بەشداریی کورد لە سوپای عیراقدا بەپێی پێویست نییە

09:43 - 2023-01-16
سۆزان حەمەتاتە
323 خوێندراوەتەوە

بەپێی لێدوانی سەگڤان یوسف، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عیراق پشکی کورد لە ناو سوپای عیراق زۆر کەمە و دەبێت کاربکرێت بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگیی پێکهاتەکان بەتایبەتی کورد رێژەیان زیاد بکرێت، چونکە لە ناو ئەفسەرانی سوپای عیراق رێژەی کورد کەمترە لە یەك لە سەد.
كورد و كوردستان لەگەڵ سوپای پێشووی عیراق مێژوویەكی تاڵیان هەیە، مێژووی خوێن و كوشتن، مێژووی هەڕەشە و جینۆساید، مێژووی ئەنفالكردن و كیمیابارانكردن، ترس و تۆقین و روبەڕوبوونەوەیان لەگەڵ یەكتر.
دوای پڕۆسەی ئازادكردنی عیراق لەدەست  رژێمی سەدام، دەرفەتێك هاتە ئاراوە بۆ بنیاتنانی سوپایەكی نیشتمانیی عیراقی بەشێوەیەك ببێتە قەڵغانی بەرگریی لە هاووڵاتییانی عیراق و سەروەریی خاكەكەی، هەروەها راگرتنی هاوسەنگیی بەشداریكردن لە  پێكهاتەی سوپای عیراقدا بۆ ئەوەی لە ململانێ سیاسییەكاندا بەكارنەهێنرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە بەو شێوەیە نییە كە عیراقی دوای ئازادبوون خەونی پێوەدەبینی.
كورد و پێشمەرگە هۆكاری سەرەكیی رووخانی رژێمی بەعس بوون، تا ساڵانێك دواتریش رۆڵی دیاریان هەبوو لە پاراستنی عیراق لە رێگرتن لە شەڕی براكوژی و خوێنڕشتن، بەڵام بۆ كورد ئەو بارودۆخە پێچەوانە كەوتەوە.
سوپای عیراق خەریكە خاڵی دەبێتەوە لە بەشداریی كورد و پێگە و كاریگەرییەكانی، ئەمە سەرەتایەكی خراپە و وردەوردە سۆز و بەشداریی كورد لە خۆی دووردەخاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێ دەرفەت بڕەخسێنێ بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان لەگەڵ كورد لە رێگەی هێزەوە.
یەك لە سەدی سوپای عیراق كورد بێت لەكاتێكدا  رێژەی كورد لە عیراقدا نزیك بیست لە سەدە، ئاماژەی نەرێنییە بۆ ئەوەی سوپا ببێتە سوپایەكی یەک پێکهاتەیی، ئەوەش گیانی نایەکسانی گەشە پێدەدات.
هەرێمی كوردستان نابێت واقیعی وا قبووڵ بكات، چونكە سەرەتایەكی مەترسیدارە بۆ ئاییندەی پەیوەندییەكانی كوردستان و عیراق، هەروەها هاوسەنگیی هێز تێكدەدات بەرەو دوورخستنەوەی زیاتری كورد لە داهاتووی پڕۆسەی سیاسی و حكومڕانی، ئەوەش دووبارەكردنەوەی مێژوویەكی تاڵە لە نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی عیراق.
بەردەوامبوونی بارودۆخی لەم چەشنە، داهاتووی هەرێمی كوردستان دەخاتە بەردەم مەترسییەكی گەورە، ئەوەش تەگبیری وردی دەوێت لەپێناوی پاراستنی داهاتووی هەرێمی كوردستان، قسە نا، بەڵكو  ستراتیژی وردی دەوێ.
فەرامۆشكردنی مەترسییەکی وەها جدی، قورس لەسەر كورد و ئەزموونەكەی دەكەوێتەوە، چونکە بەهێزبوونی سوپای عیراق و بەشداریی نەکردنی كورد، هەرێمی كوردستان بەرەو داهاتوویەكی نادیار دەبات. 
هێشتا دەرفەت ماوە بۆ ئەوەی لاسەنگیی بەشداریی كورد لە سوپای عیراق راستبكرێتەوە، ئەگەر ئەو كارە نەكرێ دوور نییە لە داهاتوودا سنوورەكانی هەرێمی كوردستان پڕ بن لە هێزەكانی سوپای عیراق و هەموو ئەجێندا سیاسییەكانیان لە رێگەی هێزەوە بەسەر كوردستاندا بسەپێنن،  نابێ ئەو مەترسییە فەرامۆش بكرێت.

وتارەکانی نوسەر