لە پەنجەرەی پەروەردەوە

چەمکی جێندەر چی دەگەیەنێت؟

09:58 - 2022-11-29
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
727 خوێندراوەتەوە

چەمکی (جێندەر) چی دەگەیەنێت؟ ئایا ناڕەزایەتیەکان و رێگرییەکان لە چالاکی و ئەو کارانەی لە بواری (جێندەر) دەکرێت لە هۆشیارییەوەیە یان لە تێنەگەیشتن و ناڕۆشنبیرییە دەربارەی ئەو چەمکە و بەکارهێنانەکانیەتی؟ ئەوەی دەگوزەرێ بابەتێکە جێگەی گەلێ تێڕامان و لێوردبوونەوەیە، بە جۆرێ جێگەی نیگەرانییە و بیرکردنەوەی مرۆڤ دەخاتە حاڵەتێکی دژوارەوە، چۆن دەبێت مرۆڤ لە یەک ئاڕاستەی بیستنیەوە بڕیار لەسەر زاراوە و چەمکە نوێکان بدات، تەنها بە دەمارگیری و مەبەست و لایەنگیری بڕیاری لەسەر بدات و راڤە و لێکدانەوە و شیکاری نادروست و نازانستی بۆ بکرێت، بەجۆرێک رق و بێزاری لێ بکەوێتەوە و لە بەرامبەریشدا مەرامی تر گەشەی پێبدرێت، بەداخەوە بەشێکی زۆری ئەو لێکدانەوە هەڵانە بۆ چەمکی جێندەر وەک زۆر چەمکی تر وابەستەی بابەتی لادان و سەرپێچی و رەگەز و کۆمەڵە بابەتێکی تر دەکرێت کە تاک شەرمبکات بەدواداچوونی بۆ بکات یان شتێک دەربارەیان بخوێنێتەوە، ئەمجۆرە بیرکردنەوانە بێجگە لە مەبەستێکی ئامانجداری تر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێڕوانینە هاوچەرخەکان بەرامبەر جۆری مرۆڤ و راستکردنەوەی تێڕوانینە هەڵەکان هیچی تر نییە و لە قازانجی کۆمەڵێک یان لایەنێکدایە، هۆشیاری تاکی خوێندەوار و خوێندکار و مامۆستایان و پەروەردەکاران گەلێ گرنگ و پێویستە، نابێت زانست و پەروەردە بخرێتە ژێر کاریگەریی کەلتور و بیرکردنەوە پێڕاهاتووەکان.
چەمکی جێندەر چەمکێکی مەترسیدار نییە، بگرە پێچەوانەی هیچ بنەمایەکی کەلتوری و ئاینیش نییە، ماناو واتایەکی بەرفراوانی مرۆڤانەی هەیە، ئاماژەیە بۆ ئەو پەیوەندی و رۆڵە  کۆمەڵایەتی و بەهایانەی کۆمەڵگە بۆ هەر دوو ژن و پیاو پێناسەی دەکات، ئەم رۆڵ و پەیوەندی و بەهایانە بەپێی گۆڕانی شوێن و کات  دەگۆڕدرێن، ئایین، چینە کۆمەڵایەتییەکان، داب و نەریت، رەگەز، ژینگە، کەلتور و میدیا، رۆڵیان هەیە لە دروستکردنی جۆری ئەو رۆڵ و پەیوەندیانە، بەڵام مەرج  نییە دژ یان پێچەوانەیان بن، ئەو رۆڵانەی کە کۆمەڵگە بۆ ژن و پیاو پێکەوە  پێناسەی دەکات، لە رێگەی کۆمەڵایەتیکردنەوە بەدەستی دەهێنن، بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێن و لەناو کەلتورێکدا و لە کەلتورێکەوە بۆ کەلتورێکی دیکە دەگۆڕدرێن، بۆیە رۆڵبینینی تاکەکان بە ژن و پیاوەوە بەپێی سەردەم و ژیان و تایبەتمەندییە سەردەمییە نوێکان مافێکی سەرەتایی تاکە و رێلێگرتن لە ئاشنابوون بە رۆڵی راستەقینەی خۆی لە راستیدا رێگرییە لە ماف و تایبەتمەندییەک کە ناکرێت مرۆڤی ئەمڕۆ لێی بێبەش بێت، ژن و پیاو دوو جەستەن و یەک رۆحیان هەیە، چونکە گەردون لەسەر دوانەی ژن و پیاو دامەزراوە و خودا مرۆڤی بەشێوەی دوو جۆر و دوو رەگەزی نێر و مێ دروست کردووە و گەردونیش ناتوانرێت لەسەر بنەمای رەگەزێک بنیات بنرێت کە بەهێز بێت بەسەر رەگەزەکەی تردا. هەروەها پێویستە کۆمەڵایەتیکردن و یەکسانی جێندەری و دادپەروەری لە دەرفەتی یەکساندا بەرەوپێش ببرێت و درککردن بەوەی رۆڵی جێندەری لە کەلتوری کۆمەڵگەوە دەرئەنجامە و دەتوانرێت بۆ ژن و پیاو بگۆڕدرێت.

وتارەکانی نوسەر