شەن و کەو

جێگیرکردنی بەهای دینار سەرکەوتوو دەبێت؟

09:00 - 2023-02-09
مستەفا محەمەد
433 خوێندراوەتەوە

لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیە کە هاوکات بوو لەگەڵ تێپەڕاندنی وادەی «100» رۆژی کابینەکە، ئەو بڕیارەی بانکی ناوەندی پەسندکرا لەبارەی گۆڕینی بەهای دینارەوە لەبەرامبەر دۆلار بەوەی هەر دۆلارێک بەهاکەی بە «1300»دینار جێگیربێت و ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلاردا.
ئەم بڕیارە هەرزوو پێشوازیی لێکراو زۆرێک حزب و لایەنی عیراقی بە هەنگاوێکی کارایان لێکدایەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ناجێگیریی دراو، بە قسەی ئەوان بێت رێکارەکە رێگردەبێت له هاتنەخوارەوەی بەهای دینار بەتایبەت کە چەند هەفتەیەکە دۆخی ئابووریی عیراقی هەژاندووە و کاریگەریشی لەسەر دەرچواندنی پڕۆژەیاسای بودجەی «2023» هەبووە.
لەڕاستیدا  ئەم هەنگاوەی کابینەکەی سودانی بۆ جێگیرکردنی نرخی دراوی عیراقی گرنگە، بەڵام مانای کۆتایی هاتنی قەیرانەکە نییە، چونکە دۆخی ئابووری عیراق بەهۆی ناهەمواریی دۆخی سیاسی و هەڵتەکاوی ژێرخانی ئابووریی و ناڕوونی لە داهات و گەندەڵی پلانداردا لەئاستێکی هێندە هەڵکشاو و مەترسیداردایە، ئەستەمە بەئاسانی دەستی حکومەت  بۆ چارەی ریشەیی قەیرانەکە واڵا بکات.
داڕمانی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کە لەچەند هەفتەی رابردوودا بینرا، سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە ئەگەر پلانێکی تۆکمەو کۆمەڵێک رێکاریی خێرا لەلایەن کابینەکەی سودانیەوە نەگیرێنەبەر، مەسەلەی جێگیرکردنی بەهاکەی لە موازەنەدا تەنها رێکارێکی کاتیی و سەرچیخانە دەبێت و دوور نییە لەچەند هەفتەیەکی تردا دۆخەکە بەرەو خراپی زیاتر ببات، ئەمەش دواجار ناڕەزایی شەقامی عیراقی بە دوای خۆیدا دێنێت و قەیرانێکی سیاسی نوێ بۆ کابینەکەی سودانی دەخوڵقێنێت!
 گرنگترین رێکار کە پێویستە سودانی بیگرێتەبەر و لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی بەڕوونی دانی پێ دانا کە هۆکارێکی سەرەکی بووە لەدابەزینی بەهای دینار و وای کردووە گرفتی گەورە لەنێوان عیراق و بانکی فیدڕاڵی ئەمریکیدا بخوڵقێنێت، رێگرییە لەبردنە دەرەوە و سپیکردنەوەی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات، کە بەبیانووی کڕین و فرۆشتنی پێداویستیەوە لەلایەن هەندێ وڵاتانی دراوسێوە بەسوود وەرگرتن لە لایەنی ناوخۆیی عیراقی دەستی بۆ براوە، هەروەها خستنەڕووی دۆلاریش بەڕێژەیەک کە ئاستی خواستی نێوخۆ پڕبکاتەوە، لەگەڵ بڕیاردان بە مامەڵەو دانەوەی قەرزەکانی عیراق بە دینار و رێکخستنەوەی لێدانی پارە تا یەدەگی دراو لەبانکی ناوەندیدا بە بەرزی بهێڵێتەوە،  هەنگاوی ئابووریانەی پڕ بایەخی ئەوتۆن کە لەڕێگەیانەوە دەتوانرێت ئابووریی نیشتمانی وەک دامەزراوەیەکی تۆکمە لەهەڵبەز و دابەز و ناسەقامگیریی بپارێزێت.
هەروەک پێویستیشە حکومەت لەدابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار هەنگاوی بوێرانە بهاوێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بۆرسەو پێگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و راگرتنی ئەو بڕیارە نامەدروسەی کە رێگەی دەدا بە ناوی گەشت و سەفەری دەرەوە بڕێکی زۆر لە دۆلار بچێتە دەرەوەی عیراق و هاووڵاتیانیش لەناوخۆدا باجەکەی بدەن، بێگومان ئەم هەنگاوانە هەموویان بەیەکەوە کاریگەریی و رەنگدانەوەی ئەرێنیان دەبێت لەسەر ژیان و بژێوی هاووڵاتیان
حکومەتەکەی سۆدانیش بەبێ ئەم رێکارانە، ناتوانێت بەهای دینار جێگیر بکات، بەڵکو قەیرانەکە گەورەتر دەبێت، دواتر تەنها بازرگان و گەندەڵکارانی بواری سپیکردنەوەی دراو سوودمەندی سەرەکی دەبن،  لەوەش مەترسیدارتر داشکاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار کاریگەرییەکانی بەسەر دۆخی بازاڕو ژیانی هاوڵاتیاندا سلبی دەشکێتەوە.

وتارەکانی نوسەر