زووم

ناوبانگ نەگبەتییە

10:42 - 2023-02-13
رۆزا دڵشاد مەریوانی
330 خوێندراوەتەوە

زۆرجار ناوبانگ و چوونە بەر رووناکی لە چاوی ئێمەی کەسانی ئاساییدا خۆشگوزەرانی و دەوڵەمەندی و ژیانە لە بەهەشتی سەرزەویدا، بەڵام رەنگە زۆربەمان نەزانین ناوبانگیش وەکو هەر شتێکی دیکە لەم ژیانەدا دوو لایەنەیە و وەکو چۆن لایەنی باشی هەیە لایەنی خراپیشی هەیە و هەندێکجار ئەو ناوبانگە دەبێتە ناوزڕاندن و نەگبەتیی و چارەڕەشی بۆ خاوەنەکەی، لەبەرئەوەی ناوبانگ و سەرکەوتنی لە رادەبەدەر وادەکات لەگەڵ زیادبوونی هەوادارانی ئەو ئەستێرەیەدا جا لەبواری گۆرانی و موزیکدا بێت یان لە بواری سینەما و تەلەفزیۆندا بێت دوژمنەکانیشی زیاد بێت و ببێتە ئامانجی ئاسان بۆ رق و بێزارکردن و تۆمەت دروستکردن و شێواندنی ناوبانگی ئەو ئەستێرەیە لەبەر هەر هۆکارێک بێت.
نموونەی لەو جۆرەشمان زۆر بینیووە دوای مردنی ئەستێرەکە ئینجا دەرکەوتووە هەموو ئەو تۆمەت و تاوانانەی لە ژیانیدا بۆی دروستکراوە هەڵبەستراو بوون و بێ تاوان بووە، وەکو ئەستێرەی  پۆپی ئەمریکی مایکڵ جاکسۆن لە راستیدا دوای مردنی مایکڵ و دەرکەوتنی بێ تاوانی ئەو ئەستێرەیە لەبارەی ئەو تۆمەتانەی دەخرایە پاڵی بۆ دەسکەوتنی بڕێک پارە، کەچی تا ئێستاش زۆربەمان لە ناخماندا هەر بە تەواوەتی باوەڕ بە بێ تاوانی ئەو ئەستێرەیە ناکەین، هەروەها ئەو ئەستێرانە تاوانبار بن یان بێ تاوان ناتوانین لەسەدا سەد لێی دڵنیابینەوە، بەڵام ئەوەی دەتوانین لێی دڵنیا بین  و بیزانین ئەوەیە پێش هەموو شتێک ئەو ئەستێرانەی لەسەر شاشە و بەر رووناکین مەخلوقێکی ناسروشتی و خەیاڵیی نین و ئەوانیش وەکو ئێمە مرۆڤن و هەڵە دەکەن، کاتێکیش قەناعەتمان بەوە کرد ئەوانیش مرۆڤن ئەو کاتە هەر هەڵەیەکیان کرد تووشی شۆک نابین و هەڵەکەش لە قەبارەی خۆی گەورەتر ناکەین، وەکو ئەوەی بڵێین ئەو مەخلوقێکی خەیاڵییە و چۆن هەڵە دەکات؟ لەبەرئەوە دەبێت دوو هێندەی مرۆڤی ئاسایی رقمان لێی بێت و سزای بدەین! هاوکات دەبێت بزانین هەر کەسێک کەوتە بەر چاوی خەڵکی و بەناوبانگ و سەرکەوتوو بوو زۆرجار بە قەبارەی ناوبانگەکەی دوژمنی بۆ زیاد دەبێت، بۆیە دەبینین ئەستێرەکان بە تایبەتی لەم سەردەمەدا رووبەڕووی رقی زۆر دەبنەوە، جگە لەوەی لەلایەن رۆژنامە و سایت و پەیجە زەردەکانەوە بێزار دەکرێن و وێنەگرەکانی پێیان دەوترێت پاپاراتزی بەردەوام بۆ هەموو شوێنێک بە دوایانەوەن و ناهێڵن چالاکیی ئاسایی رۆژانەیان بکەن، لە هەمانکاتیشدا کەسانێک هەن لەپێناو پارە یان تەنیا بۆ خۆشی و کات بەسەربردن و کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت و بەرزکردنەوەی ڤیوی پەیجەکانیان دەیانکەنە ئامانج و تۆمەتیان دەخەنە پاڵ، بۆیە هەمیشە کە بابەتێکی لەو جۆرە دەبینم تێدەگەم ناوبانگ نەگبەتییە.    

وتارەکانی نوسەر