توندوتیژی کێشەی خێزانیی نییە

06:10 - 2022-03-15
رۆزا دڵشاد مەریوانی
1015 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی 1993 وە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مەسەلەی توندوتیژی دژی ژنان گرنگییەکی تایبەتی داوەتێ و لەو ساڵەوە لە راگەیاندنی رێکخراوەکەدا پێناسەیەکی روون و گشتگیر بۆ توندوتیژی دژی ژنان کراوە لەگەڵ ئەو مافانەی دەبێت جێبەجێبکرێت تاوەکو بەتەواوەتی توندوتیژی دژی ژنان بە هەموو جۆرەکانییەوە لەناوببرێت، جگەلەوەی ئەو رێکخراوە دەوڵەتانی ناچارکردووە بەرپرسیارێتییەکانی هەڵگرن و لە رووی نێودەوڵەتییەوە پابەند بن بە نەهێشتنی توندو تیژی دژی ژنان.
وەکو پەتایەکی لێهاتووە
توندوتیژی دژی ژنان وەکو پەتایەکی لێهاتووە و کار لە هەموو وڵاتان دەکات، تەنانەت ئەو وڵاتانەی بە پێشکەوتوو دادەنرێن تێیدا ژنان لەلایەن هاوسەر یان هاوڕێ کوڕەکانیان یان هەر پیاوێکی دیکەوە رووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی دەبنەوە.
هەرچەندە لە ساڵی 2017 ەوە هەوڵەکانی یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان چڕ کراونەتەوە بە ناوی هەنگاوی تیشک خستنەسەر بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی کچان و ژنان.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هەواڵەکانی توندو تیژی دژی ژنان راتدەچەڵکێنن و هێشتا کوشتن و سوتاندنی ژنێک لەلایەن مێردەکەیەوە بیرنەچۆتەوە یەکێکی دیکە دەبیستیت و دەبینیت، رەنگە وابزانرێت تەنیا لە وڵاتانی وەکو وڵاتی ئێمەدا ئەم جۆرە توندوتیژییانە روودەدەن، بەڵام ئەوەتا لە راپۆرتێکدا هاتووە وڵاتێکی وەکو ئێرلەندا پێنج یەکی ژنان و کچانی لەلایەن نەک تەنیا پیاوی غەریبەوە، بەڵکو لەلایەن نزیکترین کەسەوە کە هاوژینەکانیانن دووچاری توندوتیژی دەبنەوە.
کاردانەوەیان جیاوازە
جیاوازی ئەو وڵاتە پێشکەوتوانە لەگەڵ ئێمەدا کاردانەوە و مامەڵەکردنیانە لەگەڵ ئەو جۆرە تاوانانەدا، بە چەند جۆرێک بۆ نموونە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا کاتێک ژنێک توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و هەر جۆرە تاوانێکی بەرامبەر بکرێت یاسا وەکو ئەوەی مرۆڤێکە و توندوتیژی بەرامبەر کراوە مامەڵەدەکات و هەمان یاسا جێبەجێدەکرێت ئەگەر پیاوێک ئەو تاوانەی بەرامبەر کرابێت، واتا هەموو لەبەردەم یاسادا مرۆڤن و یەکسانن و یاسا هەوڵی دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەدات، هەروەها کاردانەوەی کۆمەڵگەش لە بەرامبەر کردنی توندوتیژی بەرامبەر هەر مرۆڤێک جا ژن بێت یان پیاو جیاوازە و رەنگە ئەوان ئەگەر ببینن ژنێک بە بەرچاویانەوە لێی دەدرێت خێرا پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەن، بەڵام لەم کۆمەڵگانەی ئێمەدا زۆرجار لە چوارچێوەی کێشە خێزانییەکاندا مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە رووداوانەدا دەکرێت و زۆر کەس ناوێرن تەدەخول بکەن و نایانەوێت لە رووی کۆمەڵایەتییەوە تووشی کێشە ببن و رەنگە بڵێن کێشەی نێوان ژن و مێردێکە بۆ خۆم تووشی کێشە بکەم.
شتێکی ئاساییە!
وەکو نموونەی ئەو بووکەی لە ماوەی پێشوودا لەلایەن زاواوە لە ئیسماعیلییەی میسر پێش چوونیان بۆ ئاهەنگەکە بە جلی سپییەوە لەسەر شەقام لێی درا و هیچ کام لەوانەی لەوێدان بوون تەدەخولیان نەکرد و هەوڵیان نەدا رزگاری بکەن و ئەگەر یەکێک بەترسەوە و بە دزییەوە وێنەی نەگرتبایە و لە سۆشیال میدیا بڵاوینەکردایەتەوە نەدەبووە مەسەلەی رای گشتی لە سۆشیال میدیا کە دواجار بووک و زاوا ڤیدیۆیەکی دیەکیان بڵاوکردەوە و پیاوە کاتێک چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کرا باسی لەوە کرد لەلای ئەوان شتێکی ئاساییە پیاو لە ژنەکەی بدات! ئەگەر ئەو ڤیدیۆیە بڵاونەبوایەتەوە کەس نەیدەزانی ئەو ژنەی هێشتا بە جلوبەرگی سپییەوەیە لێی دەدرێت و توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، کەواتە دەبێت لە دواڕۆژدا زۆر ئاسایی بێت بەلامانەوە و تووشی شۆک نەبین کاتێک رۆژێک مێردەکەی دەیسوتێنێت، بۆیە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و دەرچوون لەو عەقڵیەتەی توندوتیژی دژی ژنان شتێکی ئاسایی نییە و ناچێتە چوارچێوەی کێشە خێزانییەکانەوە یەکەم هەنگاوە بۆ رزگارکردنی ژن لە توندوتیژی و پێدانی مافەکانی، هەر کاتێکیش ژن وەکو مرۆڤێکی یەکسان لەگەڵ پیاودا مامەڵەی لەگەڵ کرا یەکسان لە ماف و ئەرکدا و بەرامبەر یاسا ئەو کاتە لەو تاوانانەشی بەرامبەری دەکرێت یەکسان دەبێت لە وەرگرتنی مافەکانیدا.

وتارەکانی نوسەر