وەک سەردەمی زێڕینی مام، پشتیوانیی رێکخراوەکان پێویستە

09:59 - 2023-02-22
عومەر قادر
395 خوێندراوەتەوە

پێویستە یەکێتی ئەو راستییە مێژووییە بەهەند وەربگرێ کە مامی گەورە و رابەرمان هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی سەرسەختی سەندیکا و ناوەند و کۆمەڵە و رێکخراوەکان بووە.
روونە یەکێتی هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە وەکو حزبێکی جەماوەریی بەرفراوان ناسێندراوە و خاوەنی رەوتێکی دوور و درێژی تێکۆشانی پیشەیییە، حزبێکی خاوەن خەباتی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریی پێکەوە گرێدراوە، لەبەرئەوە پێویستە یەکێتی ئەمڕۆش ببێتە سابات بۆ گشت رێکخراوەکان لەپێش هەموویانەوە رێکخراوە دیموکراتییەکان، چونکە هەمیشە رێکخراو و سەندیکا دیموکراتییەکان، پاڵپشتێکی بەهێزی مرۆیی و فاکتەری سەرخستنی بەرنامە و ئەجێنداکانی یەکێتی بوون لە سیاسەتە گشتییەکانیدا، بۆ ئەم قۆناغەی ئێستاش هەروەکو سەردەمی شاخ پێویستە رێکخراوە دیموکراتییەکان، رێکخراوی کاریگەر و ئازاد بن و زەرورەتێکی مێژووییە و هاوکات پێویستیشە بە بەرزترین ئاستی هەماهەنگی و سازانی دیموکراسیترین رایەڵی ئۆرگان لەناو هەناوی یەکێتیدا پەیڕەو بکرێت، لە نێوان یەکێتی و رێکخراوە دیموکراتییەکانیشدا ماوە نەدرێت هەوڵی شێواندن و لێکترازانی ئەم پەیوەندییە بدرێت و جووڵە و چالاکییەکانیشیان لەو نێوەندانەدا پەک بخرێت. 
کادرانی یەکێتیش لەجیاتی ئەوەی لەکاری رێکخراوەیی ئامانجدار دوور بخرێنەوە، هان بدرێن بۆ خۆڕێکخستنەوە و جۆشدانەوەیان لەبۆتەی ئەو رێکخراو و سەندیکایانەی دڵخواز و پێویستی قۆناغی بونیادی گەشەی مەعریفین. بۆیە هەڵەیەکی کوشندەیە ئەگەر هەوڵ بدرێ لەبۆتەی ئۆرگانی تردا بتوێنرێنەوە، بەڵکو باشترە کادرانی یەکێتی بەشدار و ئامادەی چالاکییەکان، هاوکات کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینارەکانیان بن. بایەخ و بوونی ئەوان دەبێ بەهەند و لەبەرچاو بگیرێت (ئەمانیش ئاگادار بن لەوە یەکێتی ئەرکی گەورەی گەلەکەمانی لەسەر شانە) و بتوانن دەوری کاریگەرییان هەبێت و خواست و داوای چین و توێژەکانیان مەردانە و چاوکراوانە بگەیەنن و بیگوازنەوە بۆ بڕیار بەدەستانی یەکێتی و دواجاریش پشتیوانیی کارنامەی هەڵێنجراوی یەکێتی بن. ‏ 

پێویستە یەکێتی ئەو راستییە مێژووییە بەهەند وەربگرێ کە مامی گەورە و رابەرمان هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی سەرسەختی سەندیکا و ناوەند و کۆمەڵە و رێکخراوەکان بووە

لەوکاتەدا بە ئاگابوون لە کارەکانی یەکتر، یەکێتی دەکاتە پێشەنگ و رێکخراوە دیموکراتییەکانیش دەتوانن لەم حزبەدا رۆڵی ئەرێنی ببینن و پڕۆژەکانیان پەرەپێبدەن، بەتایبەتیش بۆ ئەم قۆناغە دەوری کارا و کاریگەریان هەبێت، هەر لەم رێگەیەشەوە جارێکی تر یەکێتی پەیوەندی بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە گرێبدات و نوێبکاتەوە. ‏ مادام یەکێتی لە هەناوی کۆمەڵانی خەڵک لەدایک بووە، بۆیە پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک هەمیشە پێویستی بە ئەبدەیت و بەخۆداچوونەوەیە، دەبێ دەرک بەو راستییە بکەین کە رێکخراوەکان باشترین ناوەندی تێکەڵاوکردنەوەی جەماوەرن بە یەکێتییەوە و لە رێگەی چالاکییەکانیان لە گشت ئاستەکاندا دەشێ شادەماری ئەو پەیوەندیانە بن و رایەڵەکانی گەشەی حزب بە کۆمەڵانی خەڵکەوە دەمەزەرد بکەنەوە، پێویستە هۆڵی مەڵبەندەکان شوێنی کۆبوونەوە حزبییەکان و پێشکەشکردن و گفتوگۆی پڕۆژە و پێشنیاز و بابەتە فکرییەکان و رووداوەکانی رۆژ بێ و خەمی رێکخراوەکانیشی تێدا شەن و کەو بکرێ. بەتایبەتی کە ئەمڕۆ یەکێتی ناڕازییە به رەفتاری نابەجێی هەندێ لایەنی سیاسی و وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان لەمەیدانەکەدا کارایە، بێگومان لە داهاتوودا دەتوانێ بەسەر کێشە و گرفتەکانیدا سەرکەوێت و پارێزگاری لە دەسکەوت ومافەکانی خەڵک بکـات.

وتارەکانی نوسەر