نەهێشتنی رۆتین و بەجێهێنانی ئەرک

10:09 - 2023-01-29
هیوا محەمەد
286 خوێندراوەتەوە

گواستنەوە واتا، شەمەندوفەر، کەشتی، فڕۆکە، پاس و تراموای، میترۆی ژێر زەمین، ترێلی و لۆری، ئەسپ و گالیسکە و ئۆتۆمبێلە شەخسییەکان.
ئەوەی بۆ بوارە گشتییەکان بەکاردێت و سەر بە حکومەتن، یان ئەگەر بە یاسا بدرێنە کۆمپانیاکان، ئەوا لەژێر رێنماییەکانی وەزارەتی پەیوەندیدار دا دەبن.
لە هەرێمی کوردستان ئەوەی گشتییە تەنها هێڵی ئاسمانییە، جگە لەناو شارەکان، نە پاسی گەورە و بچووکی شارەوانی هەیە بۆ گواستنەوەی خەڵک، نە کەشتی و دەریامان هەیە، نە میترۆ و شەمەندوفەر و هێڵەکانی تر، کەچی وەزارەتی گواستنەوەمان هەیە.
پاسە بچووکەکانی ناو شار( کۆستەرەکان) ، بە ئارەزووی خۆیان نرخ دیاری دەکەن، یەکێک بە 500 دینار یەکێتر بە 750 دینار، بیانووی گرانکردن بەنزین بوو، ئێستا بەنزینیان بە هەرزان دەدرێتێ، کەچی نرخەکان بە بەرزی ماون. 
پێویستە وەزارەتی پەیوەندیدار بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت، پێویستە نرخ دیاری بکرێت بۆ تاکسی ناوەوە و دەرەوە و پاسەکانی ناوشار و نرخەکان بە جامی ئۆتۆمبیلەکانیانەوە بە لەزگە لێیبدرێت، هەروەک ئەوەی لە زۆر وڵاتدا هەیە.
دەبێت مەرجیان بۆ دابندرێت، ئاخر پاسی وا هەیە جگە لە دوکەڵی مەکینەکەی و بۆنی بەنزین و رۆنی ناو پاسەکە و بە تەکان رۆیشتنی، کورسییەکانیشی یان هێندە پیس و دڕاون، یان تەلی کوشنەکان جلەکانت دەدڕێنێ.
کورسی زیادەیان تێدا دروستکردووە، هەست بە ئاسوودەیی ناکەیت کە دادەنیشیت، یان تا دەگەیتە شوێنی مەبەست و دادەبەزیت لایەکت گێڕ دەبێت.
پاسەکان بەدەگمەن ئێرکۆندێشن هەڵدەکەن یان هەر تیایاندا نییە، زۆر ناشرینە کە لە گەراجی پاسەکان لوولەی موبەریدەیەک دەخەنە ناو پاسەکەوە تا پاسەکە پڕ دەبێت، جارێ ئەوەی کە لە ئاستی ئەو لوولەیە دادەنیشێت لایەکی رەق دەبێت و ئەوانی تریش هەوای ساردیان پێناگات.
ئەمە دیاردەیەکی ناشرینە بۆ شارێکی وەک سلێمانی، پێویستە ئەو پاسانە ئیرکۆندیشنیان تێدا بێت، ئەوکات نرخەکەش بەم جۆرە بمێنێتەوە ئاساییە.
شوفێری تاکسی و پاسەکان دەبێت مۆڵەتی تایبەتییان بدرێتێ، لە دوای تێپەڕبوونیان بە چەندین وانە و خولی تایبەتدا، ئەوان نابێت لە مامەڵەیاندا تووڕە بن، نابێت خێرا لێبخوڕن، جاری واهەیە کەسێک قاچێکی لە پاسەکەدا ماوە پاسەکە دەڕوات و کەسەکە یان دەکەوێت یان دەشڵەژێت.

  

دابینکردنی پاسی گواستنەوەی ناوشار بە هەلومەرجی پێویست

پاسەکە بیست کەسی تێدایە، بەڵام بە خێراییەک دەڕوات ئۆتۆمبێلی شەخسییش کە بە تەنها لە ژیانی خۆی بەرپرسیارە واناڕوات، دەیان ئیستۆپی لەناکاو دەگرێت، سەرنشینەکان بە راست و چەپدا جۆلانە دەکەن، رەنگە لەناو ئەو سەرنشینانەدا پیر و نەخۆش هەبن، کەسێک دیسکی هەبێت، یان نەخۆشی دڵ، ئەم خێراییە کاریگەریی خراپی دەبێت بۆیان، ئەگەر بە شوفێرێک بڵێیت بەم هۆکارە تۆزێک لەسەرخۆ بڕۆ، پێت دەڵێ ئەگەر وایە با سوار نەبێت، من بەم خێراییە نەڕۆم هیچم دەست ناکەوێت.
ئەمە کاری ئەو وەزارەتەیە کە بۆ گواستنەوە دانراوە، لەکوێدا جێ دەستیان دەبینین تا بڵێین ئەگەر ئەم وەزارەتە نەبێت ئەوا بێسەروبەری دروست دەبێت، کە ئێستا دروستبووە و وەزارەتیش هەیە.

وتارەکانی نوسەر