تەنیا سوپاسێک

10:32 - 2023-01-11
رۆزا دڵشاد مەریوانی
268 خوێندراوەتەوە

پێزانین ئەو وشە یان کاردانەوەیەیە لە ژیاندا لە زۆر وشەی دیکە گرنگتر و پێویستترە تا پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای تەبایی و خۆشەویستی بەردەوام بن جا ئەو پەیوەندییە خێزانی بێت لە نێوان ژن و مێرد و خوشک و برا و دایک و باوک و منداڵەکانیان یان پەیوەندی نێوان هاوڕێ و خۆشەویستەکان و هەر جۆرە پەیوەندییەکی مرۆیی دیکە بێت، واتا گرنگترین شت بۆ بەردەوامبوونی ئەو پەیوەندییانە بوونی پێزانینە، رەنگە زۆر کەس وا هەستبکەن نەخێر خۆشەویستی لە هەموو شتێک گرنگترە، بەڵام نەخێر پێزانین پێش خۆشەویستییە و ئەگەر کەسێک یەکێکی خۆشبوێت، بەڵام پێزانینی نەبێت بۆ هیچ کام لە رەفتار و ئەرک و ئەو کارانەی دەیکات ئەوا وردە وردە وایلێدێت ئەو خۆشەویستییەش کاڵ دەبێتەوە و نامێنێت، سادەترین نموونە ئەگەر پیاوێک لەسەر کار و ماندووبوونەکانی زۆربەی کات ژنەکەی دەستخۆشی لێنەکات و پێزانینی نەبێت بۆی یان کارەکانی بە کەم تەماشا بکات ئایا ئەو پیاوە بە هەمانشێوەی جاران ساڵ بە ساڵ ژنەکەی خۆشتردەوێت یان کەمتر؟ بە هەمانشێوەش ژنێک رۆژ تا ئێوارە ماندوو دەبێت و کاری ماڵ و منداڵ و تەنانەت دەریشەوە دەکات، بەڵام لە کۆتایی رۆژەکەدا مێردەکەی پێی بڵێت ئینجا چیت کردووە؟! ئەو ژنە هەمان هەستی خۆشەویستی ژنێکی دەبێت کە مێردەکەی هەمیشە بە ماندووبوونی دەزانێت و سوپاسی دەکات؟! بێگومان نەخێر، چونکە هەمیشە وتەکان جێی خۆیان دەگرن و دەکرێت بە سوپاس و دەستخۆشییەک دووبارە پڕبینەوە لە خۆشەویستی بۆ کەسێک و بە وتەیەکی ناخۆش یان تەنیا بە پێنەزانین و نەبینینی ئەوەی دەیکەین و پێیەوە ماندوو دەبین بەتاڵ بینەوە و لە ناخەوە تێکبشکێین و چیتر نەتوانین لەوە زیاتر پێشکەش بکەین و ساتێک بێت بڵێین تەواو.
لەبەرئەوەی مرۆڤ بەو شێوەیەیە و ناتوانێت لە هەموو پەیوەندییەکدا تەنیا یەک لایەنە توانا و سۆز و گرنگیدان پێشکەش بکات و لەبەرامبەردا هیچ شتێک وەرنەگرێت ئەگەر نا ئەوا ئەو پەیوەندییە شکست دێنێت و کۆتایی پێدێت یان بۆ نموونە ئەگەر ژن و مێردایەتی بێت وەکو ئەو ژن و مێردانەی لێدێت لە تەمەنێکدا تاقەتی قسەکردنیشیان نامێنێت لەگەڵ یەکتر و بەردەوام لەیەک تووڕە دەبن یان گاڵتە بە یەکتری دەکەن، تەنانەت دایکیش کە بێسنوور خۆشەویستی خۆی پێشکەشی منداڵەکانی دەکات و جیاوازی ناکات لە نێوانیاندا، بەڵام دەبینین هەرچۆنێک بێت سۆز و خۆشەویستی زاڵ دەبێت بەلای یەکێکیاندا کاتێک تەنیا ئەویان سۆز و پێزانین و دەستخۆشی بۆ دایکی هەیە و بە ماندووبوونی دایکی دەزانێت، دواجار رەنگە بتوانین تەنیا بە سوپاس و دەستخۆشییەک سۆز و خۆشەویستی لە دڵی بەرامبەرەکەماندا سەوزبکەینەوە.

وتارەکانی نوسەر