90
عەسرە، دەمەوێ سەرخەوێك بشكێنم، نامەی بەسرپێرار ئەم وەختەی كوڕە بچووكەكەم بیردەكەوێتەوە، «باوكە گیان، بە نمرەیەكی باشەوە دەرچووم، بەیانی دێمەوە، دیارییەكەم حازرە؟» دەبێت هەزار دۆلاری رێك بكەمە قولی مشتییەوە، پەنجا دۆلاریش شك نابەم، گوایە پاشەكەوت دەكەم، بەڵام حكومەت لەجیاتی من دەیكات! دنیا ژێرە و ژوور بێت، نە دڵی كوڕەكەم دەشكێنم، نە قەرزیش لە هیچ كەسێك دەكەم، تەنانەت لە كوڕە گەورەكەشم. بیرۆكەیەكی سەیرم بۆ دێت، بۆ یەكەمجار دوای شەست و یەك ساڵ تەمەن دزی دەكەم، بە گەورەیی فێری پڵاوخواردن دەبم، بۆ نا؟ بەختی خۆم تاقیدەكەمەوە.
سەعات دووی رێكە، كڵاوەكە دەكەمە سەرم، كالەكان لەپێ دەكەم. دەرگای هەورەبانەكە دەكەمەوە، نیوەشەوێكی سارد و تاریكە، بەبێ ئەوەی تەپەی پێم بێت، سەربانە و سەربان دەڕۆم. لە هەورەبانی ماڵی حەوتەمەوە دەچمە خوارەوە، دەزانم كوێم هەڵبژاردووە، ماڵی ژن و مێردێكی دەوڵەمەند، نەك هەزار، سەد هەزار دۆلاریش مسۆگەرە. دەگەمە ژووری میوانەكە. مشتومڕی ژن و مێردەكە دەبیستم، ژنەكە بە قاچاغ ئیش دەكات، پیاوەكە دڵنیایە، ژنەكە زۆر بێباكە، وێڕای ئەوەش، پیاوەكە دەیەوێت، لاپەڕەی سپی هەڵبدەنەوە، ژنەكە مل نادات، یەك دەنك حساب بۆ قسەكەی ناكات. دەكەونە جنێودان بە یەكتری.قسەی وا ناشیرین بە یەك دەڵێن نەبێتەوە. وەك ئەوەی دەمانچەی بە دەستەوە بێت پیاوەكە هەڕەشەی كوشتنی لێدەكات. ژنەكە گاڵتەی لێدێت، بەو پیاوەی نازانێت شتی وای لە دەست بێت. دیتە ماڵەكە بێدەنگە و نیوەشەوە، دەنگیان دەڕوات، هەست دەكەم بەرەو ژووری میوانەكە، بەرەو لای من دێن، خۆم حەشار دەدەم. ئەمما دەڵێی لە چاوی كامێراوە سەیر دەكەم، چاوم لە هەردووكیانە. پیاوەكە میانەساڵێكی قژ ماش و برنجییە، دەمانچەیەكی بەدەستەوەیە، ئەمما میلی نەهێناوەتەوە. ژنەكە ئەسمەرێكی سنگ و بەرۆك رووتە، لەو ژنە بە زەوقانەیە پیاو دەهێننە جۆش و خرۆش. شەڕە جێوەكەیان گەرم دەبێت، پیاوەكە دەهری دەبێت، ژنەكە زیاتر دەقیژێنێت، پیاوەكە میل دەهێنێتەوە. ژنەكە دەڵێت: «ئەو قەلە نیت، ئەگەر مووی پیاوەتیت پێوەیە بیتەقێنە.» پیاوەكە پەنجەی پێدا دەنێت، شانەی دەمانچەكەی تێدا خاڵی دەكاتەوە.
پاڵەوان ئاسا خۆم ئاشكرا دەكەم، «دەمانچەكەت دانێ!» دەڵێی ئەفسەرێك پێی دەڵێت، دەمانچەكە لەسەر قەنەفەكەی تەنیشتی دادەنێت. گیانی دەلەرزێت. «ئەی ئەو دەستەت خۆش بێت، بەڕاستی پیاوی!»،»تۆ كێیت؟ لە كوێوە هەڵتۆقیت،»، «من دزم! نرخی بێدەنگیم، هەزار دۆلارە.»، «وەڵڵا بابە خەرجت سووكە، زیاترت ناوێت»، «نەخێر، نەكەم نە زیاد، مەگەر گڵ لێم ببیستی.»، «دزێكی مەردی، لەو چەكمەجەیەی لای خۆت بییە و بڕۆ.»
تەقەی دەرگای ژوورەكەم رامدەچڵەكێنێ، دەیكەمەوە، ژنەكەمە.
« پیاوە دەوڵەمەندەكەی ئەوسەری كۆڵانەكە كوژراوە، ناچیت بۆ مزگەوت؟»