گەڕان بەناو شەپۆلەکاندا

09:29 - 2023-02-02
وتار
548 خوێندراوەتەوە

سمکۆ چنارەیی

کتێبی گەڕان بەناو شەپۆلەکاندا، مێژووی پڕ سەروەریی عەدەد جیهازەکانە لە شۆڕشی نوێدا و بەتایبەتیش نێوان ساڵانی 1980- 1991 لە نووسین و ئامادەکردنی عوسمان عومەر (عوسمانی جیهاز) ەو بەرگی یەکەمی 477 لاپەڕەیە و لە 2022  و بەتیراژی هەزار دانە لەلایەن بۆردی ئەرشیف و مێژوو ئۆرگانی مەکتەبی گەشەپێدانی بیروهۆشیاری بڵاوکراوەتەوە.
گەڕان بەناو شەپۆلەکاندا لە 10 بەشی گرنگ و پڕ لە وردەکاری و نووسینی بەبڕشت لە زانیاری و بەڵگە و مێژووی بێتەل و کەسانی کارپێکەری ئەو بوارە دەکات لە شۆڕشی نوێدا، نووسەری پەرتوکەکە زۆر شارەزا و دڵسۆزانە و خەمخۆرانە  تەنانەت وەک توێژینەوەیەک و لێکۆڵەرەوەیەکی زانستی و مێژوویی بابەتەکانی پەرتوکەکەی نووسیوە، ئەوەش نیشانەی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر هاوڕێ و هاوپیشەکانی لەکایەیی بێتەلیدا.
هەر لەو پەرتوکەدا مێژوو و قۆناغەکانی گەشەکردنی دەزگاکانی پەیوەندیکردن و گەیاندن و یاسا و نەریتەکانی ئەو بوارە و مێژووی سەرهەڵدانی شفرە و شۆڕشی کورد و رۆڵی بێتەل لە داستان و نەبەردییەکانی هێزی پێشمەرگە و وەرگرتنی زانیاری گرنگ لەکاتی گەڕان بەناو شەپۆلەکاندا، گوێبیستی چەندین نهێنی دوژمن بوون و دواتر بەسوود بۆ هێزی پێشمەرگە گەڕاوەتەوە و هەر بەهۆی زانیاری عەدەد بێتەلەکانەوە زیانی گەورە بەر دوژمن کەوتووە.
وەک ئەوەی ساڵی 1988 لەکاتی شەڕەکانی مەڵبەندی سێ و چوار لە لاپەڕە 216 و217 ئاماژەی پێکردووە، جگە لەوانەش چەندەها زانیاری تر لە دووتوێی لاپەڕەکانی کتێبەکەدا جێگایان بۆ کراوەتەوە و تەنانەت نوکتە و بە هەڵە وەرگرتنی زانیاری لە عەدەد بێتەلەکان، وەک بوونی حەوت بارانگێر بە حەوت بارگیر، بەشێوەیەکی تەنز و کۆمیدی لە لاپەڕە 224 باسکراوە، لە بەشەکانی کۆتایشدا ژیاننامە و سەربوردەی 102 و عەدەد بێتەل بەجوانی خراوەتەڕوو، هەروەها ئەلبومی ئەو بێتەلانەی لە شۆڕشی نوێ بەکارهێنراون لەگەڵ ناو و جۆرەکانیان و شێوازی بەکارهێنانیان نووسراوە، سەرەڕای چەندین بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتی گرنگی ئەو سەردەمە.
لە کۆتایشدا وێڕای دەستخۆشی بۆ کاک عوسمانی جیهاز، پێشنیاز دەکەم دیواربەندێک یاخود شوێنێکی دیار و شایستە بەناوی تێکۆشەرانی (عەدەد بێتەلەکان) لە شوێنێکی گەنجاو بکرێتەوە و ناو بنرێت، تاوەکو رۆحی شەهیدانی عەدەد بێتەل شادبێت و زیندوانیش شانازی بە خەباتی ماندونەناسانەی ئەوێ رۆژێی خۆیان بکەن.

وتارەکانی نوسەر