خێزان و منداڵ

09:18 - 2023-01-18
چنار عەزیز
719 خوێندراوەتەوە

پەروەردەی خێزان بۆنێکی تایبەتی هەیە، کە بەر هەموو ئەندامێکی ناو خێزان دواتریش کۆمەڵگە دەکەوێت. هەموو تاکێک ئارام دەکاتەوە. هیچ تاکێک ناتوانێت داببڕێت لە پەروەردەی خێزان. دابڕان لێی واتا بەجێمان لە سەرکەوتنەکان و ئامانجەکانی ژیان.
پەروەردەی خێزان تەمەنێکی پڕ جووڵەیە کە بە خۆشەوستییەوە دروست دەبێت و کەس لێی بێبەش نابێت. بە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا تێدەپەڕێ و بێ کۆتاییە. واتا هیچ کات ون نابێت و ناکرێت فەرامۆش بکرێت بگرە لە هەموو جێگەیەک، لەناو خێزان، باخچە، فێرگە، کۆمەڵگە، کایەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی پارچەیەک بەجێدەهێڵێت.
بەڵام لە قۆناغی تەمەنی  منداڵیدا گرنگترە، لەبەرئەوەی ئەوان مێشکێکی گەنجتریان هەیە دەتوانن ئاسانتر زانین و زانیاری  وەربگرن. بە ئاسانی دەتوانن هەموو شتێک لە بیرەوەرییاندا تۆمار بکەن  کاتێک فێر دەکرێن. کاتێک منداڵان پەروەردە دەکرێن، پێویستیان بە ژینگەیەکی ئارام و جێگیر هەیە. ژینگەیەک دوور بێت لە ململانێ و ناکۆکی خێزانی. بەڵکو پێویستیان بە چاودێرییەکی باشی پەروەردەی خێزانی هەیە بەهێزیان بکات لەناو ململانێکانی ژیاندا. دایک و باوک مامۆستای یەکەمی منداڵەکانیانن، منداڵەکانیان فێری بەها و مۆراڵی بەرز دەکەن، ئەو بەهایانەی کە دەیانکات بە کەسێکی بەرپرسیار و پێگەیشتوو لە داهاتوودا. پەروەردە تەنیا دابینکردنی کتێب و بابەتەکانی خوێندن نییە، بەڵکو جگە لەمانە ئەرکی پەروەردە پێدانی زانیاری دەرەوەی کتێبە بە هاوکاری خێزان و مامۆستاکانیان چونکە کۆی پڕۆسەی پەروەردە دەبێت بە دەوری فێرخوازدا بسوڕێتەوە.  کاتێک لە فێرگەن هاوڕێی نوێ دەناسن و گفتوگۆی کراوە دەکەن و قسە لەسەر داهاتووی خۆیان دەکەن. ئامانجی پەروەردە ئەوەیە کە کۆمەڵگە بۆ هەموان شوێنێکی بێ ترس و دادپەروەر بێت، بۆ ئەم مەبەستەش خودی پەروەردە هاوکاری تاکەکانی ناو کۆمەڵگە دەکات بۆ زانینی مافەکانیان و یەکسانیی پێکەوەژیان، گرنگ نییە ئەوان کێن، منداڵن یان نا. لەبەرئەوە پێویستە لەسەر خێزان گرنگی پەروەردە بۆ منداڵەکانیان روون بکەنەوە.

وتارەکانی نوسەر