ئەفەندینامە

کورد و بەڵای حکومەتی ئایدیۆلۆژی

10:16 - 2023-02-19
رەنج ئازاد
254 خوێندراوەتەوە

گرفتەکە هەر ئەوە نییە کورد دەوڵەتی نییە، بەڵکو ئەوەشە کە لە هەر کاتێکدا بێت، حکومەتی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بە پێودانگی هەڵاوێردن و دیدێکی ئایدیۆلۆژی و دوور لە قبووڵکردن و فرەیی، لە کورد و ناوچە کوردستانییەکانیان روانیوە.
پرس و پێودانگی فرەیی – پلورالیزم، قبووڵکردنی جیاوازییەکان و تێپەڕاندنی هەڵاوێردنە ئایدیۆلۆژییەکان (هەڵاوێردنی نەتەوەیی) بە نموونە، بوونەتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ناسینەوەی هەر دیموکراسییەکی باڵا و حوکمدارییەکی رەوادار و بێخەوش، بەتایبەتی لە ئاستە ناوخۆییەکەی سیاسەت و حوکمڕانی کردن، پێودانگ گەلێک، ئەگەر ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، تاقیکردنەوەی تێدا بکەن، بێ چەند و چوون، تێیدا دەکەون و کەوتوون.
دوایین کەوتن لەو تاقیکردنەوەیەدا حکومەت و دەسەڵاتی تورکیا بەرامبەر بە کورد نووسییەوە، کەوتن بەهۆی هەڵاوێردنەکانی دوای بوومەلەرزەکە.
لە تورکیا و باکووری  کوردستان کارەساتەکە وێرانکەرتر بوو و قوربانییەکی زۆری لەگەڵ خۆیدا برد، بەڵام تەنانەت دۆخێکی وا قورس، حکومەتی ئەو وڵاتەی رانەگرت لەوەی روانینی ئایدیۆلۆژی و هەڵاوێردن بخاتە لاوە و بە چەند شێوازێک رەفتارە هەڵاوێردکەرەکانی نیشانی کورد دایەوە، هەم لە باکوور، هەم لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان.
یەکێک لە رەفتارە ئایدیۆلۆژییەکان، پشتگوێخستنی ناوچە کوردستانییەکان و ئەو ناوچانەن کە هەدەپە دەنگی زۆری تیایاندا هێناوە، ئەمە زۆرێک لە سەرچاوە کوردستانییەکانی باکوور و چەندین تیمی فریاگوزاریی وڵاتانیش پشتڕاستیان کردەوە.
دوای چەند رۆژێکی کەم لە کارکردن، بەشێکی زۆر لە تیمی وڵاتانی یارمەتیدەر تورکیایان جێهێشت، نیگەرانبوون لە دوو شت، یەکەم، رۆتین و بێنە و بەردەی حکومەت بۆ کارکردنیان، دووەم، پشتگوێخستنی چەندین ناوچەی کارەساتبار کە دەکرا زووتر دەستی هاوکارییان بیانگاتێ.
ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری کورد، دوای چەند رۆژێک لە بوومەلەرزەکە، سەردانی شاری ئەدیامانی کرد، بە دەق ئەم رەخنەیەی گرت: «دەوڵەت نییە و گرنگی بە زۆرینەی شوێنەکان نادات، دەیەوێت خەڵک بە زیندوویی لەژێر بینا رووخاوەکاندا بمرن».
حکومەتەکەی ئەردۆغان رێگە نادات یارمەتییەکان، بە یارمەتیی وڵاتانیشەوە، بێ لۆگۆی ئاکپارتی بەسەر خەڵکدا دابەشبکرێن، پڕە لە خۆویستی و رەفتارێکی تەواو «ناپلورەڵ»، قۆستنەوەی کارەساتە وەکو هەڵمەتی هەڵبژاردن.
دەستی ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتی تورکیا گەیشتۆتە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەی کارەساتبار، هەموو کۆمەک و یارمەتییەکان، لە رێگەی دامەزراوە بەناو خێرخوازییەکانی سەربە تورکیا (وەقفی هاوکاریی مرۆیی) و گروپە چەکدارەکانەوە دابەشدەکرێن، لەوێوە، درێژەیان بە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان دا، رێگریی دەکەن لەوەی یارمەتییەکان بگەن بە ناوچە کوردییەکان، دەیانەوێت کارەساتەکە بکەنە دەرفەت بۆئەوەی ئەو کوردانەی لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە ماون، بەرەو ناوچەکانی خۆسەریی رۆژئاوا کۆچبکەن، هاوشێوەی تورکیاش، بینا رووخاوەکانی ناوچە کوردستانییەکان زۆربەیان بێ هەڵدانەوە ماونەتەوە.
لەلایەن چەند هاووڵاتییەکی تورکەوە کاردانەوە هەبوو بەرامبەر بە بەدەنگەوەهاتنی کورد بۆ کۆمەککردنی زیانلێکەوتووانی تورکیا سەرەڕای مێژووی درێژی «بە تیرۆریست ناساندن» و «شارستانیبوون»، چونکە ئەوەی لە منداڵی و قۆناغەکانی فێرکردنیانەوە، لەبارەی کوردەوە پێیان وتوون و فێریانکردوون، لەگەڵ بەدەنگەوەهاتنەکەی کورد، ئاسمان و رێسمان بوو.

وتارەکانی نوسەر