا ئەوە نییە خۆشەویستەکەت پەیمانت پێبدات خوێنت بۆ بڕێژێت یان بۆ ئەو نەبیت بۆ کەسی دیکە نەبیت و سەدان وتەی گەورە و بریقەدار رەنگە زۆرێکیان تەنیا هەڵچوونی ئەو ساتە وەختە بن و کاتێک دێنە سەر ئەرزی واقیع هیچ مانایەکیان تێدا نەمێنێت.
وتم: ئەی کەواتە خۆشەویستی چییە؟ چیرۆکەکانی خۆشەویستی لای تۆ هیچ مانایەکی نییە؟
نەخێر مانای زۆرە و چێژیشیان لێدەبینم، بەڵام خۆشەویستی بە مانای مانەوە و بەردەوامیدان دێت واتا دوای ئەوە چی؟ ئەگەر خۆشەویستی چیرۆکەکان بە یەک بگەیشتنایە ئەو خۆشەویستییەیان بەردەوام دەبوو؟ بە رای من پرسیارە گرنگەکەی خۆشەویستی ئەوەیە «ئەی دوای ئەوە چی؟» ئەو دوو کەسە چی دەکەن تاوەکو ئەو خۆشەویستییەی نێوانیان بەردەوام بێت ئایا پێکەوە دەمێننەوە و ساڵە قورسەکان تێدەپەڕێنن تاوەکو بگەن بەوەی لە یەک تێبگەن؟ هەڵەکانی ژیانی رۆژانەی یەک قبوڵ دەکەن؟ رەنگە تەماشای من بکەیت و بڵێیت دوای ئەو هەموو ساڵە ژیانتان هیچ خۆشەویستییەکی تێدا نەماوە یان چۆن دەزانیت هێشتا یەکتان خۆشدەوێت؟ وەڵامەکەی زۆر سادەیە و لە وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەدا دەردەکەوێت تەنها بە وتە نا بەڵکو بە رەفتاریش، بۆ نموونە کاتێک کێشەیەک روودەدات و پێمی ناڵێت تا ئەو کاتەی چارەسەری دەکات نەوەکا پێی خەمبار بم و بکەومە دڵەڕاوکێوە ئەو ساتە دەزانم خۆشیدەوێم، تائێستا بەهەمان سۆز و خۆشەویستییەوە لەو پەڕی سەرقاڵیدا تەنیا وەڵامی من دەداتەوە، ئەگەر بپرسیت ئەی تۆ هێشتا خۆشتدەوێت و بەڵگە بۆئەوە چییە؟ ئەوەیە ئەگەر سارد بێت و فەرامۆشم بکات دڵتەنگ دەبم و گلەیی لێدەکەم و هەموو دنیا لە چاوانی ئەودا دەبینم، پێم ناخۆشە و توڕەدەبم کاتێک خۆی فەرامۆش دەکات و گرنگی بە تەندروستی خۆی نادات، چونکە کەسێک ئەوی تری خۆشنەوێت گلەیی لێناکات و هەست بە ساردوسڕی و فەرامۆشکردنی بەرامبەری ناکات، هەروەها خۆشەویستیت بۆ کەسێک نەبێت ئاسایی دەبێت بەلاتەوە خەم بخوات و فەرامۆشی بکەیت، دواجار خۆشەویستی تەنها ساتەکانی یەکتر ناسین و ژووان گرتن و گوڵی سوور نییە ئەو ساتە قورسانەشە کە دوای دنیای پەمەیی و خەونە سەرکێشەکان دێن، خۆشەویستی راستەقینە بە رەفتار و هەڵوێستێک تا ئەوپەڕی خۆشەویستیت دەبات و هەموو جیهانەکەت دەهەژێنێت.  

وتارەکانی نوسەر