97
گه‌رچی ته‌مه‌نت چل ساڵه و دایكی چوار مناڵی، به‌ڵام جوانییه‌كه‌ت وه‌كو خۆی ماوه. ئێستاش كه به رێدا ده‌ڕۆیت پیاوان به حه‌سره‌ته‌وه لێت ورد ده‌بنه‌وه. به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌سكارییه‌كی روخسارت بكه‌یت خۆت هه‌ر ئاسایی شۆخیت. به‌ژنی به‌رزت، چاوانی ره‌شت، لووتی باریك و گۆنا و ده‌م و لێوت، هه‌ر خۆیان بێوێنه‌ن، ئیتر چ پێویستیان به ده‌سكارییه؟
هه‌ر به سروشت ژنێكی ئاسایی و خاكی و دڵسافی، ئه‌مما نه‌ك هه‌ر گێل نیت، ئه‌وه‌نده زرنگ و هه‌ستیاری هه‌ر به بۆن په‌ی به راز و نیازی خه‌ڵك ده‌به‌یت، چجای مێرده‌كه‌ت كه نۆزده ساڵی رێكه له یه‌ك پێخه‌فدا پێكه‌وه ده‌خه‌ون، ده‌زانیت چه‌ند تاڵ موو به گیانییه‌وه‌یه، هه‌نووكه بیه‌وێت شتێكت لێ بشارێته‌وه، هه‌ر زوو ده‌یدۆزیته‌وه. كه‌سێكی دڵپیس نیت و ناشته‌وێ وابیت، كه‌چی ماوه‌یه‌كه لای مێرده‌كه‌ته‌وه بۆنی شتێك ده‌كه‌یت، بچووكترین به‌ڵگه‌ت له‌به‌رده‌ستدا نییه، یه‌ك تۆزیش ره‌فتاری به‌رامبه‌رت نه‌گۆڕاوه، تۆش هه‌روه‌كو یه‌كه‌م ساڵی زه‌ماوه‌ندتان خۆشتده‌وێت، ئه‌مما له روخساریدا هه‌ندێك نیشانه ده‌خوێنیته‌وه، ئاخر تۆ هه‌میشه وابوویت، به‌رله‌وه‌ی نه‌خۆش كه‌وتبێت، له سیمای‌دا به‌دیت كردووه، هه‌ر داواكارییه‌كی هه‌بووبێت به‌رله‌وه‌ی ده‌م بكاته‌وه له چاوانیدا خوێندووته‌ته‌وه.
له‌وه‌ته‌ی دوو گوێت رواوه، هه‌میشه ده‌ڵێی «رازی دڵ بۆ ژێر گڵ» بۆیه هیچ به كه‌س ناڵێیت، ورد ورد چاودێری هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كه‌یت. رۆژێك كه هه‌ردووكتان ده‌چن بۆ ده‌وام و مناڵه‌كانتان بۆ خوێندنگه، ده‌وری سه‌عات ده هه‌ر خۆته‌وه خه‌یاڵێكت بۆ دێت، بێده‌نگ بڕۆیته‌وه بۆ ماڵه‌وه، مۆڵه‌ت وه‌رده‌گریت و ده‌ڕۆیته‌وه، كۆڵان كپ و خامۆشه، ئوتومبێلی پیاوه‌كه‌شت له‌و ناوه نییه، به‌هێواشی ده‌رگای حه‌وشه ده‌كه‌یته‌وه، پێڵاوه‌كانت داده‌كه‌نیت، له‌سه‌ر نووكه‌پێ به‌كاوه‌خۆ به‌ره‌و ژووری نووستنه‌كه ده‌چیت، به‌هێواشی ده‌رگاكه ده‌كه‌یته‌وه، گه‌رما و گه‌رم له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه ده‌یانگری، هێشتا له یه‌كه‌م ماچدان، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیكه‌یت به هاتوهاوار داوا له مێرده‌كه‌ت ده‌كه‌یت بچێته ده‌ره‌وه، به‌ڵێنی ده‌ده‌یتێ په‌نجه بۆ ژنه‌كه نه‌به‌یت، وه‌كو دوو ژن دوو قسه ده‌كه‌ن و لێی ده‌گه‌ڕێی بڕوات.
پاش كه‌مێك ژنه به‌له‌چكێكه‌وه بێده‌نگ ده‌رده‌په‌ڕێت. مێرده‌كه‌ت به شه‌رمه‌وه دێته ژووره‌وه، به‌رله‌وه‌ی ده‌م بكاته‌وه، ده‌ڵێیت: «خۆزگه له من جوانتر بوایه! ره‌نگه گوناهی منیشی تیا بێت، ته‌نیا به‌ڵێنم بده‌رێ ئه‌مه یه‌كه‌مجار و دواجار ده‌بێ.» مێرده‌كه‌ت ده‌ستت ماچ ده‌كات. بۆ هەمیشە بابه‌ته‌كه داده‌خه‌ن.
دڵنیای ئه‌و ژنه‌ش دەبێتە دواجاری، جارێ هه‌تا سێ مانگ له ماڵ ده‌رناچێت، چونكه به مقه‌ست قژه درێژه‌كه‌ی له بنا هه‌ڵده‌پاچیت و بۆ یادگاری هه‌ڵیده‌گریت.