دوای ساڵێک لە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا

10:22 - 2023-02-08
نەوزادی موهەندیس
354 خوێندراوەتەوە

نزیکەی ساڵێک بەر لە ئێستا، روسیا هێرشی كردە سەر سنوورەكانی ئۆکرانیا، بەمەش جیهان تووشی شۆک بوو، ئیدی لەو رۆژەوە تا ئێستا هەموو جیهان و لە هەموو روویەکەوە، پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە‌ كە زۆر جیاوازە لە قۆناغی پێش هەڵگیرسانی جەنگەكە. 

جەنگی روسیا و ئۆکرانیا نییە
ئەو جەنگە كە بە ئاشكرا لە نێوان ئۆکرانیا و روسیادایە وەك دوولایەنی سەرەكی جەنگەكە، بەڵام لە واقیعدا لە نێوان روسیا و هەموو كیشوەری ئەوروپا و ئەمریكادایە، چونكە ئەگەر هاوكاریی زۆری ئەوروپا و ئەمریكا نەبوایە، رەنگ بوو ئێستا ئۆکرانیا وەكو وڵاتێكی خاوەن سەروەریی لەسەر نەخشەی جیهان نەمایە و ببوایەتە بەشێك لە خاكی روسیا. 
لە هیچ روویەكەوە ئۆکرانیا هاوشانی توانا  و هێزی سیاسی و ئابووری و سەربازیی روسیا نەبووە و نەیدەتوانی خۆی رابگرێت.
بەهۆی ئەم پشتیوانیە بەردەوامەی ئەوروپا و ئەمریكاوە ئۆکرانیا تا رادەیەكی باش  توانیویەتی تا ئێرەی بێنێت و رێگەنەدات هێزەكانی روسیا زۆر پێشڕەوی بكەن. 

روسیا لە جیهان دابڕاوە
ئێستا روسیا كەوتۆتە دۆخێكی سەختەوە و تا رادەیەك لە جیهان دابڕاوە بەهۆی ئەو گەمارۆیانەی لەسەری دانراون، بەشێوەیەك نەوتەكەی بە نیوە نرخی بازاڕەكانی جیهان دەفرۆشێت و هێشتا كڕیاریشی زۆر نییە. دابڕێنراوە لە سیستمی SWIFTبازرگانی و دارایی و بانكی جیهانی كە كاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر مامەڵە ئابووریەكانی روسیا لەگەڵ جیهاندا.
پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە، ئایا تاسەر روسیا خۆڕادەگرێت لەبەرامبەر ئەم هەموو گوشارەی خۆرئاوادا و دەتوانێت نەچەمێت لەبەردەمیاندا؟ ئایندەی ئەم جەنگە بەرەو و كوێ‌ و بە چ ئاراستەیەكدا دەچێت؟
ئەوروپییەكان بەتایبەتی لە سەرەتای جەنگەكەوە ترسێكی گەورەیان لێنیشت لە پلان و  هێز و گەورەیی ناو و ناوبانگی روسیا لە هەموو رووەكانەوە، بەتایبەتیش كە ئەوان بەشێوەیەكی سەرەكی پشتیان بەستبوو بە غازی سروشتی روسیا، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات  توانیان خۆیان لەگەڵ دۆخەكەدا رابهێنن و كەوتوونەتە خۆ بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوەی غازی روسیا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای سپیدا، بۆ دابینكردنی خۆراكیش و بەتایبەتیش گەنمی ئۆکرانیا توانیان كە رێكەوتنێك بە روسیا واژۆ بكەن بە نێوەندگیری توركیا كە رێگەی هەناردەكردنی گەنم بدات.

بەردەوامی جەنگ  لە بەرژەوەندیی  کێدایە؟
بەشێوەیەكی گشتی بەردەوامبوونی جەنگەكە لە بەرژەوەندی هیچ لایەكیاندا نییە، چونكە ماڵوێرانی و كاولكاری و پاشەكشەیەكی گەورەی بەدواوەیە لەسەر هەموو ئاستەكان و بۆ روسیا زۆر كاریگەرترە، چونكە بەتەنهایە و ئۆکرانیاش پاڵپشتی هەموو ئەوروپا و ئەمریكای لەگەڵدایە. 
درێژەپێدانی جەنگەكە بە زیانی گەورەتری روسیا تەواو دەبێت و رەنگە لە كۆتاییدا لەبەرامبەر ئەمریكا و ئەوروپیەكاندا بچەمێت و تاسەر خۆڕانەگرێت، یانیش بەردەوام بێت و بۆ دواجار رەنگە پەنا بباتە بەر بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمیش كە گەلێك جار رایگەیاندووە.
بۆیە ئایندەی شەڕەكە هەر راوەستانە بەهۆی لێڕۆیشتنی بێشووماری توانای سەربازی و ئابووریەكانی هەردوو لاوە، ئەوەتا وەك بڵاوكراوەتەوە كە روسیا تا ئێستا 180-200هەزار سەربازی بریندار و كوژراوی هەیە و ئۆکرانیاش  رەنگە بەهەمان ژمارە كوژراو و برینداری هەبێت و لەسەرەتای جەنگەكەشەوە زیاد لە  سێ ملیۆن و نیو هاووڵاتی ئاوارەی ئەوروپا و ناوخۆی وڵاتەكە بوون، وێرانكارییەكی گەورەشی تێدا رووداوە كە بە زیاتر لە 100ملیار دۆلار مەزنەدە دەكرێت. 
ئیدی لە قۆناغێكدا ناتوانن بەردەوامی بە جەنگەكە بدەن. جا كاتێك  بەگریمانەی ئەوەی كە روسیا داوای گفتوگۆبكات، ئەوا لەبەرامبەردا ئۆکرانیا و هەموو خۆرئاوا قورسترین مەرجەكانی بەسەردا دەسەپێنن و لەكۆتایشدا ئەگەر روسیا تەنانەت لەسنوورەكانی خۆشیدا بمێنێتەوە، ئەوا لەسەر ئاستی دونیا ئەو قورسایی و نرخ و ناوبانگە گەورەیەی نامێنێت و دواتریش خۆرئاواییەكان كە لە مێژە و زیاتر لە 70ساڵە هەوڵی  لەناوبردن و بچووككردنەوە و لاوازكردنی دەدەن، بە سەركەوتوویی و بە ئاشكرا دەچنە سەر سنوورەكانی روسیا و دەتوانن بە مانگە دەستكردەكان و سیخوڕەكان ملکەچ بکەن؟ 

روسیایەک دەمێنێت بەم شێوەیە؟
ئیدی روسیایەك نامێنێت كە بەهێز و خۆڕاگربێت و خۆی بە میراتگری  قەیسرییەكان و تەنانەت یەكێتی سۆڤیەتی جارانیش بزانێت و بتوانێت ركابەریی ئەوروپا و ئەمریكا بکات.
ئەوكاتیش جیهان دەبێتە گۆڕەپانێكی پان و بەرین بۆ ئەمریكای رابەری جیهان، هەموو ئەوروپا و سیستمی سەرمایەداریش نەك هەر مەرگی حەتمی خۆی دەبینێت وەك ماركسییەكان لەمێژە خەونیان پێوەدەبینی  و لە ئەدەبیاتی حزبە شیوعییەكاندا هەڵایان لەسەردەكرد، بەڵكو هەنگاوی گەورەتریش دەنێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هەموو جیهان و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
دواتریش جەنگە سارد و گەرمەكانی ئەمریكا و ئەوروپا دژی هەریەكە لە چین و كۆریای باكوور و ئێرانیش پێدەنێتە قۆناغ و سەردەمێكی نوێوە كە هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت ئێستا پێشبینی بۆ ئایندەی ئەو ململانێ توندە بكات، لەكاتێكدا چین بۆتە ركابەری سەرەكی و بەهێزی ئەمریكا لە رووی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و تەكنۆلۆجیاوە و هەوڵی رفاندنی پارووی دەمی ئەمریكا دەدات لە هەموو جیهاندا لە رێگەی پلان و بەرنامەی ستراتیژی پشتێنە و رێگاوە.
جیهان و ئایندەی مرۆڤایەتی رەنگە بەرەو قۆناغێكی مەترسیدارتر هەنگاو بنێت كە ئەوسەری تونێلەكە  بۆ هیچ كەس روون نییە و تاریكترە لەوەی پێشبینی دەكرێت.

هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ ئۆکرانیا، ئاگری جەنگەکە بە تینتر دەکات

وتارەکانی نوسەر