هاوپه‌یمانی فه‌رمانڕه‌وا له توركیا كه پێكهاتووه له پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان (ئه‌كه‌په) بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان و پارتی نەتەوەپەرست (مه‌هه‌په) بە سەرۆکایەتی باخچەلی، ده‌خوازن هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته بكه‌ن، هه‌رچه‌نده كاتی یاسایی هه‌ڵبژاردنه‌كه له حوزه‌یرانی (2023)دایه، به‌ڵام ئه‌ردۆغان پێشنیازی كردووه له 14ئایاردا بكرێت، كه پێشتریش ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی ئه‌و كاته‌ی لاپه‌سه‌ندتر بوو .
14 ئایاری 1950 یش ئاماژه‌گه‌لێكی تێدایه، چونكه یه‌كه‌مجاربوو پارتی گه‌لی كۆماری كه به‌ته‌نیا حوكمڕانی توركیای نوێی ده‌كرد له دامه‌زراندنییه‌وه، شكستی هێنا لەو هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌دا به‌رامبه‌ر بە حزبی دیموكرات كه ئۆپۆز‌سیۆن بوو، به‌ڵام زۆرێك له پسپۆڕانی دۆخی توركیا ئه‌و رۆژه بۆ به‌ڕێووه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانیی (ئه‌كه‌په و مه‌هه‌په) به هه‌ڵه ده‌زانن، چونكه واتای سه‌ركه‌وتنی ئۆپۆز‌سیۆن ده‌گه‌یه‌نێت بۆ گرتنهدەستی ده‌سه‌ڵات.
به‌ڵام جێگیركردنی ئه‌و ڕۆژه بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن پێویستی به زۆرینه‌ی ده‌نگی (360) په‌رله‌مانتاری توركیا‌یه، ئه‌و ژماره‌یه‌ش زیاتره له ده‌نگه‌كانی هاوپه‌یمانی فه‌رمانڕه‌وا، كه پێویستیان به ده‌نگی هه‌ندێك لایه‌نی تری ئۆپۆز‌سیۆن ده‌بێت بۆ تێپه‌ڕاندنی بڕیاره‌كه.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی فه‌رمانڕه‌وا هه‌ر سووربن له‌سه‌ر جێگیركردنی ئه‌و رۆژه، ئه‌وا ئه‌ردۆغان وەک سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه و ده‌توانێت به بڕیارێكی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و كاته جێگیربكات، به‌ڵام لێره‌دا كێشه‌یه‌كی تری بۆ ده‌خوڵقێت، كه ئه‌ویش مافی خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی نامێنێت بۆ جاری سێیه‌م به‌گوێره‌ی ده‌ستووری توركیا، له‌و حاڵه‌ته‌شدا مه‌گه‌ر لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا ده‌ریچه و شرۆڤه‌یه‌كی ده‌ستووریی بۆ بدۆزنه‌وه كه ماف به ئه‌ردۆغان بده‌ن بۆ خولی سێیه‌م خۆی كاندید بكاته‌وه.
پرسیاره‌كه‌ش لێره‌دایه، باشه بۆ پێشخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كه بۆ ئه‌و ماوه كورته (40) رۆژ، ئه‌م ئاڵۆزی و بێنه و به‌رده‌یه ده‌بێت چی بێت و سوودی بۆ كێ بێت؟
هۆكاری یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه، كه مافی ئه‌ردۆغان بۆ خۆكاندیدكردنه‌وه نه‌كه‌وێته ململانێ و گێرمه‌وكێشه‌وه كه ده‌ستووری نوێ به دوو خوول دیارییكردووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ گومان و به‌هانه‌یه‌كی بۆ دروست نه‌بێت له كاتی سه‌ركه‌وتنی له‌م خووله‌دا، كه خۆی وا به ته‌مایه.
هۆكاری دووه‌م ئابوورییه، ئه‌گه‌ر تائێستا به هه‌ندێك رێكاری وه‌كو زیادكردنی مووچه و كه‌مكردنه‌وه‌ی باجه‌كان توانیوێتی به شێوه‌یه‌كی كاتی دۆخی ئابووریی فشه‌ڵی توركیا رابگرێت، پێناچێت بتوانێت درێژه‌ی پێ بدات و دوای هه‌ڵبژاردن دۆخی ئابووری خراپتر ده‌بێت.
ئۆپۆزسیۆنیش له‌لای خۆیانه‌وه رایانگه‌یاند، كه ئه‌وان به هیچ پێشخستنێك قایل نابن بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن ئه‌گه‌ر پێش شەشی نیسان نه‌بێت، چونكه ئه‌م یاسا نوێیه‌ی هه‌ڵبژاردن كه هاوپه‌یمانیی حوكمڕان خۆیان ده‌ریانكردووه، له دوای ئه‌و وادەیەوە ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رسووڕمانه، هه‌رچه‌نده رۆژی 14 ئایاریان پێشنیاز كردووه، به‌ڵام به‌ره‌ی شه‌ش قۆڵی ئۆپۆز‌سیۆن خۆیان مت كردووه و ده‌نگیان لێوه نایه‌ت، ته‌نها لێكدانه‌وه‌ش بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان ئه‌وه‌یه كه ئۆپۆز‌سیۆن (بە بۆچوونی خۆیان) به مسۆگه‌ری به ته‌مای بردنه‌وه‌ن و سه‌ركه‌وتنیان له گیرفانیاندایه!