چۆن مامەڵە لەگەڵ هەست و سۆزمان بکەین؟

09:44 - 2022-11-20
کەنار قاسم
443 خوێندراوەتەوە

هەست پێوەرێکی ورد نییە بۆ حوکمدان لەسەر رووداوەکان چونکە ئەمە ئەرکی عەقڵە و بەپێچەوانەشەوە. زۆر جار دەبینیت خەڵک حوکم دەدەن و هەڵوێست وەردەگرن بەپشتبەستن بە هەستکردنیان سەبارەت بە رووداوێکی دیاریکراو، بەتایبەت لە (گەل)ە خاوەن هەست و سۆزە منداڵانەکاندا. مرۆڤ پێی وایە هەستەکانی راستەقینە و دڵسۆزانەیە، هەست بە سووتان دەکات و بەدەست ئاگری ستەمەوە دەناڵێنێت لەسەر بنەمای هەستە هەڵچووەکانی.
هۆکاری هەڵچوونی هەستەکان بریتییە لە بێتوانایی تاک لە بەکارهێنانی عەقڵی خۆی بۆ حوکمدان لەسەر شتەکان. لە نێوان خۆی و خۆیدا درامایانە دەژی و ئازار دەچێژێ، لە کاتێکدا ئەگەر بارودۆخەکەی شیبکاتەوە، ئەو هەستانە زیادەن و خۆی خەم و ئاڵۆزییەکی لە ژیانی خۆیدا دروستکردووە.
ئەو رووداوانەی لە ژیاندا روودەدەن پێویستەعەقڵ بۆیان پێوەری یەکەم بێت. رووداوەکان وەک خۆیان ببینین و بەپێی راستییەکان حوکم بدەین کە رێژەیی بێت لەگەڵ رووداوەکە، بەڵام رۆڵی هەستەکان بەتەواوی کەسی و تایبەتیە و هیچ پەیوەندییەکی بە رووداوەکانەوە نییە. رۆڵی هەستەکان بریتییە لە دروستکردنی واقیعێکی دیاریکراو لە ژیانی مرۆڤدا نەک حوکمدان لەسەر رووداوەکان. دوای ئەوەی مرۆڤ بە هەستەکانی رووداوەکە دروست دەکات، بە عەقڵی خۆی حوکمی لەسەر دەدات.
دەڵێ، بەڵام رووداوەکان خۆ من دروستم نەکردووە، بەڵێ راستە ناتوانیت هەموو رووداوەکان دروستبکەیت، بەڵام ئەرکی تۆیە بەعەقڵ حوکمیان لەسەر بدەیت.
مرۆڤ دەبێت بیر بکاتەوە و بزانێت ئەو رووداوانە  بەڕاستی مانایان چییە و چۆن مامەڵە دەکات بۆ ئەوەی بە کەمترین هەوڵ گەورەترین دەستکەوت بەدەست بهێنێت یان بە کەمترین زیان لە رووداوەکە دەربچێت؟. لێرەدا پێویستی بە عەقڵە بۆ سنووردارکردنی هەستە هەڵچووەکانی بۆ ئەوەی بەو هۆیەوە عەقڵی و بۆچوونەکەی تێکنەدات.
بەڵام چۆن ئەوە بکەین؟ بە راهێنانی بەردەوام. هەر رووداوێک لە ژیانتدا روودەدات دەرفەتێکە بۆ زیادکردنی کۆنترۆڵی هەستەکانت و بە دوورخستنەوەیان لە دۆخەکە و بەشێوەیەکی لۆژیکی بیرکردنەوە لە چارەسەرێک بۆ کێشەکە.
بە تێپەڕبوونی کات و دووبارەبوونەوەی ئەزموونەکان، توانای بێلایەنکردنی هەستەکانت و حوکمدانی رووداوەکان بە عەقڵی خۆت بەدەستدەهێنیت. پڕۆسەیەکی رێکخستنی ناوەوەیە.
 کاتێک لە ناوەوە رێکخراو و رێک و پێک بیت، بۆت دەردەکەوێت هەستەکان بەکاردەهێنیت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەوانی تر یان بۆ دروستکردنی واقیعێکی نوێ، لەکاتێکدا ئەرکی عەقڵ دەمێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی لە حاڵەتە سنووردارەکاندا تەنها کاتێک کێشەیەک سەرهەڵبدات پێویستی بە بیرکردنەوەی ئارام و بێلایەن و ناکاریگەر بە هەستەکان هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەر.

وتارەکانی نوسەر