کێشەکانی پرسی هەڵبژاردن

10:42 - 2023-02-12
عەتا تەها
387 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن لە سادەترین پێناسەدا بریتییە لە پڕۆسەیەکی دیموکراسی و ئاشتییانەی دەسەڵات کە گەل یاخود تاک تیایدا بەشێوەیەکی ئازادانە مافی هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی هەبێت،  ئامانج لەم پڕۆسەیە دەستاودەستکردن و ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتی ئاشتییانەیە لە رێگەی نوێنەری متمانە پێکراو و هەڵبژێردراوی گەل، بە مەبەستی فەراهەمکردنی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانیی زیاتر. 

هەر وڵاتێک تایبەتمەندی و شێوازی یاسا و رێسا و میکانیزمی تایبەت بەخۆی هەیە، بە جۆرێک کە لەگەڵ بەرژەوەندیی خەڵک و میللەتەکەیدا بگونجێت، هەموو ئەو وڵاتانەی کە بە مانای راستیەقینە دیموکراسی پەیڕەو دەکەن، وەک ئەوەی کە هەیە و بڕوای تەواویان بە پڕۆسەی هەڵبژاردن هەیە، ئەوا دەستاودەستکردنی دەسەڵات زۆر سروشتی و نۆرماڵ دەبینن، کە ئەمەش هۆکاری کێبڕکێی نێوانیانە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە. 
سەرنجی یەکێتی لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتی خۆی دەبینێتەوە، بۆیە ڤیتۆی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان هەیە، لە راستیدا ئەمە نەک هەر یەکێتی، بەڵکو لەهەمانکاتدا زۆربەی هێز و لایەنە کاریگەرەکانی تری ناوچەکە، بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی کە هاوڕان لەگەڵ یەکێتی لەسەر هەندێک بابەتی پەیوەست بە سیستمی هەڵبژاردن کە دواجار ئەم سیستمە رۆڵ و کاریگەریی گەورە و یەکلاکەرەوەی هەیە لە پڕۆسەی سیاسی و حکومڕانیی و بڕیاردان لە هەرێم، چونکە پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان و پۆستە باڵاکانی تر لەسەر بنەمای بەرکەوتەی هەڵبژاردن یەکلادەکرێتەوە، هەربۆیە یاسای هەڵبژاردن چەندە خاوێن بێت، پڕۆسەی دەنگدان هێندە شەفافتر دەبێت.
سەرخستنی پڕۆسەکە پابەندبوونە بە دەرەنجام و قبووڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن  کە دیسان ئەمەش دەروازەیەکە بۆ بەدیهێنانی حکومڕانییەکی مەدەنی و تەندروست.
ئەوەی ئێستا لایەنەکان داوای دەکەن بەتایبەتی یەکێتی، زۆر پێداگیری لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکات، شتێکی هێندە قورس نییە تا نەتوانرێت داخوازییەکە جێبەجێ بکرێت، مەگەر لایەنێک رەنگە بە مەترسی بزانێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی. 
پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان کە خۆی لە سڕینەوە ناوی مردو و دووبارە یاخود هەر جۆرێکی تر لە ناخاوێنیدا دەبینێتەوە چ زیانێکی بۆ هەرێم هەیە؟
یەکێتی سیستمی فرەبازنەیی پێ باشە کە ئەمەش وا دەکات هەر ناوچەیەک نوێنەری خۆی هەبێت بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان، بەو پێیەی نوێنەری هەر ناوچەیەک زیاتر لە کێشە و گرفتەکانی ناوچەی نیشتەجێبوونی دەزانێت. یاخود داخوازی یەکێتی و زۆربەی  لایەنەکانی تر پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەی کورسی کۆتاکانە کە نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن. ئێستا زۆرجار پێکهاتەکان بەکاردەهێنرێن بەمەبەستی بەرژەوەندیی حزبی لایەنی تر. 
ئەوەی یەکێتی و ئەو لایەنانەی کە هاوڕا و هاوهەڵوێستن لەگەڵیدا داوای دەکەن بۆ ئەوەیە چیتر هەڵبژاردن دوانەکەوێت و هەرچی زووە هەڵبژاردنێکی بێگەرد بکرێت و هەرێم لەم دۆخە چەقبەستووە رزگاری بێت.

وتارەکانی نوسەر