سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە قۆناغە جیاوازەکاندا

10:04 - 2023-02-20
نۆڤین مەجید ساڵح
359 خوێندراوەتەوە

نۆڤین مەجید ساڵح

  ئەحمەد داودئۆغڵو بۆ ماوەی زیاتر لە 13 ساڵ ئەندازیاری سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بوو، سەرەتا وەک راوێژکاری وەزیری دەرەوە لە ساڵی 2003 و دواتر وەک وەزیری دەرەوە لە ساڵی 2009 و پاشان وەک سەرۆک وەزیران لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2016. 

لە سەردەمی داودئۆغلۆدا، تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و سوریا و تەواوی وڵاتانی دراوسێدا رێکخست و پەیوەندییەکی ئاشتەوایی لەگەڵ هەمواندا  دروستکرد

سیاسەتی دەرەوەی تورکیا
لە سەردەمی داودئۆغلۆدا، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. لە ژێر سێبەری سیاسەتی دیپلۆماسی داودئۆغلۆ دا کە بە دیبلۆماسی بێ دوژمن یاخود (سفر کێشە) ناسراوبوو، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەل وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی خۆرئاوادا پەرەی سەند.  
   داودئۆغلۆ پێی وابوو بۆ ئەوەی تورکیا گەشە بکات و زیاتر بەهێز ببێت، پێویستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان بەهێزتر بکات بە تایبەتی وڵاتانی دراوسێ و  جۆرێک لە سیاسەت بەکاربهێنێت کە دوور بێت لە هەموو جەنگ و ناکۆکییەک. 
داودئۆغڵو لەڕووی کاریگەرییەکانی لەسەر ئاڕاستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا کەسایەتییەکی گەورە بوو. ئەو دیدێکی گەورەی هەبوو بۆ پێگەی تورکیا لە سیستمی نێودەوڵەتیدا، پێیوابوو مێژوو و جوگرافیا و سەرچاوە مرۆییەکان و سەرمایەی کۆمەڵایەتی وڵاتەکەی، پێویستی بەوەیە رۆڵێکی گەورەتر لە کاروباری نێودەوڵەتیدا بگێڕێت.  

پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و سوریا
   هەر لە سەردەمی داودئۆغلۆدا، تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و سوریا و تەواوی وڵاتانی دراوسێدا رێکخست و پەیوەندییەکی ئاشتەوایی لە نێوان تورکیا و ئەو وڵاتانەدا دروستکرد. هەروەها داودئۆغلۆ کاریگەرییەکی بەهێزی هەبوو لەسەر پەیوەندییەکانی کورد و تورک. لە سەردەمی ئەودا هەرێم و تورکیا چەندین رێکەوتن و لەیەک تێگەیشتن لە نێوانیاندا روویدا. ئەمەش بەهۆی ئەوەی داودئۆغلۆ پێی وابوو کەیسی کورد دەبێت لە ناوخۆی تورکیادا چارەسەر بکرێت بۆئەوەی نەبێت بە کەیسێکی جیهانی، بەو پێیەی پێیوابوو کەیسی کورد ئەگەر ببێت بە کەیسێکی نێودەوڵەتی، ئەوا جوگرافیای ناوچەکە تێکدەچێت. 
   هەموو ئەمانە لە سەردەمی ئەردۆغاندا گۆڕرا. سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان تەواو پێچەوانەی سیاسەت و دیپلۆماسی داودئۆغلۆیە. سیاسەتی ئەردۆغان بە شێوازێکە کە پێیوایە تورکیا دەبێت لە جەنگ و کێشمەکێشەکانی وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا بەشداربێت بە مەبەستی بەهێزبوونی تورکیا و  سوودبینینی تورکیا لە سەرچاوە کانزاییەکانی وڵاتان. 

تورکیا و جەنگی سوریا
ئەردۆغان هەر زوو تێکەڵی جەنگی سوریا بوو، هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل تێکدا. سیاسەتی سەربازیی تورکیا لە سەردەمی ئەردۆغان گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. بە تایبەتی کاتێک خواست زۆر بوو لەسەر درۆنی جەنگیی تورکیا، کە لە شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان ریکلامی بۆ درۆنەکانی کرد و درۆنەکانی تورکیا بە شیوازێکی کاریگەر دەرکەوتن. بە هەمان شێوە لە لیبیا سەربازەکانی تورکیا دەرکەوتن و تورکیا دووچاری گرفت و کیشەی وڵاتێکی دیکەش بۆوە. 
بۆیە سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان بە (دیپلۆماسی پڕ کێشە) ناسرا. تەنانەت لە سەردەمی ئەردۆغاندا دووبارە کێشەکانی نێوان کورد و تورک بە سەختی سەریهەڵدایەوە و هەموو ئەو رێکەوتن و لەیەک تێگەیشتنانە کەڕەتی سفر کرایەوە. 

دووچاربوون بە جەنگ و کێشە
ئەردۆغان بە شیوازێک تورکیای دووچاری جەنگ و کێشە کردۆتەوە کە پەنای بۆ هەموو لایەن و گروپێک بردووە بۆ بەدەستهێنانی مەرامە سیاسییەکانی خۆی. نموونەی ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانە. کە زۆر سەرچاوە باسیان لە پەیوەندیەکانی تورکیا و هەندێ لەو گروپانە کردووە و  تورکیا ئەو گروپە توندر‌ەوانەی وەک قەڵغانێک بەکاردەهێنا بۆ دەستپێشخەریی لەنێو خاکی سوریادا. هەروەها موراد قە‌رە‌یلانی کە‌سی دووە‌می پارتی کرێکارانی کوردستانیش رایگەیاندووە: کە ئەردۆغان داوای لە پەکەکە کردووە ئەگەر هاوکارییان بکات لە رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەددا، ئەوا زۆربەی داواکارییەکانی پەکەکە جێبەجێ دەکات. 

سوپای تورکیا لە ناو خاکی سوریادا

وتارەکانی نوسەر