دروستکردنی یەکەکانی کرێنشینان دەنگی نەما

09:14 - 2023-02-23
وتار
171 خوێندراوەتەوە

ئیلیان بەرزان

لە شارەکان بەردەوام کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی نوێ دروست دەکرێت بە کوالێتی بەرز و دیزاینی مۆدێرن، بەڵام لەبەر گرانی نرخ و قیستەکان بەشێکی کەمی هاووڵاتیان دەتوانن لێی سوودمەند ببن، بەشە زۆرەکەی هاووڵاتیان کە کرێچین توانای کڕینیان نییە.
بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون و قوتاربوونی کرێنشینان لە نەبوونی خانوو، لە ماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکان بۆ کرێنشینان دروست بکات بە قیستی درێژخایەن.
بڕیارەکە لە ساڵی رابردوو دەرچوو تائێستا هەنگاوی کرداری نەنراوە بۆ دەستکردن بە دروستکردنی یەکەکان و هاووڵاتیانی کرێنشین لە چاوەڕوانیدان.
جگە لە خێرا دەستکردن بە رێکارەکانی دروستکردنی یەکەکان و زوو تەواوکردن و دابەشکردنیان بەسەر کرێنشیناندا بۆ ئەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی رزگاریان ببێت  لە کرێدانی مانگانە و ببنە خاوەنی یەکەی خۆیان پێویستە لەسەر حکومەت تەنسیقی تەواو لەگەڵ رێكخراوەکانی تایبەت بە کرێنشینان بکات بۆ ئەوەی ئەو یەکانە بدرێتە کەسانی شایستە. 
هەروەها لە رێگەی تیمی تایبەتەوە چاودێری تەواوی ئەو کەسانە بکرێت کە یەکەکانیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی %100 شایەن بن و بدرێت بە کەسانێک کە پێشتر قازانجێکیان لە هیچ ئۆفەرێکی حکومەت نەکردبێت
ئەمە لەکاتێکدایە چەندین ساڵە ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هەمان مەبەست دروستکراون، بەڵام  لایەنی بەرپرس خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆیان بۆ ناگەیەنێت بەو هۆیەوە دابەش نەکراون.
 بەشێکی یەکەکان بەهۆی ئەو کەمتەرخەمییەوە تێکچوون دەرگا و پەنجەرەکانیان شکاون و دەرهێنراون، یاخود دیوارەکانیان رووخاون و دیزاینەکانیان تێکچووە کە ژمارەیان 11 هەزار یەکەی نیشتەجێ بوونە.
ئەگەر وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەست بە تەواوکردنی خزمەتگوزارییەکان ئەو یەکانە بکات و دابەشی بکات بەسەر کرێنشیناندا ئەوا ژمارەی کرێنشینان کەمدەبێتەوە.
بەپێی ئامارێکی دەستەی ئامار لە هەرێمی کوردستان 200 هەزار خێزانی کرێچی هەن و رۆژانەش ئامارەکە روو لە هەڵکشانە.

وتارەکانی نوسەر