ساختەکردنی دەرمان

09:16 - 2023-01-18
فەیسەڵ عەلی
281 خوێندراوەتەوە

ساختەکردن لە هەر شتێک و هەر بوارێکدا بێت، کارێکی نەشیاو و قبوڵنەکراوە، لە رووی یاسا و شەرع و عەقڵیشەوە رەتکراوەتەوە، ئەی ئەگەر ئەو ساختەکردنە بە نرخترین ئەوەی مرۆڤ هەیەتی، واتە تەندروستییەکەی کردبێتە ئامانج! مرۆڤ لە کاتی نەخۆش کەوتنیدا، لە لاوازترین حاڵەتەکانیدا دەبێت، تا رادەیەکی زۆریش بەرەنگاریی بۆ نەخۆشی و ئاستی بەرگرییەکەی زۆر نزم دەبێتەوە، ئەگەر دەرمانێکی ساختەکراویش بۆ نەخۆشییەکەی بخوات بێگومان کاریگەرییەکەی لەسەر نەخۆشەکە قورستر دەبێت و زیانی زیاتریشی پێدەگەیەنێت.
پیشەسازیی دەرمان، بەراورد بە پیشەسازییەکانی تر، زۆرترین چالاکی و فرۆشی هەیە، لە ماوەی یەک ساڵدا فرۆشی دەرمان 1.2 ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش بێویژدان و چاوچنۆکەکان هان دەدات کە دەرمانی ساختە دروست بکەن، لە رووی زانستییەوە، دەرمانی ساختە ئەو دەرمانەیە کە لە کۆمپانیا سەرەکییەکە بەرهەم ناهێنرێت، هەر دەرمانێک ناوی کۆمپانیای بەرهەمهێن و ناوی دەوڵەتەکەی لەسەر نەبێت، هەر دەرمانێک ئەو مادە کارایەی تێدا نەبێت یان مادەی تری ناکارای تێدا بێت، هەر دەرمانێک کە ماوەکەی بەسەرچوو بێت، بە دەرمانی ساختە دادەنرێت.
بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کۆی دەرمانی ساختەی فرۆشراوی ساڵی 2018 زیاتر لە 90 ملیار دۆلار بووە. ساختەکردنی دەرمان مەترسیی گەورە لەسەر ئابووریی نیشتمانی دروست دەکات، هەروەها کاریگەریی مەترسیداریشی لەسەر تەندروستی مرۆڤ بەجێ دەهێڵێت. وەک مەزندە کراوە، ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بەهۆی ئەم جۆرە دەرمانانەوە دەمرن. ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە لە 10 جۆری ئەو دەرمانانەی لە دەوڵەتانی گەشندە دەفرۆشرێن، جۆرێکیان ساختەکراوە. پێگەکانی ئینتەرنێت کە تێیدا ریکلام بۆ دەرمان دەکەن و دواتریش دەیفرۆشن، رۆڵی گەورەیان لە زیادکردنی فرۆشی دەرمانی ساختەدا هەیە، چونکە بە ئاسانی بەدەست ئەو کەسە دەگات کە داوای کردووە، هاوکاتیش هیچ دیسپلین و چاودێرییەکی توندیان لەسەر نییە، لەبەرئەوە بە زەحمەت دەتوانرێ کۆنتڕۆڵ بکرێن.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی، مەزندەی کردووە، کە %50ی ئەو دەرمانانەی لە رێی ئینتەرنێتەوە دەفرۆشرێن، ساختە و مەترسیدارن، هەروەها ئەوەشی روون کردۆتەوە، کە پرۆسەی ساختەکردنەکە ئەو دەرمانەی کردۆتە ئامانج کە بەهایان بەرزە، یان خواستی زۆریان لەسەرە، وەک دەرمانەکانی شێرپەنجە، ئەنتی بایۆتیک و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و بەرزیی فشاری خوێن و دڵ، تەنانەت ساختەکردنی بەو مادانەش گەیشتووە کە زۆر بەکاردەهێنرێن، وەک دەرمانی بەگژداچوونی پیری و تەواوکەرە خۆراکییەکان و دەرمانەکانی جوانکاری.
لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان، هەوڵی زۆر دەدرێت بۆ بەگژداچوون و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دیاردەیە، بەڵام هەوڵی زیاتری دەوێت، وێڕای رێگرتن لەم دیاردە مەترسیدارە، هاوکاریی هەموو لایەکی دەوێت، چ دەزگا تەندروستییەکان، چ دەزگا ئەمنییەکان و خودی هاووڵاتیانیش کە خۆیان کراونەتە ئامانج. 
بازرگانیی دەرمانی ساختە، بە راستی بازرگانیی مەرگە و دەبێ هەمووان بە یەکەوە دژی بوەستینەوە و حکومەتیش رێوشوێنی توند بگرێتەبەر و سزای زۆر توند بۆ هەر کەس و لایەک بەکار بهێنێت کە هاوکار و رێخۆشکەر و بکەری ئەم بازرگانییە مەترسیدارەن.

وتارەکانی نوسەر