بۆچی پیشەی مامۆستایی گرنگە؟

09:59 - 2022-12-15
چنار عەزیز
1195 خوێندراوەتەوە

پیشەی مامۆستایی گرنگترین بەرپرسیارێتییە، مامۆستا تەنها ئەرکی پێدانی زانیاری و مەشق و راهێنان نییە بەفێرخواز لە چوارچێوە و رووبەرێکی ئەکادیمیدا. بەڵکو پشت بەستنە بەو توانا و پلە و لێهاتووییەی کە هەیەتی، چونکە مامۆستا هەموو شت زان نییە و فێرخواز هیچ نەزان، کاتێک دەچێتە ناو پۆل دەبێت وەک فێرخواز هەڵسوکەوت بکات و هەم وەرگر بێت، هەم بەخشەر بێت واتا مامۆستا و فێرخواز بە هەردووکیان  پڕۆسەی پەروەردە پێکدەهێنن. رۆڵی مامۆستا لەناو پۆلدا بێجگە لە راهێنان و وانەوتنەوە بەخشینی زانست و زانیاری چۆنییەتی هەڵسوکەوت و بەڕێوەبردنی پۆلە، بە هەڵسوکەوتەکانی دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەسایەتی فێرخوازدا دابنێت، هانی فێرخواز بدات لە بەرەوپێشچوونی کەسایەتییدا.  کەواتە مامۆستا پێشەنگی کەسایەتی فێرخوازە و بەرپرسیارێتی فێربوون و پەروەردەکردن و سەلامەتی فێرخوازی لەسەر شانە، بۆ ئەم مەبەستەش بێگومان پێویستی بە دروستکردنی ژینگەیەکە کە تیایدا فێرخواز هەست بە ئاسوودەیی بکات، گەشە بە توانای عەقڵی و جەستەیی بدات. لەلایەکی ترەوە سەرچاوەی هاندانی فێرخوازە بۆ ناو ژیانێکی پڕ لە شکست و سەرکەوتن، مەبەست ئەوەیە فێرخواز فێر بکرێت، لەگەڵ سەختییەکانی ژیان مامەڵە بکات و بەسەر شکستەکاندا سەربکەوێت و بیر لە شکست نەکاتەوە. تاک کەسێک نییە لە دەرەوەی پڕۆسەی پەروەردە، بەڵکو ئەو پەروەردەیە لە ناخ و بیری تاکدایە و بە هۆیەوە لە دەوروبەر  دەڕوانێت و پێی  ئاشنا دەبێت. مرۆڤ بە بەردەوامی پێویستی بە پەروەردە هەیە تا بتوانێت  بەردەوامی بە ژیان بدات و کەسایەتی و لێهاتوویی و سەرکەوتن دژ بە شکست بنیات بنێت. پەروەردە و شکست دوو شتی ناتەبان شکست هەمیشە دیوە تاریکەکەی ژیانمان پیشان دەدات، وا پیشانی تاکی دەدات کە هیچ شتێک بە باشی روو نادات و نایەتە دی، بەڵام پەروەردە دێت بەرهەڵستی شکست دەکات، وا لە تاک دەکات خەبات بۆ بیرکردنەوە ئەرێنییەکانی بکات و جوانییان پێببەخشێت.

وتارەکانی نوسەر