جەنگی ئۆکرانیا و روسیا و بێ بەهاکردنی گیانی مرۆڤ

10:15 - 2023-02-19
‎‎سۆزان حەمە تاتە
359 خوێندراوەتەوە

 جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا پێی ناوەتە قۆناغێکی ترسناکەوە، قۆناغی ئەوەی هەردوولا ماندووبوون و بارودۆخی ئابووری و سەربازییان تووشی جۆرێک لە ناهاوسەنگی بووە، کەچی هێشتا هیوایەک نییە بۆ چارەسەر، یان رێگە بەوە نادرێت ئاشتی جێگەی جەنگ بگرێتەوە.
راپۆرتێکی هەواڵگریی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) باس لە خراپیی بارودۆخی روسیا لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی لەسەر خاکی ئۆکرانیا دەکات و دەڵێت: «سوپای روسیا رووبەڕووی بەرگریی و بارودۆخێکی سەخت بۆتەوە بە شێوەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی 100 مەتر زەوی ئۆکرانیا، دوو هەزار سەربازیی خۆی بە کوشت دەدات».
واقیعی لەو جۆرە نزیکبۆتەوە لە داڕمانێک کە خەریکە رێلێگرتنی لە ئەستەم نزیک دەبێتەوە.
 دوو وڵاتی دراوسێ کار لەسەر کۆتایی یەکتری دەکەن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆتە بەشێک لە جەنگێک کە هاکا ناوەکەی بۆ جەنگی سێیەمی جیهانی گۆڕرا.
قۆناغەکانی جەنگەکە زوو گۆڕا، چونکە مەزەندەی جەنگەکە وابوو لە ماوەی 72 سەعاتدا هێزە سەربازییەکانی روسیا دەچنە ناو شاری کیێف-ی پایتەختەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دێت، هەربۆیە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا هێرشەکەی ناونا ئۆپەراسیۆنی تایبەت کە ئەوەش لە زمانی سەربازیدا بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکێکی خێرا و بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهاتووە، بەڵام مەزەندەی سەرکەوتنی روسیا وا دەرنەچوو، بەڵکو ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکە گۆڕرا بۆ جەنگێکی درێژخایەنی وا کە کۆتاییەکەی دیارنییە، بەڵکو رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو سەختتر دەڕوات و ئۆکرانیا لەناو قەیرانێکی گەورەی مرۆییدایە و قەبارەی زیانە مرۆییەکان گەورەتر دەبن.
ئامانجی روون ئێستا ئەوەیە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان، بەدوای ئەوەوەن بەهۆی ئەو جەنگەوە روسیا بەتەواوی لاوازبکەن و ئابوورییەکەی تێکبشکێنن، چونکە تێچووی رۆژانەی سوپای روسیا بەپێی هەندێک ئامار لە 50 ملیۆن دۆلار نزیک دەبێتەوە، گەمارۆی زۆر خراوەتە سەر کەرتە جۆراوجۆرەکانی ئابووری و بازرگانی ئەو وڵاتە و ئەوەش زیانی زۆری بۆی دەبێت.
هەرچی روسیایە بەپێی لێدوانی بەرپەرسەکانی ئامانجیان ئەوەیە مەترسییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا نەهێڵن و رێگە لە بەهێزبوونی بگرن، بۆ ئەوەش دەیانەوێت نزیکەی%60 ی سەرخان و ژێرخانی سوپای ئۆکرانیا تێکبشکێنن و بەوەش خۆیان بە سەرکەوتوو لە قەڵەم دەدەن.
ئەو جەمسەربەندییە جیهانییەی ئێستا هەیە خزمەتی گەیشتن بە ئاشتی ناکات، بۆیە مەترسییەکانی لەسەر ئاسایشی جیهان و مرۆڤایەتی زیاتر دەبن و تا چەندین دەیەی دیکەش شوێنەوارە خراپەکانی ناسڕرێنەوە.

تا ئێستا هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا، هاوسەنگیی هێزی نەهێناوەتە گۆڕێ

وتارەکانی نوسەر