جادووی فیلمێکی سەرکەوتوو

11:07 - 2022-11-21
رۆزا دڵشاد مەریوانی
319 خوێندراوەتەوە

زۆرجار کەسێتی و ناوبانگی هونەری ئەکتەرێک واتلێدەکات بێ دوودڵی تەماشای هەر کارێک بکەیت پێشکەشی دەکات، هەروەها پێچەوانەکەشی راستە رەنگە فیلمەکە چیرۆکێکی گرنگی هەبێت، بەڵام کاراکتەری ئەو پاڵەوانەی رۆڵەکە دەگێڕێت لای جەماوەر خۆشەویست نەبێت، دەبینیت فیلمەکە ئەو سەرکەوتنە بەدەست ناهێنێت کە لێی چاوەڕوان کراوە، چونکە دواجار سەرکەوتنی فیلمێک تەنیا پشت بە سیناریۆ و دەرهێنەر و وەبەرهێنەران و ئەو خەرجییە نابەستێت کە بۆی تەرخان کراوە، بەڵکو ئەو ئەکتەرانەشە رۆڵی تێدا دەگێڕن بەوەی دەرهێنەر چەندە زیرەکە و ئەو رۆڵە دەدات بەکێ؟ ئەگەر ئەکتەرێکی دیکە ئەو رۆڵە بگێڕێت رەنگە سەرکەوتوو نەبێت، هەروەها کەمجار هەیە ئەکتەرێک جگە لە کاراکتەری هونەری کەسێتی وەکو مرۆڤ خۆشەویست بێت و هەر جۆرە فیلمێک پێشکەش بکات تەماشای بکەیت، بێگومان یەکێک لەوانە ئەستێرەی هۆلیوود کیانۆ ریڤز-ە، کیانۆ زۆربەمان لە فیلمی speed واتا خێرای-یەوە ناسیومانە من بۆخۆم یەکێکە لەو ئەکتەرانەی زۆر پێی سەرسامم، چونکە تەنیا لە رووی هونەرییەوە توانای ناوازەی نییە، بەڵکو وەکو مرۆڤ مرۆڤێکی جوان و لەخۆبوردە و مرۆڤدۆستە و هەر جۆرە فیلمێک پێشکەش بکات جا ئاکشن و خەیاڵی بێت یان رۆمانسی بەتەواوەتی دەچێتە رۆڵەکەوە و دەتوانێت قەناعەت بە بینەر بکات ئەو کوڕە رۆمانسییەکەی فیلمی walk in the clouds واتا رۆیشتن بەنێو هەورەکاندایە و هاوکاتیش دەکرێت کاراکتەرە بێ هەستەکەی زنجیرە فیلمەکانی جۆن ویک-یش بێت، تایبەتمەندی ئەو ئەکتەرە لەوەدایە وەکو مرۆڤ هەروەها ئەکتەریش ناوی پێش ترەیلەری فیلمەکانی دەکەوێت و واتلێدەکات بێ بیرکردنەوە بڕیار بدەیت تەماشای بکەیت، بۆیە قورسە تەنیا باس لەیەکێک لە فیلمەکانی بکرێت، بەهەر حاڵ فیلمێکی کیانۆ هەیە بەناوی 
The lake house واتا ماڵی قەراغ دەریاچەکە لەگەڵ ئەستێرەی ئەمریکی ساندرا بوڵۆکدایە جوانی ئەو فیلمە لەوەدایە بەشێوەیەکی رۆمانسی سادە باس لە بابەتی زەمەن و پەیوەندیکردن بە داهاتوو و تیۆرەکەی ئەنیشتاین دەکات، بەڵام زەمەنی نێوان دوو پاڵەوانەکە تەنیا دوو ساڵە، دەرهێنەر بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش رووداوەکانی داڕێژاوە بەوەی ئەو دوو خۆشەویستە تەنیا لە رێی نامەوە یەک دەناسن و پەیوەندی بەیەکەوە دەکەن، هاوکات چۆن هێڵی زەمەن بشکێنن و بتوانن لە داهاتوویەکدا کە هەردووکیانی تێدا بێت بەیەک بگەن، بەجۆرێک وادەکات تۆی بینەر لە هەندێ گرتەدا تووشی دڵەڕاوکێ ببیت ئاخۆ ئەو دوو پاڵەوانە سەرکەوتوو دەبن و بەسەر زەمەندا زاڵ دەبن یاخود نا!  فیلمێکی لەمجۆرە کە کۆنتاکتێکی جەستەیی راستەوخۆ لە نێوان دوو خۆشەویستەکەدا نییە کەچی دەتوانێت تا ئەوپەڕی رۆمانسی بێت و هەستەکانت بجوڵێنێت، بێگومان لەبەرئەوەی کۆی فیلمەکە بە ئەکتەرەکانییەوە گونجاون و توانیویانە ئەو گیراوە جادووییە پێکبێنن کە فیلمێکی سەرکەوتوو پێویستێتی.

وتارەکانی نوسەر