رەهەندی مرۆیی و نەتەوەیی لە کەمپینی ״ هاوخەمتانین ״ دا

10:35 - 2023-02-12
جەمال ئارێز
283 خوێندراوەتەوە

دوای راگەیاندنی کەمپینی «هاوخەمتانین» لە دەزگای میدیایی کوردسات-ەوە بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەزەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کە بەهۆیەوە جگە لە داڕمانی چەندین خانوو و باڵەخانە و گیانلەداستدان و برینداربوونی دەیان هەزار کەس و سەرگەردان بوونی سەدان هەزار خێزان لەو بەشانەی کوردستان، بە سەدان و بگرە هەزاران کەس و خێزانی شارە جیاجیاکانی باشووری کوردستان، سەرەڕای دۆخی ناهەمواری بژێوی و ئابووریی باشوور بە لێشاو لە سۆنگەی هەستی مرۆیی و نەتەوەیی و نیشتمانییەوە کەوتوونەتە خۆو بە شێوەیەکی جوامێرانە بەرەوڕووی کەمپینەکە چوون.
وێڕای ئەوەش بە دەیان و سەدان کچ و کوڕی گەنجی سەلار و مێرخاس بە شێوەیەکی خۆبەخشانە رۆژ و شەویان خستۆتە سەریەک بۆ رێکخستنی کاروباری کەمپینەکە و پۆلێنکردنی پێداویستییەکان و ئەمبارکردن و رەوانەکردنیان تا بەزوویی بەفریای لێقەوماوان بگات.
ئامانجەکانی کۆمەک
چەند رۆژی رابردوو هەموان شایەتی ئەوە بووین کە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و رێکخراوەکان بانگەوازی کۆمەکیان بۆ خەڵکی ناوچە کارەساتبارەکانی تورکیا و سوریا کرد و چەندین وڵات و رێکخراویش بە فیعلی کەوتوونەتە ناردنی کەلوپەلی فریاگوزاریی و هاوکاریی مرۆیی، بەڵام هەریەک لەم وڵات و رێکخراوانە لە سۆنگەی تێڕوانینی جیاواز و بە ئامانجی جیاجیا ئەو هاوکارییانە پێشکەش دەکەن.

هاوکارییەکانی خەڵک بۆ کەمپینی ״ هاوخەمتانین ״ بۆ خەڵکی باکوور و رۆژئاوای کوردستان

 هاوکاریی و کۆمەکی مرۆیی
زۆر رێکخراوی گەورە هەن لە جیهاندا سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن یان هەر رێکخراوی (NGO)ی وڵاتانن کە لە هەموو کێشە و گرفتە جیهانییەکاندا جا جەنگ و پێکدادانە ئیقلیمییەکان بێت یان کارەساتە سروشتییەکان، هاوکاریی دەگەیەننە خەڵک و ناوچە کارەساتبارەکان و ئامانجی راگەیەندراویشیان تەنها لایەنی مرۆییە و بەشێکیان لەو بڕە ئابوونەیەی وڵاتانەوە دەستگیرۆییان دەکرێت کە دەدرێت بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەرچی رێکخراوە (NGO)کانی وڵاتانیشە چ لەلایەن حکومەتەکانی وڵاتەکانیانەوە دەستگیرۆیی دەکرێن و بودجەی ساڵانەیان هەیە و سەرەڕای ئەوەش لەلایەن خێرخوازانەوە هاوکاریی دەکرێن و لە حاڵەتە ئاساییەکاندا وەبەرهێنان لە داهاتەکەیاندا دەکەن و قازانجەکەی دەکەنەوە سەرمایە بۆ ئەو دۆخە کتوپڕانەی لە ناوچە کارەساتبارەکاندا روو دەدات.

هاوکاریی سیاسیی و ئابووری
زۆر وڵات و رێکخراو کە ئێستا هاوکاریی و کۆمەکی لێقەوماوان دەکەن، لەپشت هاوکارییەکانیانەوە پەیام و مەغزای سیاسی و ئابووریی و ئاینیی شاردراوە خۆیان مەڵاسداوە. چونکە هەندێکیان چاوەڕوانی هەڵوێست و هەنگاوی سیاسی لە وڵاتی بەرامبەر دەکەن، هەندێکی دیکەیان ئامانجیان بەدەستهێنانی پشک و قازانجی ئابووریی و بەشداریپێکردنی کۆمپانیاکانیانە لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کارەساتبارەکاندا.
هەندێکیشیان ئامانجیانە لەڕێگەی ئەو بەشدارییەوە هەڵمەتی تەبشیریی و ئایینی بۆ خۆیان بکەن و دەرفەتی پێویستی و لێقەومانی خەڵکی ناوچە کارەساتبارەکان بۆ ئەو ئامانجانە بقۆزنەوە.
ئەوەی خەڵکی باشووری کوردستان لە هەموو ئەوانە جیادەکاتەوە، هاوکاریی و کۆمەکەکانی ئەمان ئامانجێکی تەواو مرۆیی و نەتەوەیی هەیە، چونکە:
*ناوچە کارەساتبارەکان لە رۆژئاوا و باکووریش لەڕووی ئیدارییەوە تائێستا لە چوارچێوەی هەردوو دەوڵەتی سوریا و  تورکیادان.
*هەرێمی باشووری کوردستان ناتوانێت لەڕووی سیاسیی نێودەوڵەتییەوە هیچ رۆڵێک بگێڕێت لە گۆڕینی سیاسەتی ئایندەی ئەو وڵاتانە دەرهەق بە مەسەلەی کورد و کوردستان.
*لەڕووی ئابوورییەوە هێشتا باشووری کوردستان مەحکومە بە هاوردنی کاڵای هەناردەی ئەو وڵاتانە و لەڕووی ئاوەدانکردنەوەشەوە هەرێم زیاتر پێویستی بە توانای تەکنیکی و ئەندازیاریی ئەوانە، نەک کۆمپانیای ئەوتۆی هەبێت کە بتوانێت لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمدا بەشداریی لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی ناوچەی کارەساتباردا  بکات.
با هەڵوێستە رەسمییەکان ساردمان نەکاتەوە
بۆیە دەشێت لەسەر ئاستی میللی هاوکارییەکانی هەرێم بۆ خەڵکی ناوچە کارەساتبارەکان وەک سۆزێکی نەتەوەیی چاوی لێ بکرێت، دەنا لەسەر ئاستی دەوڵەتەکان لە باشترین حاڵەتدا وەک هاوکاریی و کۆمەکی خەڵکی (باکووری عیراق) تەماشا دەکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
بۆیە بەشدارییکردن لەو کەمپینانەدا لە مەحفەلی رەسمیدا بەهەر شێوەیەک خوێندنەوەی بۆ بکرێت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە هەستی مرۆڤدۆستی و نەتەوەییمان زاڵ بێت بەسەر ویستی سیاسی و ئابووریی و تەبشیریدا و سیاسەتی رەسمیی وڵاتەکان نەبنە لەمپەڕ لەبەردەم ئەو هەستی هاوخەمی و هاوپشتییەدا.  

وتارەکانی نوسەر