زووم

بۆچی درامای کۆری؟

10:15 - 2022-11-28
رۆزا دڵشاد مەریوانی
517 خوێندراوەتەوە

ساڵی پار بابەتێکم ئامادەکرد لەسەر بڵابوونەوەی کەلتوری کۆریای باشوور کە بە «هالیو» ناسراوە بە هەموو جیهاندا و وایکردووە وەکو پەتایەکی جیهانی لێبێت و زۆربەی گەنج و هەرزەکاری وڵاتان و تەنانەت بەشێکیش لە بەتەمەنەکان ئالوودەی ئەو کەلتورە بوون هەر لە کەی پۆپ و کەی دراماوە بیگرە تا خواردن و جلوبەرگ و بابەتەکانی جوانکاری ژنان و بابەتەکانی ناو ماڵ..هتد و لە  کوردستانی نوێدا بڵاوبۆوە، بێگومان کەلتوری هالیو کە دەڵێین وەکو پەتایەکی لێهاتووە بە مانایەکی خراپ نا، بەڵکو بە مانایەکی باش، چونکە لە رێی ئاشنا بوون بەو کەلتورەوە بۆمان دەردەکەوێت تا چەند پڕە لە دابونەریتی باش و زۆر نزیکە لە کۆمەڵگەکانی وەکو کۆمەڵگەی ئێمەوە، بۆ نموونە کاتێک گوێ لە گۆرانییەکی گۆرانیبێژە ئەمریکی یان ئەوروپییەکانی ئێستا دەگرین دەبینین پڕە لە وشەی نەشیاوی وەکو سێکس و ماددە هۆشبەرەکان، بەڵام کاتێک گوێ لە گۆرانییەکی کەی پۆپ دەگرین و بەنموونە گروپی بی تی ئێس دەبینین پڕ مانان و هەر گۆرانییەکیان چیرۆکێک یان بەهایەکی لە پشتەوەیە و دەیانەوێت بیگەیەنن بە هەوادارەکانیان، هەروەها دراما کۆرییەکان کە چەند ساڵێکە جێی بە دراما ئەمریکی و تەنانەت تورکییەکان لێژ کردووە، رەنگە بپرسین بۆچی؟ وەڵامەکەی زۆر بە سادەیی ئەوەیە دراما کۆرییەکان کۆمەڵێک بابەت و مەسەلە پێشکەش دەکەن پڕ مانا و قووڵن، جگە لەوەی گرتەی سێکسی ناشیرین لە خۆ ناگرن و ئاسایی دەتوانیت لە نێو خێزاندا تەماشای بکەیت، لەبەرئەوە کاتێک بە رێکەوت درامایەکی ئەمریکی دەبینم پڕە لە بابەتی نەشیاو بۆ خێزان و گرتەی سێکسی ناشیرین شەرم دامدەگرێت و بەخۆم دەڵێم من بۆ تەماشای ئەمە دەکەم! یان ناچار نیم تەماشای بکەم، بێگومان باسی دراما تورکییەکان ناکەم کە زۆر لەمێژە بایکۆتی هەموو درامایەکی تورکیم کردووە و بە شایەنی ئەوەی نازانم کاتی خۆمی پێوە بکوژم، چونکە زۆربەیان جگە لەوەی رەوشتی خراپ فێری گەنج بەتایبەتی و خێزان بەگشتی دەکەن هیچ مانایەکی دیکەیان تێدا نییە، بۆیە پەستیی دامدەگرێت کاتێک لە کەناڵێکی کوردیدا دەبینم توانایەکی ماددی و جەستەیی لە دۆبلاژکردنی درامایەکی بێ مانای تورکیدا سەرفکراوە کە جگەلە رەفتاری خراپ و تێکدانی شیرازەی خێزان هیچ مانایەکی دیکە نابەخشێت و دێن ئەو رەوشتە خراپانە دەکەنە کوردی و دەیدەن بە خێزانەکان، بە رای من لەبری ئەوە واباشترە درامایەکی کۆری دۆبلاژبکەن بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دراما کۆرییەکان درێژدادڕییان تێدا نییە و کورت و پوخت ئەوەی دەیانەوێت بەشێوەیەکی جوان پێشکەشی بینەری دەکەن.  

وتارەکانی نوسەر