وردتر

هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان

10:26 - 2023-02-21
لەشکر حەمە ساڵح
267 خوێندراوەتەوە

بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان دەستپێبكاتەوە. چاوەڕوانیش دەكرێت پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانەكە گرنگترین پرس و دۆسێی بەردەمی بێت بۆئەوەی لە ماوەیەكی پێوانەییدا كێشەكانی پەیوەست بەو یاسایە چارەسەر بكرێت و بڕیاری كۆتایی لەبارەی كات و چۆنێتی سازكردنییەوە بدرێت و چیتر دوانەخرێت.
ساڵانێكە لە هەرێمی كوردستاندا هەڵبژاردن بەدەست دوو كێشەی گەورەوە دەناڵێنێت، یەكەمیان ساردبوونەوەی خەڵكە لە بەشداریكردن و دەنگدان، دووەمیشیان دواكەوتوویی و خراپی یاسای هەڵبژاردنەكەیە كە ناتوانێت لە ئاستی داخوازی خەڵك و واقیعی سیاسی هەرێمەكەدا بگونجێت. بۆیە كە دەوترێت پێویستە پەرلەمان گفتوگۆكانی لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەستپێبكاتەوە پێشوەخت روونە كە گرفتەكە لە كوێدا و نەخشەڕێگەكەش روونە كە چۆن چارەسەر دەكرێت، بۆیە ئەگەر نیەتێكی سیاسی هەبێت؛ ئەوا مەسەلەی هەڵبژاردن یەكێكە لەو دۆسێیانەی ئاسانتر چارەسەر دەبێت و پڕۆسەكەش ئەوەندە دواناكەوێت.
لە راستیدا چەند مانگێكە دۆخی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانەوە، جۆرێك لە چەقبەستنی پێوەدیارە، لایەنەكان؛ بەتایبەتی لایەنە سەرەكییەكان لەسەر هەڵوێستی پێشتری خۆیان سوورن، بەڵام وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی دوێنێ دووشەممەدا باسی كرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە رێگەی خودی سەرۆكی یەكێتییەوە دەستپێشخەرییەكی كردووە بۆ ئەوەی دۆخەكە بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێت، ئەركی لایەنەكانە بەدەم ئەو دەستپێشخەرییەوە بێن و ناكۆكییەكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە كۆتایی پێبهێنن، هەرنا لەبەرئەوەی هەڵبژاردن پرسێكی گرنگە و پەیوەستە بە كۆمەڵانی خەڵكەوە، بەرلەوەی پەیوەست بێت بەحزب و لایەنەكانەوە.
دیارە ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لە بارەی هەڵبژاردنەوە دەتوانێت بیكات ئەوەیە كە یاساكە بەجۆرێك هەموار بكاتەوە كە لەگەڵ واقیعی سیاسی و خواستی خەڵكدا بگونجێت، لەبری ئەوەی كۆمەڵانی خەڵك ئەوەندەی تر لە پڕۆسەكە دووربخاتەوە و بێ ئومێدیان بكات لە گۆڕانكاری، بەپێچەوانەوە هاندەر بێت بۆ ئەوەی خەڵك باشتر لە جاران بەشداری لەو پڕۆسەیەدا بكەن، دیارە ئەوەش لە پلەی یەكەمدا پەیوەستە بەڕاستكردنەوەی هەڵە بنچینەییەكانی ناو یاساكە كە بریتین لە چۆنێتی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن و هەروەها دابەشكردنی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان، واتە مسۆگەركردنی دەنگدان و نوێنەرایەتییەكی راستتر و دروستتر كە هاوئاڕاستە بێت لەگەڵ خواستی گشتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بۆ ئەوەی پەرلەمانتارە سەركەوتووەكان، هەروەها حزب و لایەنە براوەكان هەڵبژێردراوی راستەقینەی خەڵك بن دوور لە فێڵ و تەڵە، یان وەك دەوترێت دوور بێت لە ساختەكارییەكی رووپۆشكراو بەیاسا.
ئەگەر پەرلەمانی كوردستان بتوانێت داخوازیی لایەنەكان بەدی بهێنێت و بەتایبەتی دوای دەستپێشخەرییەكی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەنگاو بەرەو چارەسەری كێشەكان بنێت و هەڵە بنچینەییەكان راست بكاتەوە، ئەوا هەڵبژاردن لە كوردستان لە گرفتی چەند ساڵی رابردووی خۆی دەربازی دەبێت كە ئەویش گرفتی بەشدارینەكردنی خەڵك بوو؛ ئەگەر لایەنەكان جددی نەبن و خواستیان نەبێت بۆ رێكەوتن لەسەر راستكردنەوەی هەڵە بنچینەییەكان، ئەوا گومانی خەڵك لە جێگەی خۆیدایە كە هەڵبژاردن لەم وڵاتەدا سوودی نییە كە یاساكە بەو جۆرە دوورا بێت كە پڕ بە بەری لایەنێكی دیاریكراو بێت!

وتارەکانی نوسەر