دابینکردنی هۆکارەکانی گواستنەوە

09:00 - 2023-02-16
هاشم غەمگین
884 خوێندراوەتەوە

دروستکردنی رێگاوبان، پرد، تونێل و ئاوەڕۆ یەکێکە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەبێت لە هەر وڵاتێکدا لە سەرەتای قۆناغی ئاوەدانی و بنیاتناندا کاری جدی و چالاکانەی بۆ بکرێت و بایەخ و گرنگیی تەواوی پێبدرێت، بۆ ئەوەی هاتوچۆی سەلامەت و دوور لە رووداو و کارەسات بێتە گۆڕێ پێویستە ئاسانکاریی هاتوچۆ بۆ شۆفێران مسۆگەر بکرێت.
باشبوونی رێگەوبان سوود و گرنگیی خۆی هەیە لەڕووی ئاسانکاریی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کشتوکاڵ و ئاودێری و سامانی ئاژەڵ لەگوندەکان و بەرەوپێشبردنی کەرتی پیشەسازیی و وزە و کەرتی گەشتیاریی و بواری هاتوچۆی فراوان بۆ ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان و رەخساندنی سەلامەتی هاتوچۆ بۆ هاووڵاتیان.
لە جیهاندا هێڵەکانی گواستنەوە بریتین لە هێڵی ئاسمانی، هێڵەکانی ئاسن، هێڵەکانی وشکانی و دەریایی و هەر یەکێک لەم هێڵانەش سوود و خەسڵەتی تایبەتی خۆیان هەیە، لەڕووی گەشەپێدان و پێشخستنی کەرتی ئابووری، ئاسانکاریی هاتوچۆ و پاراستنی ژینگە و چەندین سوودی دیکە.
* هێڵەکانی گواستنەوەی ئاسن: بەگشتیی خۆی لە سێ ئامرازدا دەبینێتەوە، شەمەندەفەر، میترۆ،  و تراموا بوونی هەر یەکێک لەم هێڵانە لە شاردا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان و پاکڕاگرتنی ژینگە و ئاسانکاریی بواری زیاتری هاتوچۆ هەروەها هەرزانی لەڕووی نرخەوە.
هەروەها دامەزراندنی هێڵی شەمەندەفەر دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ بێکاران و بەرەو پێشبردنی کەرتی گەشتیاریی و ئاسانتر گواستنەوەی کەرەستە و کەلوپەل و سووتەمەنی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، میترۆ و تراموا دوو هێڵی دیکەی گواستنەوەی ئاسنن کە لەناو شارە گەورەکاندا جێگیردەکرێت و بەشێوەیەکی خێراو بە کەمترین کات لەژێر زەویدا هاووڵاتیان بۆ گەڕەکەکان، بازاڕ و شوێنەگشتییەکان دەگوازێتەوە.
*هێڵەکانی وشکانی: پاس و تاکسی و ماتۆڕسکیل و پاسکیل دەگرێتەوە، هەرکەیان سیفەتی خۆی هەیە، بەڵام هێڵی پاس دەبێت بەسیستم و کاتی هاتوچۆکردنی رێکخراو بێت لەو وێستگانەی بۆیان دیاریکراوە.
*هێڵەکانی دەریایی: کەشتی، یەخت، پاپۆڕ و بەلەم دەگرێتەوە، کەشتی گەورەترینیانە لەتوانایدایە هەزاران گەشتیار و چەندان  لۆری و شاحینەی بارو ئۆتۆمبێل لەخۆ بگرێت کە بۆ مەبەستی گواستنەوە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر بەکاردەهێنرێت، هەروەها پاپۆڕ و یەخت بۆ گواستنەوەی گەشتیارانە بەنێو دەریا و دەریاچە و رووبارەکاندا بۆ مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش، پاشان گواستنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی ناوچەکەیان نزمە لەئاست بەرزی دەریاوە و هاتوچۆی نێوان ئەو گوند و شارانەی رێگەی ئاوییان هەیە.
هێڵە دەریاییەکان وەک هێڵەکانی دیکەی گواستنەوە بەندەری هەیە بۆ پشکنینی پاسپۆرتی گەشتیاران و کێشانی قەبارەی باری شاحینەکان و گومرک و رێکخستنی کاتی گەشتکردنی کەشتییەکان و هتد.
*هێڵی ئاسمانی: گرنگترین و خێراترین رێگەی گواستنەوەی نێوان وڵاتانە و بەهۆیەوە ئاسانکاری زۆر بۆ گەشتیاران و بازرگانان دەستەبەر دەبێت.
ئەوەی لێرەدا خڕاوەتەڕوو تەنها باسکردنی گرنگیی رێگاوبان و هێڵەکانی گواستنەوەیە، هەر وڵاتێک ئەم هێڵانەی گواستنەوەی بۆ هاووڵاتیان دابین کردبێت بە ئاسانتر دەتوانن کاروبارەکانی رۆژانەیان بەڕێبکەن.

وتارەکانی نوسەر