دیوێکی دیکەی سووتاندنی قورئان لە سوید

10:49 - 2023-01-26
سۆزان حەمەتاتە
470 خوێندراوەتەوە

رۆژی 21/1/2023 راسموس پاڵودان، سەرۆکی پارتی سترام کورسی راستڕەوی دانیمارکی، لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند و بەهۆیەوە کاردانەوەی زۆری بەدوادا هات.
راسموس پاڵودان بە کەسێکی توندڕەو ناسراوە، لە یەکەم قسەکردنیدا لەسەر رووداوەکە وتی: ئەو کارەی وەکو کاردانەوەیەک لە دژی رێگرییەکانی تورکیا لەبەردەم ئەندامبوونی سوید لە هاوپەیمانێتیی باکووری ئەتڵەسی- ناتۆدا کردووە. لە راستیدا ئەوە بیانوویەکی لاوازە و رەنگە پێچەوانەکەی راستتر بێت کە هەوڵێک بێت بۆ زیاتر تووڕەکردنی تورکیا و بەربەست دروستکردن لەسەر رێگەی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ.
لەسەر ئاستی جیهان، ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێوەیەکی رەسمی هیچ وڵاتێک پشتیوانیی نەکرد، ئەگەرچی هەندێک ئەوە بە ماف دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا جێبەجێکردنی هەندێک ماف دەبێتە هۆی شڵەژانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، چونکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سایکۆلۆژیای زۆرینە دەبێت و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە.   
هاوپەیمانیی ناتۆ، دەیانەوێت زیاتر لەیەک نزیکببنەوە بۆ سەرکەوتن بەسەر روسیادا، نایانەوێت کارێک بکەن ببێتە هۆی دوورکەوتنەوەیان لەیەکتر، بەتایبەتی ئەمریکا کە تا ئەندازەیەکی زۆر سەرۆکایەتی هاوپەیمانییەکە و شەڕکردن لە دژی روسیا دەکات.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند: سووتاندنی قورئان کە بۆ زۆر کەس کتێبێکی پیرۆزە، کارێکی زۆر قێزەون و ناشرینە» ئەو زیاتر تیشکی خستۆتە سەر لایەنە سیاسییەکەی پشت رووداوەکە و دەڵێت: «کارێکە هاندانی لە پشتەوە بووە و ئامانج لێی دروستکردنی دوورخستنەوەی دوو هاوبەشی نزیکی ئێمەیە کە ئەویش تورکیا و سویدە. 
رەنگە ئەوانە هەوڵیاندابێت کاریگەرییان لەسەر گفتوگۆکانی پڕۆسەی بە ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ هەبێت».    
ئەم بۆچوونە ئەگەر %100 راستیش نەبێت، بەڵام دەکرێت وەکو ئەگەرێک وەربگیرێت، دەنا روون بوو کەوا باس هاتە سەر باسی ئەوەی سوید ئاسایشی نیشتمانیی خۆی لا گرنگە یان پشتیوانیکردنی لە مافەکانی کورد و مرۆڤ، بینیمان چۆن لەگەڵ تورکیا رێکەوت و قەدەغەی فرۆشتنی چەکی لەسەر تورکیا هەڵگرت و بە زۆر مەرجی دیکەش رازی بوو. 
ئەو رووداوە پێش چەند رۆژێک بەرلە سەردانی وەزیری بەرگریی سوید بۆ ئەنقەرە هات کە بڕیار بوو چەندین کۆبوونەوەی گرنگ بکەن.   
خستنەڕووی ئەو ئەگەرە سیاسییە بۆ ئەوە نییە لایەنی توندڕەویی راسموس باڵودان لە بیربکرێت، بەڵکو ئەو خاوەن بیرکردنەوەی ناهاوسەنگە و بەشێکە لە پرۆسەی گەشەپێدانی بیری توندڕەوی بەرامبەر ئەوانەی دەرەوەی بیرکردنەوەکانی ئەون، هەروەک نەدەبوو راسموس تورکیا وەکو خاوەنی ئیسلام ببینێت بە تەنها، چونکە ئەو کارەی تەنها تورکیای تووڕە نەکرد، بەڵکو کۆدەنگیی جیهان لە دژی هاتەکایەوە. لە مێژووشدا زۆر رووداوی هاندانی سیاسیی هەبوون کەوا ئاراستەی سیاسییان بە تەواوی گۆڕیوە و هاوکێشەکانیان پێچەوانە کردۆتەوە.

وتارەکانی نوسەر